کۆی دەنگەکان
0
فازیڵ قەفتان
ساڵی 1943 لەشاری سلێمانی لەدایك بووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتاییو ناوەندیو ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.بەكالۆریۆسی لەبواری كارگێڕیو دارایی لەزانكۆی بەغدا بەدەستهێناوە.
ساڵی 1975 بڕوانامەی دكتۆرای لەبواری ئابووری پیشەسازی لەشاری بوخارستی پایتەختی رۆمانیا وەرگرتووە.ساڵی 1976 لەزانكۆی سلێمانی بەمامۆستا دامەزراوە، جگە لەكاری مامۆستایی وەك ئەمینداری كتێبخانەی زانكۆو بەڕێوەبەری چاپخانەی زانكۆ خزمەتی كردووەو سەرپەرشتی دەرچوونی چەند گۆڤارو بڵاوكراوەیەكی كردووە.
پاش گواستنەوەی زانكۆی سلێمانی بۆ شاری هەولێر، بەهۆی پشتیوانی لە خۆپیشاندانی خوێندكارانی زانكۆ، وەك سزای سیاسی لەزانكۆ دوور خرایەوە.وەك فەرمانبەر لەكارگەی شەكرو فەرمانگەی ئاماری سلێمانی خزمەتی كرد، دواتر لەبەر پێویستی زانكۆ بەراژەكەی گەڕێنرایەوە بۆ سەر كارەكەی لەزانكۆی سەلاحەدین.
وەک مامۆستای کۆڵێژی کارگێری و ئابووری خزمەتی کرد.دواتر ساڵی 1993 بوو بە بەرێوەبەری چاپخانەی زانکۆی سەڵاحەدین.ھەر لەو ساڵەدا 12 ژمارەی ڕۆژنامەی ئابووری دەرکرد.
بێ لەكاری ئەكادیمیو خزمەتكردنی خوێندكارانو زانكۆ، لەبواری ئەدەبیو روناكبیریشدا قەڵەمێكی دیار بووەو خاوەنی چەندین كتێبو نامیلكەی نووسراوو وەرگێڕدراوە.
بەرهەمە چاپكراوەكانی ئەمانەن: نامیلكەی چالاك-چیرۆك بۆ مناڵان، نامیلكەی من كێم- زانیاری بۆ مناڵان، گەشتێك بەسروشتو زانستدا، كوخەكەی مام تۆم- وەرگێڕان، رژێمە ئابوورییەكان، پڕۆژەی بەكوردیكردنی زانستو خوێندنی باڵا.
دوو كتێبیشی بەزمانی عەرەبی هەیە.
بەهۆی توانای زانستیو شارەزایی لەبوارەكانی ئابووریو رووناكبیری، لەساڵی 1992 لەسەر لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی كوردستان پاڵێوراو بووە ئەندامی پەرلەمانو شوێن پەنجەی بەدارشتنی یاساكانەوە دیار بوو.
بەهۆی هەڵوێستەكانییەوە، دووجار هەوڵی تیرۆر كردنی دراو بۆیەساڵی 1994 بەناچاری كوردستانی بەجێهێشتو وەك پەناهەندە لەوڵاتی ئەڵمانیا گیرسایەوە.
لەرۆژی 15ی مایسی 1996 كۆچی دوایی كردو كردو هەر لەوێش بەخاك سپێردرا.