پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

8

ئەحمەد موختار جاف

ئەحمەد کوڕی وەسمان پاشای گەورەی جافە، ساڵی 1898 لە ھەڵەبجە لەدایکبووە. ئەحمەد موختار بەگ بە لێکدانەوەی ئەبجەدی دەکاتە 1316ی کۆچی کەبریتییە لە مێژووی لەدایکبوونی و بۆیە ئەو ناوە نراوە.

ھەرچەندە دەرچووی قوتابخانەو خوێندنگا باڵاکان نەبووە، بەڵام مرۆڤێکی زیرەک و وردبین بووە. بێجگەلەزمانی کوردی، فارسی و تورکی و عەرەبی و کەمێکیش ئینگلیزی زانیوە. تەنانەت بەزمانی فارسی چەند ھەوڵێکی شیعریی ھەیە، خۆی. ئەم شاعیرە بەتوانایە لە ھەموو بوارەکاندا شیعری وتووە و ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی لەریزی پێشەوەی ھەڵبەستە نیشتمانییەکانی سەرەتای سەدەی ڕابردوو دادەنرێن.

ئەو ھەستیارە پایەبەرزە بەھۆی فێربوونی ئەو زمانانەوە دەروازەی ھەموو جۆرە ھونەرێکی وێژەیی بە جارێکی لەسەر کرایەوە. ئەحمەد موختار بەگ لاوێکی جوانچاک و سووروسپی و مووزەرد و چاوشین و شۆخ و شەنگ و رووخۆش و دەم بە پێکەنین و باڵابەرز و تەڕپۆش و دڵتەڕبووە، ھەروەکو لە مەیدانی ئازایەتی و ھۆشیاری و زرنگی و سوارچاکی و راوسەیران و نیشانەئەنگاوتندا پاڵەوانێکی ناسراوبووە لە کۆڕی جوامێری و یاریکاری و دەستی ھەژاران گرتن و دڵنەرمی و بەزەیی و نان بدەیەتی و خێرەمەندی و جوامێریش دا بێ ھاوتابووە.

ئەحمەد موختار بەگ لەبەرئەوەی لەبنەماڵەیەکی دەسەڵاتدار و بەناوبانگی جافە، تێکەڵی ڕامیاری و کاروباری دەوڵەتیش بووە. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە کەسایەتییەکی خۆشەویست و خێرەومەند بووە. لە تەمەنی 20 ساڵیدا ھاوسەری بۆخۆی خوازتوە و لە 1922دا بووە بە قائیمقامی ھەڵەبجە، لە 1924دا کرا بە نوێنەر و لە کۆڕی دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی و لە مەجلسی نوێنەراندا تا ساڵی 1935.

لە ساڵی‌ 1935 و لە تەمەنی 38 ساڵیدا کە لەسەر چۆمی سیروان بە کەڵەکی دەپەڕیەوە لە لایەن چەند ناپاکێکی دڵ و دەروون رەقەوە کوژرا، و تەرمەکەی لە تەنیشت گۆڕی تاھیر بەگی لەگوندی عەبابەیلێی نزیکی ھەڵەبجە بە خاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌