چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

عەلائەدین سەجادی

عەلائەدین نەجمەدین عیسام، ناسراو بە عەلائەدین سەجادی. بە رەوایەتێک لەشاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە. بەڵام بەپێی رەگەزنامەکەی و هەروەها ئەوەی کە بۆنداڵەکانی باسیکردووە. لە گوندی باراو سەر بە قەزای شارباژێری پارێزگای سلێمانی لەساڵی 1907ی زایینی هاتووە دونیا.

لەساڵی 1928 ھاتوەتە شاری سلێمانی. لەساڵی 1938 لای مامۆستا شێخ بابە عەلی تەکیەیی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، دواتر ساڵی1939 ئۆغری بەغدا دەبێت.

سەجادی، لە ساڵی 1957 ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوە.

مامۆستا عەلائەدین، دەبێتە پێشنوێژی مزگەوتی نەعیمە خاتون لەگەرەکی مەیدان لەشاری بەغدا؛ پاشان دەستیکردوە بەکاری رۆژنامەوانی، لەساڵی 1941 دەبێتە بەڕێوەبەری نوسینی

گۆڤاری گەلاوێژ بە هاوکاریی برایم ئەحمەد، کە خاوەن ئیمتیازی گۆڤارەکە بووە. قەڵەمە پڕخێرەکانی کوردەوارییان لەسەردەمی غوربەتی نەتەوەییدا لەدەوری تریفەی گەلاوێژ کۆکردەوە.

لەساڵی 1948 سەجادی گۆڤاری نزار دەردەکات، کە گۆڤارێکی سیاسی ـ ئەدەبی بوو. نزار بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی چاپدەکرا و ماوەی ساڵێک بەردەوام بوو.

لە ساڵانی 1970 دەبێتە ئەندامی کۆڕی زانیاری کورد لە بەغدا. پاش شۆڕشی 14ی تەمموز، تاوەکو ساڵی 1974 مامۆستای‌ ئەدەب و مێژووی‌ ئەدەبی کوردی بووە، لەکۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا.

بە نابەدڵی و سەرەڕای ئەوەی کە حەزی لێنابێت لەساڵی 1974دا دەکرێتە ئەمینداری‌ گشتی ئەوقاف و 3 ساڵ لەو پۆستەدا دەمێنێتەوە. لە ساڵی 1977 خانەنشین دەبێت.

بەرهەمەکانی زۆربەی‌ زۆریان دەربارەی‌ ئەدەبی کوردین، هەندێکیشیان لەخانەی‌ کەلەپوورو فۆلکلۆردا دادەنرێن.

لەماوەی‌ سی و یەک ساڵدا بیست و یەک کتێبی بەقەبارەی‌ نزیکەی 5 هەزار لاپەڕە چاپکردووە.

بەرگی نۆیەمی رشتەی مرواری هەتاوەکو ئێستا چاپنەکراوە، لەگەڵ بیرەوەری‌ تایبەتی ڕۆژانەی خۆی کە ئەویش هێشتا چاپنەکراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌