یەکشەممە - 16ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

5

دڵدار

یوونس ڕەئووف ناسراو به دڵدار کوڕی مەلا ڕەئوف لە ساڵی 1918 لە شاری کۆیەی‌ باشووری‌ كوردستان لە دایک بووە.

پاش ماوەیەک باوکی دەکرێت بە فەرمانبەری سەرژمێریی ڕانیە و بە بنەماڵەوە دەچن بۆ ئەوێ. لە تەمەنی دە ساڵیدا دڵدار دەخرێتە قوتابخانەوە و پۆلی یەک و دووی سەرەتایی لە ڕانیە تەواوکردوە. دوای ماوەیەک باوکی لەسەر فەرمانەکەی لادەبەن و ناچار بە ماڵەوە دەگەڕێنەوە بۆ کۆیە و خوێندنی سەرەتایی لە کۆیە تەواو دەکات. لە ساڵی 1940دا لە شاری کەرکووک قۆناغی دواناوەندی تەواو دەکات و ئینجا ڕوو دەکات بەغدا و چووەتە زانکۆی یاسا و ساڵی 1945 بڕوانامەی زانکۆی یاسایی وەردەگرێت و دەبێتە پارێزەر. لە بەغدا دەبێت بە ئەندامی حیزبی ھیوا. دوای ماوەیەک بە ھۆی کارە سیاسییەکانییەوە دەخرێتە زیندان. لە کۆتاییدا لە ساڵی 1948 و لە تەمەنی سی ساڵیدا لە شاری ھەولێر كۆچی‌ دوایی‌ ده‌كا.

یەکەمین ھۆنراوەی لە ساڵی 1935دا داناوە و لە ژمارەی 2ی ساڵی 1935ی گۆڤاری ڕووناکیدا بڵاوی کردووتەوە.

شێعرەکانی نالی، لە گۆڕەپانی دڵداریدا و حاجی قادری کۆیی، لە نەتەوایەتی و کۆمەڵایەتیدا کارگەرییان لەسەری بووە.

چه‌ندین به‌رهه‌م‌و كتێبی‌ بڵاو بۆته‌وه‌.

دڵدار شاعیر، پارێزەر و چالاکوانێکی سیاسیی کورد بوو. بەناوبانگترین شێعری دڵدار، ئەی ڕەقیبە کە لە تەمەنی 28 ساڵییدا و 2 ساڵ پێش مردنی، کرا بە سروودی نه‌ته‌وه‌یی‌ کۆماری كوردستان و تا ئێستاش ھەر سروودی نه‌ته‌وه‌یی‌ كوردستانه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌