چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

خالید سەعید

خالید سەعید له ساڵی‌ 1927 لە سلێمانی‌ لەدایك بووە.

هونەرمەندێكی‌ نیگاركێشی‌ بەناوبانگی‌ كوردستانە.

خالید سەعید هەر لەمنداڵییەوە بەهرەی هونەری وێنەکێشانی تیا دەرکەوتووە و بۆ فێربوونی ئەو هونەرە بەشێوەیەکی زانستی بووە بەخوێندکار لەپەیمانگای شێوەکاری لەبەغدا.

ساڵی 1953 بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە بۆ ماوەی ساڵێک لەگەڵ چەند خوێندکارێکی هاوڕێی دا لەو پەیمانگایە فەسڵ کراوە.

لە 1956 خوێندنی لەپەیمانگای هونەرە جوانەکانی بەغدا تەواوکردوو لە 1963 بەشی شانۆیی لە ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی رۆما تەواوکرد. وەک مامۆستای هونەریش لە خوێندنگاکانی سلێمانیدا چەند ساڵێک خزمەتی کردووە و دیکۆری چەندین شانۆگەری جێبەجێ کردووە. دوای تەواوکردنی خوێندنی دیکۆر لە رۆمادا، لەتەلەفزیۆنی بەغدا بەناونیشانی دیکۆریست دامەزرا پاشان ماوەی ساڵێک لەئەڵمانیای خۆرهەڵات دیکۆری تەلەفزیۆنی خوێند.

کۆتایی پەنجاکان بەشداری کردووە لەدامەزراندنی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی کورد- سلێمانی و یەکەم کەس بووە پیشانگای هونەری شێوەکاری لەهەولێر لە 1950 نمایش کردووە.

خالید سەعیدی هونەرمەند سەبارەت بەهونەری دیکۆرکێشان دید و بۆچوونێکی تایبەتی هەبووە، لەبواری هونەری وێنەکێشانیشدا بە یەکەمین هونەرمەندی کورد ئەژمێردرێت کە پردێکی لەنێوان هونەری شێوەکاری ئەوروپا و کورد دروست کرد بێت و ئەم هونەرە گرنگەی لەخۆرسکی و واقعییەتی فۆتۆگرافی رزگار کرد.

ئەم هونەرمەندە کە لە نێوەندە هونەرییەکانی ئیتاڵیادا ناوبانگێکی گەورەی هەبوو، جگە لەزمانی کوردی، فارسی و عەرەبی و ئینگلیزی و ئەڵمانی و ئیتاڵیشی بەچاکی زانیوە.

خالید سەعید لە ساڵی 1994دا کۆچی دوایی کرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌