چوارشەممه - 8ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

2

محەممەد عارف

محەممەد عارف ساڵی 1937 لە شارۆچکەی رەواندز له‌ باشووری‌ كوردستان لەدایک بووە.

هونەرمەندێکی وێنەکێشی کورد بوو.

لە ساڵی 1956 بروانامەی دبڵۆم لە هونەری شێوەکاری لە پەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا وەرگرتووە. پاشان دەچێتە وڵاتی رووسیا بۆ پەرەپێدان بە خوێندن لە بواری شێوەکاری و بڕوانامەی ماستەری‌ لە ساڵی 1967 لە زانکۆی سوریکۆڤی مۆسکۆ وەرگرت.

لە 2004 دامەزرێنەر و راگری کۆلێژی هونەرە جوانەکانی زانکۆی سەلاحەدین هەولێر بووە کە خۆی لە چوار بەش دەگرێتەوە موزیک، شێوەکاری، شانۆ، سینەما.

محەممەد عارف بروانامەی دکتۆرا لە فەلسەفەی هونەری‌ بەدەست هێناو مامۆستای هونەری وێنەکێشان بووە لە بەغدا و سعوودیە و بابل و زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر.

نووسەر و وەرگێری چەندین کتێبی بواری شێوەکاری بووە لە زمانی رووسیەوە بۆ زمانی کوردی.

دوایین کتێبی گرافیکەکانی کوردستانه‌ کە لە دوای کۆچکردنی چاپکراوە.

شێوازی کاری وێنەکێشی محەممەد عارف خۆی لە ڕیالیزمی رۆمانتیکی سیمبولیزمی ئێکسپریسیۆنیزمی چڕ کردبوو، کە ئەویش دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتای خوێندنی لە مۆسکۆ کە ئەوکات لە وڵاتەکانی یەکێتی سۆڤێت ئەم شێوازە باو بووە.

بەڵام محەممەد عارف توانی ئەم شێوازە بۆ خزمەت کردنی هونەری کوردی دابرێژێت ئەویش بە وێنەکێشانی چەندین تابلۆ لە سەر پرسی کورد و کەسایەتییە کوردییەکان. وەک سەلاحەدینی ئەییووبی و مەمم و زین و شیرین و فەرهاد و دوانزە سوارەی مەریوان و قەڵای دم دم و لە چاوەروانی شەودا و ئاشتی بۆ کوردستان و چەندانی دیكه‌.

محەممەد عارف لە ساڵی‌ 2009 لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌