یەکشەممە - 16ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

بەختیار عەلی

 بەختیار عەلی محەممەد لە ساڵی 1966 لە گەڕەکی ئیبراهیم پاشای شاری سلێمانی لەدایکبووە.

 خوێندنی سەرەتایی لە قوتابخانەی شێخ سەلام لە سلێمانی تەواو کردووە.

 خوێندنی ناوەندی لە ناوەندی ئەزمەڕ و خوێندی ئامادەیی لە ئامادەیی "ھەڵکەوت"ی کوڕان تەواو کردووە.

 لە هەردوو زانکۆی سلێمانی و سەڵاحەددین خوێندکاری بەشی زەوی ناسی بووە.

 لە خۆپشاندانەکانی ساڵی 1983ی خوێندکارانی زانکۆی سەلاحەدین لە هەولێر دەستی بریندار دەبێت.

 بەهۆى برینداربوونیەوە لە ساڵى 1983 بە یەکجاری دەست لە خوێندنی زانکۆ هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی و بە تەواوەتی خۆی بۆکاری نوسین یەکلا دەکاتەوە.

 لە ساڵی 1983 قەسیدەی نیشتمان، کە کۆنترین بەرھەمی بڵاوکراوەیەتی نوسیووە.

 ساڵی 1985 بە هۆی بارودۆخی ناهەمواری باشورى کوردستان ئەم بەشەى کوردستان بەجێدەهێڵێت و ڕوودەکاتە رۆژهەڵاتى کوردستان، سەرەتا بۆ ماوەیەک لە ناوچەی چەمپاراو دەبێت و پاشان لە شاری بانە نیشتەجێ دەبێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناهەمواری شەری ئێران و عێراقەوە و ئەو پەستانە زۆرەی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەری دەبێت جارێکی دیکە دەگەڕیتەوە باشورى کوردستان.

 لە ساڵى 1989یەکەم وتاری لە ڕۆژنامەی پاشکۆی عێراق دا بڵاوکردۆتەوە.

 لە نێوان ساڵانی 1992تا 1994چەندین کۆڕ و سێمینار لە شارەکانى سلێمانی و ھەولێر پێشکەش کردووە.

 لە ساڵى 1994 کوردستان جێدەھێڵێت و ڕوو دەکاتە تاراوگە، سەرەتا 9 مانگ لە دیمەشقى پایتەحتى سوریا دەبێت و دواتر تا ساڵى 1999 لە ئەڵمانیا نیشتەجێ دەبێت.

 دەستەى دامەزرێنەرى ناوەندی ڕەهەند و گۆڤاری ڕەھەند بووە.

 زمانەکانى کوردى، فارسى، عەرەبى و ئەڵمانى دەزانێت.

 خاوەنى چەندین رۆمانى ناوازەیە کە گفتۆگۆى زۆریان لەبارەیەوە دەکرێت. هه‌روه‌ها خاوەنى چەند دیوانە شیعرێکە و خاوەنى چەند بەرهەمێکى فکرییە.

بەرهەمەکانى بۆ زۆربەى زمانە زیندووەکانى جیهان وەرگێڕدراون، لەوانە ئینگلیزی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، فارسی و عەرەبی.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌