سێشەممه - 28ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

67

خولە پیزە

خولە پیزە ناوی تەواوی مەحمودی حەمەومینە رەشە، لە گوندی چەمیاڵە لە ناوچەی شارباژێڕ له باشووری‌ كوردستان لە دایکبووە.

ژیانی خێزانی حەمەومینە رەش و پیرۆزی هاوسەری، وەکو زۆربەی کۆمەڵگەی ئەو کاتی کودەواریی، خێزانێکی هەژار و نەخوێندەواربوون. حەمەومین و پیرۆز چوار کوڕ و کچێکیان هەبووە. بەڵام کوڕەکانی بە پاشگری ناوی پیرۆزی دایکیان کە کورتکراوەتەوە بۆ " پیزە" بانگ کراون.

بە درێژایی یاخیبوون و هەڵگەڕانەوەی دژی حکوومەت، خولە پیزە زۆربەی شەڕ و رووبەڕوو بوونەوەکانی لەگەڵ پۆلیسدا بووە. هەرچەندە ئامارێکی ورد و باوەڕپێکراو لەمبارەیەوە نییە، بەڵام دەوترێ 130 پۆلیس و بەکرێگیراوی حکوومەت بە دەستی خولە پیزە و هاوڕێکانی کوژراون لەگەڵ چەندین دادوەر و کاربەدەستی دیکەی حکوومی.

خولە پیزە بێجگە لە تایەر و رەحیمی برای، دەوترێ هەمیشە 10 بۆ 15 چەکداری تری لەگەڵدا بووەو شوێنی چالاکی و رووبەڕوو بوونەوەکانی، لە ناوچەی سەخت و شاخاوی شارباژێڕ بووەو بە ناوچەکانی پێنجوێن، بانە، هەڵەبجە و هەورامانیشدا گەڕاوە.

رۆژێک لە پێنجوێنەوە مەفرەزەیەکی پۆلیس دەچن تا خولە پیزە دەستگیری بکەن یان بیکوژن. بەیانی زوو پۆلیسەکان دەچنە ئەو گوندەی ئیخباری کراوە، تۆزێک لە دووری ئاواییەکە پۆلیسەکان خۆیان مەڵاسداوە تا خولە پیزە بکەوێتە داوەکەیانەوە. زۆر نابا خولە پیزە بێ ئاگا لە پۆلیسەکان بە بەردەمیاندا رەت دەبێ.

بەپرسی مەفرەزەکە بە سرتە بە پۆلیسەکان دەڵێ: کەس تەقەی لێ نەکات نەکا پێوەبێ. دواتر پۆلیسەکان بە سەرسوڕمانەوە دەڵێن ئەی ئێمە بۆچی هاتووین؟ بەرپرسەکەیان دەڵێ ئەگەر ئێمە خولە پیزە بکوژن، حکوومەتی عێراق شەرەفی هەموومان دەشکێنێ و حساب بۆ کورد ناکات.

نزیکی نیوەڕۆ کاتێ پۆلیسەکان دەگەڕێنەوە بەرەو پێنجوێن، بە بەردەمی خولە پیزەدا تێدەپەڕن بەڵام تەقەیان لێناکات، دواتر جواب دەنێرێ بۆ بەرپرسەکەیان دەڵێ بۆیە نەمکوشتن وتم ئەگەر ئێستا ئەم پۆلیسە کوردانە لەناو ببەم، حکوومەت پۆلیسی عەرەب دەهێنێتە سەرم!

خولە پیزە ساڵی 1942 له‌ كاتێكدا لە دامودەزگاکانی حکوومەت یاخیبووە كه‌ کورد لە باشووری کوردستان هیچ جوڵانەوەیەکی چەکداریی یان حیزبێکی نەماوە بە ئاشکرا خەبات بکات. بۆیە خولە پیزە و هاوڕێکانی ناتوانن یاخیبوون وجوڵانەوەکەیان ببەستنەوە بە فیکرێک یان بیروباوەڕێکەوە.

حکوومەتی ئەو کاتی عێراق کە زۆر داخ لە دڵە بۆ خولە پیزە، نازناوی چەتە و دزی دەداتە پاڵ. لەناو خەڵک و میدیاکانی بەردەستیدا هەموو هەوڵێک دەدا تا خولە پیزە بە " پیاوکوژ و دز و جەردە" بناسێنێ.

بەڵام پێچەوانەی ویستی حکوومەت، چیرۆکەکانی خولە پیزە لەناو خەڵکدا چیرۆکی پیاوێکن کە دژی ستەم و زۆرداری حکوومەت و پۆلیس وەستاوەتەوە. چونکە لەو کاتەدا تەنیا خولە پیزە و هاوڕێکانی بوون کە بە چەک ناڕەزایی خۆیان بە حکوومەتی سەردەستەی بەغدا دەگەیاند.

وەکوو ئەوانەی باسیان دەکرد و لە نزیکەوە دەیانناسی، ئەو پیاوە مرۆڤێکی هێمن و لەسەرخۆ بوو.

چیرۆکی خولە پیزەی کورد کە لە یاخیبوون و چەتەگەرییدا هاوشێوەی رۆبن هوودە ئەفسانە نییە. بەڵکو خولە پیزە لە دەوڵەتی سەردەستە وەر دەگرێ و دەیبەخشێتە خەڵکی ستەملێکراو.

خولە پیزە لەڕێی رێگریکردن لە کاربەدەست و فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەڵکوتانە سەر مەخفەر و بنکەی پۆلیس پارە و خۆراک و شتی تری دەسکەوتوون. دەوترێ بەشی زۆری داهاتی خولە پیزە و هاوڕێکانی دابەش دەکرا بەسەر هەژاراندا.

خولە هیچ کەسێکی هەژاری رووت نەدەکردەوە. زۆرجار ئەو پارەیەی لە دەوڵەتی دەسدەکەوت دەیبەخشی بە هەژاران، هەر ئەمەش ناوێکی باشی لەناو خەڵکدا بۆ پەیدا کردبوو.

خولە پیزە لەبەر ئەوەی خوێندەواریی نەبوو، هەروەها فیکر و ئایدۆلۆژییەکی نەبوو تا بیداتە پشت یاخیبوونەکەیەوە، بازنەی جوڵانەوەکەی هەر بە تەسکی مایەوە و هەرگیز نەبووە جوڵانەوەیەکی نیشتمانیی یان نەتەوەیی، بەڵام ناوەڕۆکی یاخیبوونەکەی لە دژی ستەم و زۆرداری حکوومەتی ئەو کاتی عێراق بووە. ئەو کاتە تەنیا خولە پیزە لە باشووری کوردستان و سلێمانی بە تایبەت بە ئاشکرا دژی ئەو ستەمانە وەستایەوە و دایە چیا.

ئەو کاتەی خولە پیزە یاخی بوو بوو، شێخ مەحمودی حەفید بە دەسبەسەری لە بەغدا دەژیا،جوڵانەوە سیاسیی و چەکدارییەکەی کورد لە باشوور بە تەواوی دامرکابوویەوە. بۆیە خولە پیزە بێ پشتوپەنای سیاسی بوو. بەڵام لەژێرەوە شێخ لەتیفی کوڕی شێخ مەحموود و حەپسەخانی نەقیب، یارمەتیان دەدا و لەگەڵیدا کۆدەبوونەوە.

حەپسەخانی نەقیب هەوڵیداوە کە لە نێوان حکوومەت و خولە پیزەدا ناوبژی بکات و تایەر و رەحیمی برای خولە پیزە دەچنە سلێمانی، بەڵام لەبەر نەبوونی متمانە بە حکوومەت حەپسەخان براکانی خولە پیزە دەنێرێتەوە بۆ شاخ و دەڵێ: نەکا حکوومەت داوتان بۆ بنێتەوە بۆیە بگەڕێنەوە و لێرە مەمێنن.

دەوترێ چەندین کەسی بەکرێگیراو ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە خولە پیزە بگرن یان بیکوژن، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون لەو کارەدا. دواجار خولە پیزە کەوتە داوی کەسێکی بەکرێگیراو کە خۆی وەکو هاوڕێ و شوێنکەوتوو خۆی لێ نزیک کردبووەوە و لە چیای کەتوو لە ناوچەی شارباژێڕ لە خەودا کوشتی و بە کوشتنی خولە پیزە جوڵانەوەکە کۆتایی پێهات.

کوڕە یاخییەکانی پیزە و حەمەومینە رەش تایەر، خولە، رەحیم یەک بە دوای یەکدا کوژران و کۆتایی بەو چیرۆکە هات کە ساڵانێکی زۆر بوو بوونە ئەفسانەی گوێ ئاگردانی کورد لە بەشێکی رۆژهەڵات و باشووری کوردستان.

خولە پیزە دوایین چەتەی خۆشەویستی کورد بوو کە ئیتر کەس نەیتوانی جێی بگرێتەوەو بۆ هەمیشە لە لاپەڕە فەرامۆشکراوەکانی یاخیبوون و شۆڕشە ناوچەیی و نەناسراوەکانی کورددا دەمێنێتەوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌