کۆی دەنگەکان
71
عومەری خاوەر
عومەر حەمەساڵح ناسراو به عومەری خاوەر ساڵی 1934 لە شارۆچكەی باوەنوور له باشووری كوردستان لەدایكبووە.
بنەماڵەكەی بەئەسڵ خەڵكی ناوچەی گەرمیان بوون لە شارۆچكەی باوەنوور بهڵام دواتر رۆشتوون بەرەو هەڵەبجەو لەوێ گیرسانەوە. عومەر لەنێو براكانیدا تەنیا ئەو بەناوی دایكیەوە ناوی براوە.
لەژیانیدا دوو جار ژیانی هاوبهشی پێك هێناوه.
نەریتی ئەوكاتی كوردەواریی وابووە زۆرتر كەیفخۆش بوون بەمنداڵی كوڕ، عومەری خاوەر لەوەدا شانسی نابێ، تا نزیكەی كۆتایی تەمەنی هەشت كچی بووە. دوای ئەو هەشت كچە عومەرو سامیە دەبنە دایك و باوكی كوڕێكو لەخۆشیاندا ناوی دەنێن حەمەشوان. سێ ساڵ حەمەشوان كوڕیان دەبێ بەنەخۆشیەك ژیان لەدەست دەدا.
ساڵێك دوای مردنی حەمەشوان، سامیەی ژنی بەسكێ دوو كوڕی دەبێ. عومەر ناویان دەنێ ئەحمەدو محەمەدو تا ئێستا روون نیە عومەرێك كەهێندە هۆگری ناوی كوردی بووە، چۆنە كوڕەكانی بەكوردیی ناونەناون، بەڵام ناوی كچەكانی هەموویان بەكوردین.
عومەری خاوەر ئاشناو پیاوێكی گونجاو بوو لەگەڵ دەوروبەرەكەی، دڵتەڕو شیكپۆش بووە هەمیشە.
لەساڵانی گەنجێتیو كامڵبوونی تەمەنیدا عومەر لەشارەكەدا ناوێكی بەرچاو بووە ئەكتەرێكی باشی شانۆ، هەڵپەڕكێ زانێكی بەسەلیقەو خۆشڕوو، پیاوێكی كۆمەڵایەتیو گونجاو.
لەبارەی بەشداریی سیاسی لەخەباتی كوردایەتیدا، دەوترێت عومەر هیچ كاتێ پێشمەرگایەتیی نەكردووه، بەڵام ئەندامی ئەوكاتی پارتی دیموكراتی كوردستان بووە تا ساڵی 1974.
ئەوكاتەی شارەكەی بۆمب باران كرا عومەری خاوەر بەیانیان كاری نانەوایی كردووە دوا نیوەڕوان پاسەوانی باخچەی ساوایانی هەڵەبجە بووە.
20 دەقیقە پێشی ئەوەی یەكەم ناپاڵم بكەوێتە خوارەوە بەسەر هەڵەبجەدا عومەری خاوەر گوێی بۆ هەواڵ هەڵخستبوو لەڕێی رادیۆیەكی بچووكەوە، كەچی دوای نیوسەعات مردنی خۆی و منداڵەكەی بوونە گرینگترین وێنە بۆ ئەوەی دنیا بزانێ چی روویداوە لەشارەكەی. لەبەر ئەوەی دوو كۆرپەكەی دوانەن تا ئێستا روون نیە ئەو منداڵەی لەباوەشیدا پێكەوە مردوون ئەحمەدە یان محەمەد.
من نەڕۆیشتم… بەڕاستی مامە گیان وتم با ئەگەر مردین گشتمان پێكەوە بمرین. ئهمه دواین قسەی عومەری خاوەر بووه لەگەڵ برازایەكی خۆی لە پێشنیوەڕۆی 16/3/1988 رۆژە شوومەكەی هەڵەبجە.
تازە رێكەوت وابوو، لەنێو هەزاران قوربانی هەڵەبجە، رەسمی عومەری خاوەرو كۆرپەكەی بوونە رەمزی كۆمەڵكوژكردنی شارەكە.