شەممه - 1ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

0

حافزی مەهابادی

محەمەد غەفوور دەبباغی ناسراو بە حافزی مەهابادی كوڕی‌ ده‌ورێش عه بدوڵای بابی چه‌رمچی (ده‌بباغ) ساڵی 1306 هه‌تاوی‌ لە سەقز له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان له‌دایك بووه‌.

به هۆی پێشه‌که‌ی باوكی‌ ماوه‌یه‌ک پاش له دایک بوونی غه‌فوور له سه‌قز ده‌ڕوات و ده‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی له شاری بانه نیشته‌جێ ده‌بێ. غه‌فوور له ته‌مه‌نی سێ ساڵه‌یی خورێلکه (هاوڵه) ده‌گرێت و سووی چاوی له ده‌ست ده‌دات.

له حه‌وت ساڵه‌یی دا بابی ده‌ینێرێته کن میرزا محه‌ممه‌د که‌ریمی نامی تا قورئان له‌به‌ر کات و ئه‌ویش تا چارده ساڵه‌یی نیوه‌ی له‌به‌ر ده‌کات. هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ش (واته ساڵی 1320ی هه‌تاوی) به هۆی داگيرسانی ئاگری شه‌ڕی گه‌وره‌ی دووهه‌م له ئێران دا و لاواز که‌وتنی حکوومه‌تی ناوه‌ندی، محه‌ممه‌د ڕه‌شید خان له بانه دژ به ده‌وڵه‌ت ڕاده‌وه‌ستێ و شۆڕش ده‌کات و باری ئه‌و هه‌رێمه له ئارامی ده‌که‌وێ و ده‌روێش عه‌بدووڵا و بنه‌ماڵه‌که‌ی کۆچ ده‌که‌ن بۆ مه‌هاباد.

له مه‌هاباد دا غه‌فوور له کن مه‌لا محه‌ممه‌د حاجی بایه‌زید کاری ناته‌واوی خۆی ته‌واو ده‌کات و تا ساڵی 1328ی هه‌تاوی هه‌مووی قورئان له‌به‌ر ده‌کات و له کن قازی محه‌ممه‌دی خزری نزریوه‌یی بڕێک ده‌رسی فه‌قایه‌تی ده‌خوێنی. پاش کووده‌تای عه‌بدوولکه‌ریم قاسم له هاوینی 1338ی هه‌تاوی له عێراق، ده‌ست ده‌کاته کوتنی شێعر بۆ خه‌ڵکی نه‌دار و هه‌ژار. له ساڵی 1350ی هه‌تاوی خه‌تی بره‌یل (خه‌ت و نووسینی کوێره‌کان) فێر ده‌بێت و کومه‌ڵێ په‌ند و مه‌ته‌ڵۆکه و کورته چیرۆک کۆ ده‌کاته‌وه که ساواک لێی ڕوون ده‌بی و لێی ده‌ستێنی و قه‌د قه‌د به خۆی و که‌سی دیش نایداته‌وه.

له ئه‌نجام دا له ساڵی 1369ی هه‌تاوی ژیانی به‌سه‌ر دێت و له‌سه‌ر قه‌برانی بوداق سوڵتانی مه‌هاباد و له کن مامۆستا هێمنی نه‌مر ده‌نێژرێت.

دیاری مه‌هاباد و په‌ندی پێشینیان و وه‌رگێڕاوی چوارینه‌کانی فه‌رۆخی یه‌زدی له چاپ دراوه‌کانین.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌