چوارشەممه - 21ی سەرماوەزی 2724

کۆی دەنگەکان

0

ئیبراهیم یوونسی

ئیبراهیم یوونسی له‌ دایكبووی 1926 له‌ شاری‌ بانه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان.

ئیبراهیم یوونسی كه‌ به‌یه‌كێك له‌ گه‌وره‌ترین نووسه‌رو وه‌رگێرانی ئێران و رۆژهه‌ڵاتی كوردستان داده‌نرێت.

خوێندنی سه‌ره‌تایی و ناوه‌ندی له‌بانه‌ ته‌واوكردوه‌ و دواتر چووه‌ته‌ كۆلێژی سه‌ربازی و پله‌ی ئه‌فسه‌ری وه‌رگرتوه‌ له‌ سوپای پاشایه‌تی ئێران.

له‌ كووده‌تای سه‌ربازی 1950 له‌ دژی كابینه‌ی دوكتور محه‌مه‌د موسه‌دیق، به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامێتی له‌ حیزبی توده‌، حیزبی كۆمۆنیستی ئێران، سزای له‌ سێداره‌دانی به‌ سه‌ردا سه‌پێندار.

ئه‌م سزایه‌ی دواتر له‌ دادگای پێداچونه‌وه‌ گۆڕدرا بۆ سزای زیندانی هه‌تاهه‌تایی، ئه‌ویش به‌ هۆی ئه‌وه‌ی ناوبرا له‌ كاتی راهێنانی سه‌ربازی به‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی مینه‌وه‌ قاچێكی له‌ ده‌ستدابوو، هه‌ر بۆیه‌ توانی له‌ سزای له‌سێداره‌دان رزگاری‌ بێت.

زیندان بۆ ئه‌و بووه‌ته‌ ده‌روازه‌یه‌ك تا ببێته‌ نووسه‌ر و وه‌رگێڕ. هه‌ر له‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌ زینداندا بوو توانی درێژه‌ به‌ خوێندنه‌كه‌ی بدات و چه‌ندین كتێب وه‌ربگێڕێت و كتێبێكیش بنووسێت.

پاش چه‌ند ساڵێك سزای زیندانه‌كه‌ی كه‌مكرایه‌وه‌و به‌ر لێبوردنی گشتی كه‌وت، دوای ئازادبونیشی چه‌ندین كتێبی دیكه‌ وه‌رگێڕایه‌وه.

هه‌ر له‌و ساڵانه‌دا رووی‌ كرده‌ فه‌ره‌نسا و له‌ زانكۆی سوربۆن بڕوانامه‌ی دكتۆرای‌ له‌ به‌شی ئابوری وه‌رگرت.

ئیبراهیم یوونسی له‌ دوای شۆڕشی 1979 ی ئێران له‌ كابینه‌ی حكومه‌تی كاتی مه‌هدی بازرگان بوه‌ یه‌كه‌م پارێزگاری، پارێزگای سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

به‌ڵام پاش ده‌ست له‌كاركێشانه‌وه‌ی بازرگان وكابینه‌كه‌ی بۆ هه‌میشه‌ له‌ كاری حكوومی خۆی كشانده‌وه‌ و ته‌مه‌نی ته‌رخان كرد بۆ نووسین و وه‌رگێران.

به‌ درێژایی ته‌مه‌نی زیاتر له‌ 60 كتێبی له‌ زمانی فه‌ره‌نسی و ئینگلیزیه‌وه‌ وه‌رگێراوه‌ته‌ سه‌ر زمانی‌ فارسی و زیاتر له‌ ده‌ كتێبیشی نووسیوه.

به‌شێكی زۆر له‌و كتێبانه‌ی یوونسی وه‌ریگێڕاون تایبه‌تن به‌ مێژووی كۆن و هاوچه‌رخی كورد به‌م پێیه‌ش خزمه‌تێكی باشی به‌ به‌ره‌وپێشچونی رۆشنبیری و وشیاری نه‌ته‌وه‌یی خوێنه‌رانی كورد كردووه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان.

هه‌روه‌ها یوونسی چه‌ندین شاكاری جیهانی و به‌رهه‌می نووسه‌رانێكی وه‌ك چارڵز دیكێنز ، بێرتراند راسڵ، ئانتوان چخۆف، تام هاردی، ماكسیم گۆركی، سێروانتس و فیۆدۆر دۆستۆیۆفسكی بۆ سه‌ر زمانی فارسی وه‌رگێراوه‌ته‌وه.

ئیبراهیم یوونسی وه‌ك‌ نووسه‌رێك چه‌ندین به‌رهه‌می رومانیشی نووسیوه‌، سه‌رباری ئه‌وه‌ی به‌ زمانی فارسی نووسراون به‌ڵام هاوشێوه‌ی‌ نووسه‌ری گه‌وره‌ی كورد له‌ باكوری كوردستان ،یاشار كه‌مال ، جوگرافیای روداوی ناو ئه‌م رومانانه‌ كوردستانه‌ و قاره‌مانه‌كانیشی كوردن.

دوكتور ئیبراهیم یوونسی ساڵی‌ 1390ی هەتاوی (2012) لە شاری تاران كۆچی دوایی كرد و لە زێدی خۆی لە شاری بانە بە خاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌