پێنجشەممه - 9ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

حسێن حوزنی موکریانی

حسێن عەبدولەتیفى ئیسماعیل ناسراو به حسێن حوزنی موکریانی لە ساڵى 1893 لە مهاباد لە دایکبووە.

بە یەکەم مێژوونوسی کورد دادەنرێت لە سەدەی بیستەمدا.

خوێندنی لە حوجرەی مزگەوتەکان‌ و تەکیەکانەوە دەستپێکردووە. لەبەر لێهاتوویی بەوەوە نەوەستاوە و دەستیکردووە بەخوێندنەوەی‌ ئەو کتێبانەی کە بەزمانەکانی دیکە هەبوون لەو سەردەمەدا.

سەرەتا لای باوکی ‌و خاڵەکانی خوێندویەتی ‌و لەتەمەنی 21 ساڵیدا ئاوارەبووە و چەندین وڵاتی وەکو ڕوسیا، ئەفغانستان، سوریا، لوبنان، میسر، حیجاز و فەرەنسا بینیوە.

ساڵی 1915 لەشاری‌ حەلەبی‌ ڕۆژئاوای‌ کوردستان چاپخانەیەکی بچوکی‌ پێکەوە ناوە بۆ بڵاوکردنەوەی ئەدەب‌ و مێژووی کوردی و چەندین بەرهەمى بەنرخى بە چاپ گەیاندووە، هەر لەو ماوەیەدا لە ئەستەمبوڵ و حەلەبدا بە نھێنی چەندین گۆڤاری دەرکردووە ، وەک کوردستان ، ئارارات ، بۆتان ، چیاکرمانج ، دیاربەکرو سۆران.

ساڵی 1925 هاتووەتە ڕواندزو چاپخانەی زاری کورمانجی دامەزراندووە، ساڵێک دواى ئەوە و لە ساڵى 1926گۆڤاری زاری کرمانجی هەر لەو شارەدا دەرکردووە ، تا ساڵی 1943 لە ڕواندز ماوتەوە، بەڵام بەهۆى هەڵوێستەکانى دوورخراوەتەوە بۆ شارى بەغدا تا ئەو رۆژەى کۆچی دوایی کردووە.

ساڵی 1926 چیڕۆکی خۆشی و ترشی و مەڕۆکەو بزنۆکەی چاپ کردووە.

لە ساڵی 1928 کتێبێکی دەربارەی بەخێوکردنی کرمی ئاوریشم نووسیوە.

لە ساڵی 1935 لە ھەولێر گۆڤاری ڕووناکی دەرکردووە.

لە نێوان ساڵانى 1943 – 1947 گۆڤار و رۆژنامەى دەنگى گێتى تازەى لەگەڵ تۆفیق وەهبى و حەسەن شێخ مارف لە شارى بەغدا دەرکردووە.

خاوەنی 17 کتێبی گەورەیە کە یانزە کتێبیان لەسەر مێژووی کوردە.

بۆماوەی پازدە ساڵ بەهۆى شارەزایى زۆرى لە زمانەوانى بە ھەموو توانایەکیەوە ھەوڵی داوە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری مێژویی سەبارەت بە مێژوی گەلی کوردە کە بە زمانەکانی عەرەبی، ھیندی ، تورکی ، فارسی ، فەڕەنسی و ڕووسیدا ھەبون لەو سەردەمەدا و گەلێک نوسراو و بەرهەمی وەرگێراوەتە سەر زمانی کوردی.

لە ماوەی 30 ساڵى خزمەتیدا بە بوارى مێژوو ئەدەبى کوردى 17 کتێبی نووسیووە کە 11 لەسەر مێژووى کوردە.

بەشێک لەو کتێبانەى لەسەر مێژووی کوردن بریتین لە: مێرگەی دڵان، خونچەی بەھارستان، پێشکەوتن، ئاوڕێکی پاشەوە، میرانی سۆران، کوردستانی موکریان، ناودارانی کورد، بە کورتی ھەڵکەوتی دێریکی و لاپەڕەیەک لە دێریکی کوردستانی موکری*.

ژمارەیەک دەستنووسى چاپنەکراوى هەیە و ئامادەن بۆ چاپکردن.،

سەبارەت بە ئەدەب و مێژووی کورد لە چەندین رۆژنامە و گۆڤار بابەتى نووسیووە.

شارەزایەکى زۆرى لە جوانوسیی هەبووە و دەستێکی باشیشی لە ھونەری ھەڵکۆلینی سەر بەردو تەختەو وێنەگرتن و مۆرھەڵکەندنیشدا ھەبووە.

لە دواى کۆچى دوایشیدا شارى سلێمانى پەیکەرێکى بۆ درووستکرا، بەڵام دواتر پەیکەرەکەشى گواسترایەوە زێدى خۆى و لە ساڵى 2013 لە شارۆچکەى رواندز پەیکەرەکەیان دانا.

لە ساڵى 1947 لە شارى بەغدا کۆچى دوایى کردووە تەرمەکەى هێنراوەتە شارى هەولێر و بەخاک سپێردراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌