پێنجشەممه - 9ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

فایەق بێکه‌س

فایەق عەبدوڵڵا حه‌مه ئه‌لیاسه قۆجه ناسراو به فایەق بێکه‌س، شاعیرى کورد، لە ساڵى 1905 له سیته‌ک لە شارى سلێمانى لە دایکبووە.

 دوو ساڵی‌ سه‌ره‌تای‌ ته‌مه‌نی‌ له‌ سیته‌ک بردۆته‌ سه‌رو پاشان له‌گه‌ڵ خێزانه‌که‌یدا له‌ شاری‌ سلێمانی‌ نیشته‌جێ‌ بووه.

 لە تەمەنى منداڵیدا لەلایەن باوکیەوە خراوەتە بەر حوجره‌ی فه‌قێ بۆ خوێندن.

 له ساڵى 1911 بەهۆى ئیش و کارى میریەوە باوکى نێردراوە بۆ خانەقین و دواتریش بۆ به‌غدا، بۆیە لەگەڵ باوکى چووەتە شارى بەغدا.

 لە ساڵى 1912 بەهۆى ئەوەى باوکى چووە بۆ تورکیا فایەق و براى و دایکى لە بەغدا دەمێنەوە، بەمەش فایەق لە نازى باوکى بێبەش دەبێت.

 هەر لەتەمەنى منداڵی فایەقدا حه‌مه‌ سه‌‌عیدی برا گه‌وره‌ی له ئاوی دیجلەدا ده‌خنکێ و دوابه‌دوای ئه‌و دایکیشی کۆچی دوایی ده‌کات و فایق دەه‌که‌وێته‌ لای خاڵی. ئه‌ویش‌ پاش چه‌ند مانگێک ده‌مرێ ‌و فایق ‌‌و تاهیری برای ‌بچووکی به بێکه‌سی ئه‌مێننه‌وه.

 لە ساڵى 1917 بارودۆخیان لە شارى بەغدا زۆر خراپ دەبێت.

 لە ساڵى 1918 بە ناچارى شارى بەغدا جێدەهێڵن و دەگەڕێنەوە شارى سلێمانى بۆ لای حاجی ئه‌مینی مامیان.

 لە شارى سلێمانى جارێکى دیکە دەخرێتەوە بەر خوێندن و لە پۆلی سێیەمدا وه‌رده‌گیرێت و تا ساڵی 1923 له‌سه‌ر خوێندن به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌موو ساڵێک به یه‌که‌م ده‌ردە‌چێت.

 لە ساڵى 1923 له‌سه‌ر ئاره‌زووی مامی ده‌چێته‌ قوتابخانه‌ی علمیه له شارى که‌رکووک، به‌ڵام بۆی ڕێناکه‌وێ له‌وێ بخوێنێت، بۆیە بە ناچارى ده‌چێته‌ شارى بەغدا.

 لە ساڵى 1924 لە دار العلوم لە شارى بەغدا وەردەگێرێت و لە ساڵى 1925 خوێندن تەواو دەکات.

 لە ساڵى 1926 بۆ بەردەوامى ژیان و بژێوی ژیان و گەڕانەوە بۆ ناو کەسو کارى دەگەڕێتەوە شارى سلێمانى، بەڵام له‌وکاته‌دا لە شارى سلێمانی ته‌نها پۆلی یه‌که‌می ناوه‌ندیی تیا بووه.

 دواى گەڕانەوەى بۆ شارى سلێمانى دوکانێکی جگه‌ره‌چێتی بکاته‌وه، به‌ڵام ئه‌مه‌‌ش سه‌رناگرێ ‌و ده‌ستده‌کات به فرۆشتنى جگه‌رە ده‌ستگێڕی و پاشان په‌نا ئه‌باته به‌ر ئه‌شغاڵ و به ڕۆژانه له ڕێگای عه‌ربه‌ت ئیش ده‌کاو چه‌ند مانگێک له‌سه‌ر ئه‌م ئیشه ده‌بێت.

 لە ساڵى 1928 دەچێتە شارى هەولێر و چەند متنگێک ژیان لەوێ بەسەر دەبات، قاله‌ی ئایشه‌ خان ئه‌ندازیاری ئه‌شغاڵ، کە لەو سەردەمە سه‌رپه‌رشتی کردنه‌وه‌ی ڕێگای هه‌ولێر ڕه‌واندز ڕایاتی کردووه. بێکەسى له ئه‌شغاڵ دامه‌زراندووه‌.

 لە ساڵى 1928 دەبێتەوە بە مامۆستا.

 لە ساڵى 1929 باوکى لە تورکیا کۆچى دوایى کردووە، بە بیستنى ئەم هەواڵە خەمبار دەبێت بەرنامە دادەنێت بۆ ئەوەى سەردانى تورکیا بکات.

 لە‌ ساڵی‌ 1930 بۆ سۆراخکردنی‌ که‌سوکاری‌ باوکی ‌و دۆزینه‌وه‌ی‌ میراته‌که‌ی‌ سه‌فه‌ری‌ تورکیای‌ کردووه، بەڵام لە هەمان ساڵدا بە نائومێدى دەگەڕێتەوە.

 لە رۆژى 6/9/1930 بە هۆى راپه‌ڕینى شه‌شی ئه‌یلوول له دژی هه‌ڵبرژادنى ده‌زگای پادشایه‌تی ڕوویدا، بێکەس ‌یه‌کێک بوو له‌و نیشتمان په‌روه‌رانه‌ی سه‌رکرده‌ی ئه‌و ڕاپه‌ڕینه‌یان دەکرد و لەم رۆژەدا لەگەڵ زیاتر لە 20 کەسى دیکە برینداربوو 25 کەسى دیکەش شەهید بوون.

 لە رۆژى 6/9/1930 دواى برینداربوونى لەگەڵ هەریەکە لە ره‌شید که‌ریم، مامۆستا ره‌فیق حیلمی، مامۆستا مسته‌فا مه‌ولوود، ساڵح فه‌فتان، شیخ محه‌ممه‌د گوڵانی، شه‌وکه‌ت عه‌زمی بابان، عه‌زیز فه‌ره‌ج، که‌ریم سه‌عید زانستی و چه‌ند که‌سێکی دیکه‌ دەستگیرکران.

 دواى ئازادبوونى لە به‌ندینخانه‌، قوتابخانه‌یه‌ک ده‌کاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی وانه‌ی تێدا بڵێته‌وه ‌و پێی بژی.

 لە ساڵى 1933 دەبێت بە مامۆستا و حکوومەت ده‌ینێرێت بۆ مۆرتکه‌ی بازیان ‌و پاشان دەنێردرێت بۆ ته‌وێڵه‌.

 له هاوینی 1935لە شارى بەغدا له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵه مامۆستایه‌ک، له‌وانه مامۆستا گۆرانی شاعیر به‌شداری له کۆرسێکدا کردووه کە بۆ مامۆستایان ئاماده‌ کراوه.

 لە ساڵى 1935 ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە و منداڵێکى کچیان بووە، به‌ڵام ‌پاش ساڵێک به نه‌خۆشی ده‌رده‌باریکه خێزانەکەى کۆچی دواییکردووه، مردنه‌که‌ی کارێکی زۆری کردۆته سه‌ر ده‌روونی ‌و وای لێکردووه ماوه‌یه‌ک گۆشه‌گیری ببێت، دواتر ژنى دووەمى هێناوەتەوە و 2 دوو کچ ‌و کوڕێکی بووه.

 له ساڵی 1937 جارێکى دیکە دوور دەخرێتەوە بۆ حیلله‌ و پاش ساڵێک دهنێردرێت بۆ عه‌ماره، به‌ڵام بەم بڕیارە رازی نابێت و ده‌ست له کارەکەى هه‌‌ڵده‌گرێت و دەگەڕێتەوە بۆ شارى سلێمانی.

 لە ساڵى 1941 جارێکى دیکە قوتابخانه‌یه‌ک دەکاتەوە و وانه‌ی تێدا ده‌ڵێته‌وه.

 جارێکى دیکە دەبێتەوە بە مامۆستاى قوتابخانه‌کانی میری ‌و تا دوایی ساڵی 1948دا له قه‌ره‌داغ ‌و سلێمانی ‌و سورداش‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ مامۆستا دە‌بێ.

 له‌ته‌مه‌نی‌ هه‌رزه‌کارییه‌وه‌ به‌هره‌ی‌ شیعری‌ تیاده‌رکه‌وتووه ‌و له‌هۆنینه‌وه‌ی‌ شیعردا شێوازی‌ تایبه‌تی‌ خۆی‌ هه‌بووه‌.

 به‌شێکی‌ زۆری‌ به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بییه‌کانی‌ ته‌رخانکردووه‌ بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی‌ بیروباوه‌ڕی‌ نیشتمانیی.

 زمانەکانى کوردی، عه‌ره‌بی، فارسی و ئینگلیزی زانیوه‌.

 لە رۆژى ساڵى 1948 له‌ شارى هەڵەبجە کۆچى دوایى کردووە و لە‌ گردی سه‌یوان لە شارى سلێمانى بەخاک سپێردراوە.

 لە ساڵى 2014 لە شارى سلێمانى لە هەمان ئەو شوێنەى تیایدا بریندار کرا پەیکەرى بۆ دانرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌