پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

حەسیب قەرەداخی

حەسیب قەرەداخی، شاعیر، لە ساڵی‌ 1929 ز دا، لە گوندی سۆڵەی چرچە قەڵا ناوچەی قەرەداخی سەر بە شاری سلێمانی و لە ناو خێزانێکی خوێندەواری بنەماڵەی شێخانی مەردۆخی دا، ھاتۆتە ژیانەوە.

لە ساڵی 1948 ز دا لەکاتێ خوێندکاری خانەی مامۆستانانی دێھاتی بوە لە شاری حیللەی عێراقی، زۆر چالاکانە بەشداری کردوە لە ڕاپەڕینە سەرتاسەرییەکەی ئەوساڵە دا و بۆ یەکەمجار تێکەڵ بە کاروانی تێکۆشانی نیشتمانی و نەتەوەیی بووە.

تا ساڵی 1954 ز چەندین جارکەوتۆتە ژێر فیشاری ڕوەدوونان و ناچار بوە خۆبشارێتەوە، دوا جار لەو ساڵەدا دەگەڕێتەوە بۆ ناوشار و لە 1955 ز دا، ژنی ھێناوە و یەکەم لانەی ھاوسەرێتیی لە سلێمانی پێکەوەناوە.

تا شۆڕشی تەممووزی 1958 ز، چەند جارێک بۆ ماوەی کورت کورت زیندانی کراوە. لەگەڵ بڵێسەی شۆڕشدا شاعیر دەبێتە یەکێ لە ناسراوترین و تارخوێنەکان و یەکێ لە ناودارترین شاعیرە داھێنەرەکانی ناو کەسانی کوردستان، ھەربۆیە لەگەڵ کودەتای بەعەسیەکاندا لە ساڵی 1963دا، دەستبەجێ دەگیرێ و نزیکەی 3 ساڵ لەگەڵ سەدان لاوی شۆڕشگێڕ و دەیان ڕۆشنبیر و شاعیر و نووسەر و ڕامیاری گەورەی کورد و عەرەبدا، لە زیندانی نوگرەسەلمان دەمێنێتەوە.

لە کۆتایی ساڵی 1965 ز تا 1969 ز، لەگەڵ ھاوسەر و ھەرسێ کوڕە و ھەرسێ کچەکەیدا، بە دوورخراوەیی لە شاری بەغدا بە کولەمەرگی و کوێرەوەری؛ بەڵام بە سەربەرزی ژیان دەگوزەرێنن.

لە سەرەتای ساڵی 1969 ز دا، پاش 7 ساڵ زیندانی و دورخستنەوە، ڕێیپێ دەدرێ بگەڕێتەوە بۆ کوردستان. لە 17ی حوزەیرانی 1983 ز دا، کەژاڵی کچی بەڕووداوێکی ئۆتۆمبیل و لەکۆتایی 1984 ز دا، بەھاری تازەنەمامی کچی بە نەخۆشییەکی کتووپڕی شێرپەنجە، گیان لەدەستدەدەن و زام و خەمێکی قوڵ و فرە سەختیان لە قوڵایی ھەست و بیر و سۆزی شاعیردا جێھێشت، کە تا دوا ڕۆژی تەمەنی، شوێن پەنجەیان ھەم بەسیمای خودی خۆی و ھەم بەسەر جیھانی ھۆنراوەیە و ئەدەبیاتییەوە دیار و ئاشکرابوو.

له‌ ساڵی‌ 1997 دا بۆ دواجار دڵی پڕ لە ژانی شێخی شاعیران، حەسیب قەرەداخی، لە لێدان کەوت و لە گردی سەیوان لە سلێمانی به‌خاك سپێردراوه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌