هەینی - 30ی سەرماوەزی 2724

کۆی دەنگەکان

12

زەهرا یاموڵكی

زەهرا یاموڵكی ساڵی 1892 لەشاری سەڵماسی رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان لەدایك بووە، چونكە ئەوكات مستەفا پاشای باوكی، سەركونسڵی عوسمانی بووە لەو شارە.

زەهرا یاموڵكی ژنێكی ناوداری كوردستانەو لەرێی خوێندن‌و فێربوونەوە خزمەتێكی زۆری بەخوێندكارانی كچی سەردەمی خۆی كردووە، وەك ژنێكی رووناكبیر‌و پێشەنگ لەكۆتایی ساڵانی بیستەكانی سەدەی رابردوو، رۆڵی دیاری لەكایەی خوێندن‌و پەروەردە لەشاری سلێمانی سەدان كچ لەرێی قوتابخانەكەی ئەوەوە فێری خوێندن‌و نووسین بوون‌و مەكتەبیان تەواو كرد.

زەهرا كچی مستەفا پاشا یاموڵكی كەسایەتیی نیشتمانی‌و روناكبیر‌و وەزیری پەروەردەی حكومەتەكەی شێخ مەحمودە.

زەهرا لەگەڵ باوكی گەڕاوەتەوە شاری سلێمانی، ئافرەتێكی جوان‌و شۆخ‌و شەنگ بووە، زۆربەی شاعیرانی ئەو سەردەمە پێی سەرسام بوون.

زەهرا وەك مامۆستا خزمەتی بەمناڵانی كوردستان كردووە‌و لەبەر زیرەكی‌و لێهاتوویی قوتابخانەیەكی كچان بەناوی ئەوەوە ناونراوە، بەناوی قوتابخانەی زەهرای كچانی سلێمانی.

ساڵی 1929 بووە بەبەڕێوەبەری ئەو قوتابخانەیە‌و رۆژنامەی ژیان لە ژمارە 205ی رۆژی 17ی تشیرینی یەكەمی 1929، هەواڵی بوون بەبەرێوەبەری زەهرای بڵاو كردۆتەوە.

زەهرا ئەو ماوەیەی بەرێوەبەر بووە خزمەتێكی زۆری بەرەوتی خوێندن كردووە‌و بایەخی بەبوارەكانی ئەدەب‌و هونەری شانۆ داوە‌و كچانی لەو سەردەمەدا بردۆتە سەر تەختەی شانۆ.

لەساڵی 1930 خوێندنی شەوانی بۆ ژنانی نەخوێندەوار لە قوتابخانەكەی كردۆتەوە، چەندین ژنی فێری خوێندەواری كردووە. ئەو بابەتە بۆتە جێگەی سەرنجی رۆژنامەی ژیان‌و هەوڵێكی لەسەر بڵاو كردۆتەوە.

پاش خزمەتێكی زۆر بە بوارەكانی خوێندن‌و پەروەردە، ساڵی 1972 لەشاری بەغداد كۆچی دوایی كرد‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌