کۆی دەنگەکان
2
رەفیقی وێنەگر
رەفیق مەحموود محەمەد كە بەرەفیقی وێنەگر ناسراوە، ساڵی 1932 لە شاری سلێمانی چاوی بۆ ژیان هەڵهێناوە.
رەفیقی وێنەگر كەسایەتییەكی دیاریی كلتووریو هونەریی كوردستانە.
ئەو لەئامێزی خێزانێكی خوێندەوارو نیشتمانپەروەردا پەروەردە بوو. هەر لەمناڵییەوە بەهۆی مەحموود ئەفەنی رەسامی باوكییەوە، بە كامێراو فۆتۆ ئاشنا بوو.
رەفیق سەرەتای ژیانی منداڵی دەخرێتە حوجرەو لەوێ قورئان و دەرسە ئاینیەكانی دیكە دەخوێنێ، دواتر دەچێتە مەكتەبی رەسمیو لەقوتابخانەی فەیسەڵییە درێژە بەخوێندن دەدات.
بەهۆی ئەوەی محەمەد قودسی برای لەگەڵ سێ ئەفسەری دیكەدا بەشداری كۆماری كوردستان لە مەهاباد دەكەنو دوای روخانی كۆمار دەگەڕێنەوە عیراق،لە 19ی حوزیرانی 1947 لەلایەن رژێمی پاشایەتییەوە لەسێدارە دەدرێن، ئیدی رەفیق دەرفەتی خوێندنی لەدەست دەچێو خۆی بۆ كاری فۆتۆگرافەری تەرخان دەكات.
ساڵی 1954 دەگەڕێتەوە شاری سلێمانیو لە نزیك سەرا ستۆدیۆیەكی بەناوی خۆیەوە داناو بەكاری فۆتۆگرافییەوە سەرقاڵ دەبێو ئەرشیفی وێنەیی باوكی دەوڵەمەندتر دەكات.
ساڵی 1962 پەیوەندی بەشۆڕشی ئەیلولەوە دەكاتو دەبێ بە پێشمەرگە، لەژیانی پێشمەرگایەتیش بایەخ بەهونەری وێنەگرتن دەداتو چەندین وێنەو ڤیدیۆی جوانو ناوازەی پێشمەرگەو ناوچە ئازادكراوەكانی شۆڕشدا دەگرێت.
دوای پێشمەرگایەتیو هاتنەوەی بۆ ناوشاری سلێمانی لەسەر كاری فۆتۆگرافەری بەردەوام دەبێ.
نزیكەی نیو ملیۆن وێنەی جیاجیای سەرانسەری كوردستانی گەورەی هەیەو نزیكەی 34 هەزار جامی وێنەی نەشۆراوەی هەیە.
رەفیق 88 ساڵ ژیا، سەرباری تەمەنو ماندوو بوونی زۆر، کۆڵی نەداو لەم ساڵانەی دواییدا بەشێكی وێنەكانی لە گەلەرییەكەی نمایش كردبوو ، کەمێژوومان بۆ دەگێڕنەوە.
ساڵی 2020 بۆ دواجار چاوە گەشەکانی لێکناو بە سەیوان سپێردراو چووە ریزی نەمرانی نیشتمانەوە.