پێنجشەممه - 12ی رەزبەری 2724

کۆی دەنگەکان

16,000

ئه‌مین خه‌واله

ئه‌مین خه‌واله كوڕی‌ محه‌ممه‌د له‌ دایكبووی 1976 له‌ شاری سه‌قز له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ بنه‌ماڵه‌یه‌كی نیشتمانپه‌روه‌ر له‌ دایك بووه‌.

ڕۆژنامه‌نووس، هه‌واڵنێر و نووسه‌ره‌.

خوێندنی‌ هه‌ر له‌ شاری سه‌قز ته‌واو كردووه‌ و دیپلۆمی ئه‌ده‌بی‌ له‌ ساڵی 1995 هه‌ر له‌و شاره‌ وه‌رگرتووه.

دواتر ماوه‌ی ساڵێك له‌ زانكۆی سلێمانی له‌ باشووری كوردستان به‌شی ئابووری‌ خوێندووه‌ و به‌ هۆی گوشاری هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی ڕێژیمی‌ كۆماری ئیسلامی وازی‌ له‌ خوێندن هێناو گه‌ڕایه‌وه‌‌ شاری سه‌قز.

ساڵی 2007 و دوابه‌دوای دامه‌زرانی ناوه‌ندی هه‌واڵنێری سه‌قز وه‌كوو هه‌واڵنێرێك تا ساڵی 2011 به‌رده‌وام بووه‌.

ساڵی‌ 2011 به‌ هۆی گوشاری هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی ڕژیمی ئێران و داخرانی ماڵپه‌ڕی ناوه‌ندی هه‌واڵنێری سه‌قز به‌ ناچار زێدی خۆی‌ به‌ جێهێشت و ڕووی‌ كرده‌ شاری سلێمانی له‌ باشووری كوردستان و ماوه‌ی 3 ساڵ و نیو له‌و باشووری كوردستان نیشته‌جێ بووه‌.

ئه‌مین ساڵی‌ 2014 له‌ گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌ باشووری كوردستانی‌ به‌ جێ هێشت و ڕوویان كرده‌ وڵاتی توركیه‌ و له‌ شاری وان له‌ باكووری كوردستان وه‌كوو په‌نابه‌ری كۆمیساریای باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان گیرسايه‌وه‌ و له‌وێ‌ درێژه‌ی‌ به‌ چالاكییه‌ ڕۆژنامه‌وانییه‌كانی‌ ده‌دا.

ئه‌مین خه‌واله وه‌كوو ڕۆژنامه‌نووس و هه‌واڵنێر له‌ گه‌ڵ ئاژانسی هه‌واڵده‌ریی موكریان له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان، ماڵپه‌ڕه‌كانی هه‌ڵۆی كوردستان، وی ئۆ كه‌ی ڕادیۆ و ماڵپه‌ڕی كورده‌كانی ئامریكا، ناوه‌ندی ڕۆژی كورد له‌ وڵاتی فه‌ڕانسه و ماڵپه‌ڕی كانوونی نووسه‌رانی كوردستان كار و چالاكی كردووه‌.

له‌ ئێستادا وه‌كوو سه‌رنووسه‌ر له‌ به‌شی هه‌واڵه‌ كوردییه‌كانی ناوه‌ندی ڕۆژی كورد له‌ وڵاتی فه‌ڕانسه‌ ڕۆژانه‌ سه‌رقاڵی ئیش و كار و بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵه‌كانی كوردستان و جیهانه‌.

ئه‌مین خه‌واله ئه‌ندامی چه‌ندین ڕێكخراو و ناوه‌نده‌ له‌وانه‌:

RSF – هه‌واڵنێرانی بێ سنوور له‌ وڵاتی فه‌ڕانسه‌

كانوونی نووسه‌رانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ وڵاتی نوروێژ

IFJ – فێدراسیۆنی نیونه‌ته‌وه‌یی ڕۆژنامه‌نووسان له‌ وڵاتی بێلژیك

Pen Kurd – ڕیكخراوی پێن كورد یان قه‌ڵه‌می كورد

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌