پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

ئیبراھیم ئەحمەد

ئیبراھیم ئەحمەد لە ساڵی 1914، لە شاری سلێمانی لە‌دایکبووە.

ئیبراھیم ئەحمەد ھاوکات لەگەڵ نووسین، کاری ڕامیاری کردووە و چالاکی و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلوول بە سەرۆکایەتی مەلا مستەفا بارزانی کردووە.

لە ساڵی 1947دا، ئیبراھیم ئەحمەد چووه ناو پارتی دێموكراتی کوردستان. ئیبراھیم ئەحمەد بە سەرۆکی لقی سلێمانیی پارتی دێموكراتی کوردستان ھەڵبژێرا.

لە ساڵی 1948 پاش ئەوەی دەسەڵاتداری ئەو کاتەی عێراق بەربووە گیانی شۆڕشگێڕانی کورد و پارتی دێموكراتی‌ کوردستان، ئیبراھیم ئەحمەد بۆ ماوەی ساڵ و نیوێک بەندکرا.

لە شوباتی ساڵی 1951 لە میانەی کۆنگرەی دووەمی پارتی لە شاری بەغدا بەکۆی دەنگ، ئیبراھیم ئەحمەد بەسکرتیری گشتی پارتی ھەڵبژێردرا. ھەر لەمیانەی ھەمان کۆنگرەدا لەسەر پێشنیازی ئەو، ناوی “پدک” گۆڕا بۆ پارتی دێموكراتی کوردستان ـ عێراق. لەسەر کار و چالاکی ڕامیاری، لە ھاوینی ساڵی 1951 لە سلێمانییەوە بۆ کەرکووک گوێزرایەوە. لە ساڵی 1953 کۆنگرەی سێیەمی پارتی دێموكراتی کوردستان بە ڕێبەرایەتی ئێبراھیم ئەحمەد کرا و لەم کۆنگرەیەدا دامەزراندنی یەکێتی ئافرەتان و لاوان و قوتابیان پەسەندکرا.

لە ساڵی 1961 ئیبراھیم ئەحمەد وەک سکرتێری پارتی دێموكراتی کوردستان و سەرنووسەری ڕۆژنامەی خەبات کاری دەکرد، پێش داخستنی ڕۆژنامەی خەبات و ھەڵگرتنی مۆڵەتی حیزبەکەی لە کۆتایی ساڵی 1961 ناچاربوو بەغدا بەجێبھێڵێت و خۆی بشارێتەوە. لەگەڵ ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول ڕویکردۆتە شاخ و لەڕووی ڕامیارییەوە شۆڕشەکەی بەڕێوەبردووە. لە ساڵی 1964 تا ساڵی 1971 سکرتێری باڵی نووسینەگەی ڕامیاری پارتی دێموكراتی کوردستان بووە پاشان ڕوو دەکاتە ھەندەران و زۆربەی ژیانی لەشاری لەندەنی پایتەختی بریتانیا گوزەراندووە.

لە ساڵی 1939 بۆ ساڵی 1949 لەگەڵ مامۆستا عەلائەدین سەجادی گۆڤاری گەلاوێژ دەردەکەن. ھەربۆیە ناچاردەبێت لە ساڵی 1944 دەست لەکاری میریی ھەڵبگرێت. پاش سەرکەوتنی شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958 مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی چەند ژمارەیەکی گۆڤاری ڕزگاری پێبەخشرا و ھاوکاتیش بەرپرسیارێتی ڕۆژنامەی خەباتیشی دەکرد.

ئیبراھیم ئەحمەد بێجگە لەو ڕۆژنامانە خاوەنی ڕۆژنامەی کوردستانیش بوو، کە جەلال تاڵەبانی (زاوای ئیبراھیم ئەحمەد) سەرنووسەری بووە. بەھۆی بڵاوکردنەوەی وتارێک بەڕووی دەسەڵاتدارانی عێراقدا، خەبات و کوردستان لە ساڵی 1961 داخران و فەرمانی زیندانیکردنیش بۆ ئیبراھیم ئەحمەد دەرچوو.

لە گۆڕەپانی وێژەشدا ئیبراھیم ئەحمەدی نووسەر و پارێزەر چەندین کاری بەنرخی نووسیوە، ئەویش بەچەند شاکارێکی بەنرخ وەک “ژانی گەل”، “کوێرەوەری”، “دوا تیری کەوان” و ھتد. نامێلکەی “الاکراد و العرب” کە لە ساڵی 1937 بە عەرەبی نووسیویەتی ھەوڵێک بووە بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کورد و عەرەب لەوڵاتی عێراقدا.

ئیبراھیم ئەحمەد لەتەمەنی 86 ساڵیدا لە ساڵی 2000 لە لەندەن کۆچی دواییکرد و تەرمەکەی گوێزرایەوە بۆ سلێمانی و ھەر لەو شارەش نێژرا.

ژانی گەل یەکێک لە گرینگترین بەرھەمەکانی ئیبراھیم ئەحمەد بووە. ئیبراھیم ئەحمەد خەزووری جەلال تاڵەبانی و مەزھەر خالقی بوو.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌