هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

عیزەدین مستەفا رەسوڵ

عیزەدین مستەفا سەفوەت رەسوڵ لە ساڵی 1934 لە گەڕەکی دەرگەزێن لە شاری سلێمانی لەدایکبوە.

 لە مزگەوتی حاجی مەلا ڕەسوڵی دێلێژە لە لای باوکی خوێندویەتی.

 لە ساڵى 1939 وەک خوێندکارى گوێگر لە خوێندنگاى غازی وەرگیراوە.

 لەسەر پێشنیاری مستەفای سەفوەت لە بەغدا دەچێتە کۆلێژی شەریعە، بەڵام بەهۆی تێکەڵبونی بەکاری سیاسییەوە لەساڵی یەکەمدا لە کۆلێژەکە دەردەکرێت و دەگەڕێتەوە بۆ سلێمانی.

 لە ساڵی 1951 لە خانەی مامۆستایان لە بەغدا وەرگیراوە.

 لە ساڵی 1952 بەشداری ڕاپەڕینی ئەو ساڵەى لە شاری بەغداد کردووە و بریندار بوە و دواتر لە کۆلێژ دەرکراوە لەبەر بەشداریکردنی لە راپەڕینەکەداو بەهۆى ئەمەشەوە دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی.

 لە ڕێی چەند کەسێکەوە باوکی کردویەتی بە مامۆستای سەرەتایی لە قەڵادزێ، بەڵام لەوێش بە هۆی کاری سیاسییەوە گوازراوەتەوە بۆ سلێمانی، دواتر بۆ قەمچوغە، لەوێش بە کاری سیاسییەوە خەریک بوە، دوبارە گواستویانەتەوە بۆ سلێمانی.

 بەهۆى خراپی موتەسەریفی سلێمانی عیراقی بەجێهێشتوە و چووتە شام.

 ئەو ماوەى لە شام بووە دوبارە لە کۆلێژی ئاداب درێژەی بە خوێندن داوە و پۆلەکانى 2 و 3 لە بەشی عەرەبیی تەواوکردوە.

 لە دواى شۆڕشی 14 تەموزی 1958 گەڕاوەتەوە بۆ بەغدا و لە قۆناغی سێهەمی خانەی مامۆستایان دانراوە و درێژەى بەخوێندن داوە.

 دواى تەواوکردنى خوێندن، لە بەغدا لە بەڕێوەبەرایەتیی خوێندنی کوردی کە یەکەم ساڵ بوە پێکهێنراوە دامەزرێنراوە.

 لەسەردەمى عەبدولکەریم قاسم لەگەڵ ژماریەک خوێندکارى دیکە لەسەر ئەرکی دەوڵەت چوەتە سۆڤیەت.

 دوای تەواوکردنی کۆرسى زمان، لەگەڵ کەمال مەزهەر و نەسرین فەخریدا چوەتە باکۆ.

 لە رۆژى 24/6/1963 پلەی دکتورای وەرگرتوە.

 لە ساڵی 1965 گەڕاوەتەوە بۆ کوردستان و چوەتە شاخ و بوە بە پێشمەرگەی حیزبی شیوعیی عێراق.

 لە رۆژى 26/12/1966 دوای ساڵێک مانەوە لە شاخ، بوەتە مامۆستا لە زانکۆی بەغدا و لە بەشی کوردی دامەزرێنراوە.

 لە ساڵی 1979 چوەتەوە بۆ مۆسکۆ، درێژەى بە خوێندن داوە و پلەی دکتۆرا و پڕۆفیسۆری وەرگرتوە.

 لە ساڵی 1992 بوە ئەندام لە یەکەم خولی پەرلەمانی باشوری کوردستان لەسەر لیستی یەکێتیى نیشتیمانیى کوردستان.

 یەکێک بووە لە دامەزرێنەکانی یەکێتیی نووسەرانی کورد،

 نزیکەی 90 کتێبی لە بوارەکانی ئەدب و زمان و بوارە جۆراو جۆرەکانی دیکە نوسیوە.

 یەکێک بوە لە قەڵەمە دیارەکانی ناو رۆژنامەنووسیى کوردی و چەندین گۆشە و ستونی رۆژانە و هەفتانەی لە زۆربەی رۆژنامەکاندا نوسیوە.

 یەکێک بووە لەو مامۆستایانەى لە زانکۆکانى کوردستان دەیان خوێندکارى پێگەیاندووە و سەرپەرشتیارى و سەرۆک و لیژنەى گفتوگۆى چەندین ماستەر و دکتۆرا بووە.

 لە سەرەتاکانى دامەزراندنى بنکەى روناکبیریى گەلاوێژ هاوکارى بنکە بووە و خەڵاتى رێزلێنانى بنکەى گەلاوێژى پێدراوە

 له ساڵی 2019 لە تەمەنی 85 ساڵیدا لە شارى سلێمانى کۆچی دوایی کرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌