پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

1

گۆران

عەبدوڵڵا سلێمان عەبدوڵڵا ناسراو به گۆران،  لە ساڵى 1904 لە شارى هەڵەبجە لە دایکبووە.

 شاعیر و رۆژنامەنووس و چالاکوانی سیاسیی کورد بووە.

 لە لای باوکی قورئان ‌و سەرەتای خوێندنی خوێندووە. پاشانیش لە مزگەوتی پاشا‌ی ھەڵەبجە بووە بە فەقێ.

 لە ساڵى 1921 چووە بۆ خوێندنگاى عیلمییەی کەرکووک بۆ خوێندن. بەڵام بەهۆى کوژرانى موحەممەد بەگی برای لە خوێندن وازدەهێنێت و خەریکى کار دەبێت بۆ ژیانى خۆى و دایکى.

 لە ساڵی 1925 بە مامۆستایی لە خوێندنگەى ھەڵەبجە دامەزراوە ‌و تا ساڵى 1937 لە خوێندنگەکانی ئەو ناوچەیەدا ماوەتەوە.

 لە ساڵى1937 دواى ئەوەى بۆ ماوەیەک بێکار دەبێت، دواتر گوێزراوەتەوە بۆ دایەرەی ئەشغاڵ بەشی کاروباری ڕێگاوبان، تا ساڵى 1951 لەوێ دەمێنێتەوە.

 لەساڵى 1950 یەکەمین کۆمەڵە شێعری بە ناوی بەھەشت و یادگار لەسەر ئەرکی عەلائەدینی سەجادی لە بەغدا لە چاپدراوە.

 لە ساڵى 1951 بۆ یەکەمینجار زیندانى دەکرێت.

 لە مانگى 11/1952 لە زیندان ئازاد دەکرێت و چووە بۆ شارى سلێمانى بووە بە بەرپرسی رۆژنامەی ژین، تا مانگى 9/1954 لەسەر ئەم کارە دەمێنێتەوە.

 لە ساڵى 1953 و 1961 ھەڵبژاردەیەک لە چیرۆکی بێگانە و ھێندێ سەرنجی رەخنەگرانەی بە چاپ گەیاندووە.

 لە رۆژى 17/10/1954 بۆ دووەمین جار لەگەڵ کۆمەڵێک لە ئاشتی خوازانی شارى سلێمانی دەگیرێت و فەرمانی یەک ساڵ زیندانى و ساڵێک دوورخستنەوەى بەسەردا دەسەپێنن، رۆژانى زیندانى لە زیندانەکانى سلێمانی، کەرکووک، کوت، بەعقووبە ‌و نوگرە سەلمان دەبێت و دورخستنەوەکەشى لە بەدرە دەبێت.

 لە ساڵی 1954 لە چاپخانەی ژین قەسیدە درێژەکەی پەیامی کورد بۆ میھرەجانی چوارەمی گەنجان و قوتابییان لە بوخاریست لە چاپداوە.

 لە رۆژى 12/9/1956 لە زیندان ئازاد دەکرێت دەچێت بۆ شارى بەغداد.

 لە رۆژى 17/11/1956 جارێکى دیکە زیندانى دەکرێتەوە.

 لە رۆژى 10/8/1958 دواى سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی گەلاوێژ لە زینداندا ئازاد دەکرێت.

 لە دواى ئازادکردنى دەگەڕێتەوە بۆ شارى سلێمانی و دواى ماوەیەک لەگەڵ شاندێکی میللی سەردانى یەکێتیی سۆڤیەت و چین ‌و کۆریای باکوور دەکات.

 لە ساڵى 1958 بەنیاز بووە کۆمەڵە شێعرێک بە ناوی سروشت و دەروون لە چاپبدات، دوای ئەوەى خستیە ژێر چاپ، بەڵام تەواوی نەکرد.

 لە سەرەتای 1959دا سەرپەرشتیی گۆڤاری شەفەق گرتۆتە دەست و تا ناوەڕاستی ساڵى 1960 کاری تێدا کردووە.

لە ناوەڕاستی ساڵی 1960 دەچێتەوە بۆ شارى بەغدا و دەبێت پڕۆفیسۆرى یاریدەدەر لە بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی بەغدا و ئەندامی دەستەی نووسەرانی رۆژنامەی ئازادی.

 لە ساڵى 1968 لەلایەن ھۆگری کوڕی و براکانی کۆمەڵە شیعرى سروشت و دەروون لە گەڵ ئۆپەرێتی ئەنجامی یاران چاپکراوە.

 لە ساڵى 1980 دیوانى گۆران بەچاپ گەیەندرا.

 شارەزایى زۆرى لە ئەدەبیاتی گەلانی تر وەک تورک و ئینگلیزی هەبووە.

 جگە لە نووسینى شیعر دەستێکی باڵاشى لە بواری پەخشاندا هەبووە.

 چه‌ندین به‌رهه‌م‌و كتێب‌و دیوانی‌ بڵاو بۆته‌وه‌.

 لە ساڵى 1962 بە نەخۆشى شێرپەنجە لە شارى سلێمانى کۆچى دوایى دەکات.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌