شەممه - 1ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

0

عەلی ئەشرەف دەرویشیان

عەلی ئەشرەف دەرویشیان، چیرۆكنووس و رۆماننووسی كورد ساڵی 1320 هەتاوەی (1941) لە بنەماڵەیەكی كرێكار و هەژار لە گەڕەكی ئابشوورانی كرماشان لە دایكبوو.

ساڵی 1337 (1958) پەیمانگای مامۆستایانی تەواو كرد و دواتر وەك مامۆستای سەرەتایی لە گوندەكانی دەورووبەری كرماشان و گیلان غەرب، خەریكی وانە وتنەوە بوو. ساڵی 1345 (1966) خوێندنی زانكۆی لە كۆلێجی ئەدەبیات فارسی لە زانكۆی تاران دەستپێكرد و بڕوانامەی بەكالۆریۆسی ئەدەبیاتی فارسی بەدەست هێنا. دوای تەواو كردنی قۆناغی بەكالۆریۆس، خوێندنی خۆی لە بواری دەروونناسی پەروەردەدا درێژە پێدا و بڕوانامەی ماستەری بە دەست هێنا.

دەرویشیان كە وەك نووسەرێكی چەپ و دەربەست دەناسرا لە ساڵەكانی 1350 بۆ 1357 (1971-1979) بە هۆی نووسینی كتێبی لەم سەرزەمینە و چالاكیە سیاسیەكانی سێ جار قۆڵبەستكراو نووسینی لێ قەدەغە كرا.

دەرویشیان ساڵی 1973 لەگەڵ شەهناز دارابیان ژیانی هاوسەری پێك هێنا.

چه‌ندین كتێبی‌ رۆمان و كۆمه‌ڵه‌ چیرۆكی‌ بڵاو كردۆته‌وه‌.

دەرویشیان جگە لە بواری چیرۆكنووسین خەریكی كۆكردنەوەی فۆلكلۆر و حەكایەتەكانی كرماشان و دەورووبەری بوو. باوەڕ و داب و نەریتی دەورووبەری كرماشان بەرهەمێكە لەم بوارەدا كۆی كردۆتەوەو هێشتا چاپ نەبووە.

ئەم چیرۆكنووسە كوردە كە بە زمانی فارسی دەینووسی، دەكرێت وەك نووسەرێكی ریالیست چاوی لێ بكەین و بەرهەمەكانی بەزۆری هەڵگری ئازار و رەنجی خەڵكی كرماشان و دەورووبەری ئەو شارەیە و راستە بە زمانی فارسی نووسراوە ، بەڵام رەنگدانەوەی كەلتوور و فۆلكلۆری كوردیان پێوە دەبینرێت.

دەرویشیان نووسەرێكی چەپ بوو، چەپێك كە چەپبوونی لە عەداڵەتخوازیدا دەبینی و هیچكات پشتی لە باوەڕەكانی خۆی نەكرد و هەموو كات بە باوەڕەكانی خۆی پێبەند مایەوە. وەك خۆی دەڵێت:" چریكێكی چەكدار نەبووم. هەموو كات چریكێكی كەلتووری بووم.

عەلی ئەشرەف دەرویشیان ساڵی‌ 1396 (2017) ماڵئاوایی لە ژیان كرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌