پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

ئەحمەد ھەردی

ئەحمەدی حەسەن عەزیز مەعرەف ناسراو به ئەحمەد ھەردی لە ساڵى 1922 لە شارى سلێمانى لە دایکبووە.

 شاعیر و نووسەرێکى بە ناوبانگی کوردە.

 بەشێکى زۆربەی تەمەنی بۆ خزمەتی بواری ئەدەب و شێعری کوردی تەرخان کردووە، ‌لە بواری شێعری کلاسیک و غەزەڵدا خاوەن ڕێچکەیەکی تایبەتە و هەڵگری ڕوانگەی جوانناسییه‌.

 زانیارییەکی زۆری لە بواری شێعری کلاسیکی کوردی، فارسی و عەرەبیدا ھەبووه‌ و کاریگەرییەکی زۆری لە سەر شیعری نوێی کوردی ھەبووە.

 ساڵی 1941بووە بە مامۆستا لە قوتابخانە سەرەتاییەکاندا لە شارى سلێمانى

 لە کۆتایی چلەکاندا لە کار دەرکراوە و له‌ به‌غدا چەند جارێک تووشی زیندان و دوورخستنەوە بووە.

 یەکەمین کۆمەڵە شێعری بەناوى رازى تەنیایى لە ساڵی 1957 بڵاوبۆتەوەو لەوکاتەوە چەندین جار دووبارە لە چاپدراوەتەوە.

 لە ساڵی 1959لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێی تردا کۆمەڵەى ئازادى ژیانەوەى یەکێتى کورد کاژیک دادەمەزرێن و ھەر خۆیشی بووە بە بەرپرسی یەکەمی کۆمەڵەکە.

 بۆ ماوەیەک ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ناوەندی یەکێتیى نووسەرانی کورد بووە هەروەها بۆ ماوەیەکیش سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتى نووسەرانى کورد بووە.

 ساڵی 1963پەیوەندیی کردووە بەشۆڕشی کوردستانەوە.

 ساڵی 1966لەسەردەشت لەلایەن دەزگاى هەوڵگرى ئێران ساواک دەستگیر کراوە، لەگەڵ ئازادبوونشیدا گەڕاوەتەوە بۆ باشوورى کوردستان.

 لە بزۆتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا بەشدار بووە.

 دواى بەستنى پەیمانی جەزائیر چووەتە ئێران.

 ساڵانی 1973 تا 1974لەکۆلیجی ئادابی زانکۆى سلێمانى مامۆستاى وانەبێژ بووە ، بۆ ماوەیەکیش لە زانکۆی سەلاحەدین وەکوو مامۆستا وانه‌ی وتووه‌ته‌وه.

 ساڵی 1974دیسانەوە پەیوەندیی کردۆتەوە بە شۆڕش.

 دواى ھەرەسھێنانی شۆڕشى ئەیلوول، ئاوارى ئێران بووە تاکو ساڵی 1979.

 ساڵی 1979گەڕاوەتەوە بۆ شارى سلێمانی.

 لەساڵی 1988 پەیوەندی کردۆتەوە بە شۆڕشی کوردستانەوە، بۆ ماوەیەک بووە بە سکرتێری گشتیی پارتى سۆسیالیستى کورد پاسۆک.

 ساڵی 1989 وازی لە پاسۆک ھێناوە، وەکو کەسایەتییەکی سەربەخۆ لەڕیزی شۆڕشدا ماوەتەوە تا راپەڕینى بەهارى 1991.

 ساڵی 1992چووەتە تاراوگە و لە شارى لەندەن نیشتەجێ بووە، ھەر لەوێش لێکۆڵینەوەکەی لەسەر کێشی عەرووز لە شێعری کوردیدا تەواو کردووە.

 ساڵی 2004 لێکۆڵینەوە عەرووزییەکەی بەچاپ گەیاندووە.

 بەھۆی ژیانی ئاوارەیی بەشێک لە لێکۆڵینەوە و دەقی ئەدەبی و ھونەرییەکانى فەوتاون و به‌ چاپ نه‌گه‌یشتووه‌.

 دواى ڕووخانی رژێمی بەعس گەڕاوەتەوە بۆ هه‌رێمی کوردستان.

 زمانەکانى کوردی، فارسی، عەرەبی و ئینگلیزى زانیووە.

 بەشێکى زۆرى شیعرەکانى کراون بە گۆرانى.

 لە ساڵی 2006 لە ماڵەکەی خۆی لە سلێمانی کۆچی دوایی کردووە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌