هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

جەمیل سدقی زەهاوی

ساڵی 1863 لەبەغدا لەدایك بووە.

جەمیل سدقی زەهاوی كوڕی محەممەد فەیزی، بەرەچەڵەك ئەچێتەوە سەر بابا سلێمانی میری بابان. نازناوی زەهاوییان بۆیە بەسەردا بڕاوە چونكە حەسەن بەگی باپیرە گەورەیان ماوەیەك لەناوچەی زەهاو ژیاوە.

جەمیل سدقی شاعیرێكی گەلێ‌ بەتواناو پەخشان نووسێكی لێهاتوو بووە.

جەمیل لە بەغدا خوێندنی تەواو كردووە. هێشتا زۆر گەنج بووە كە كرا بەئەندامی ئەنجومەنی مەعاریفی بەغداو سێ‌ ساڵ پاش ئەوە بوو بە بەڕێوەبەری چاپخانەی ولایەتی بەغداو بەبەڕێوەبەری رۆژنامەی زەورا.

پاشان كرا بە ئەندامی دادگای ئیستئناف. لە تەمەنی 25 ساڵیدا تووشی نەخۆشییەكی سەخت هات‌و قاچی چەپی ئیفلیج بوو. ساڵی 1896 دەعوەت كرا بۆ ئەستەمبول‌و ئەم بە رێگەی میسردا رۆیی‌و لەوێ‌ لەگەڵ نووسەرو ئەدیبە بەناوبانگەكانی ئەو وڵاتەدا ئاشنایەتی پەیداكرد. لەسەر هەڵوێستی سیاسی، لەئەستەمبوڵ گیروگرفتی زۆری هاتە رێ‌‌و پاشان دوورخرایەوە بۆ یەمەن‌و ماوەی ساڵێكی لەوێ‌ بردە سەر‌و پاشان گەڕایەوە بەغدا.

دوای راگەیاندنی مەشروتییەتی دەوڵەتی عوسمانی بوو بەنوێنەری بەغداو لەئەستەمبوڵ نیشتەجێ‌ بوو. كەجەنگی یەكەمی جیهانی دەستی پێكرد گەڕایەوە بەغداو خەریكی خوێندنەوەو نووسین‌و ئەدەبیات بوو. پاش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق ساڵی 1925 كرا بەئەندامی ئەنجومەنی ئەعیان‌و لەم پۆستەدا مایەوە تا خانەنشین كرا.

جگە لەزمانی كوردی، دەسەڵاتێكی تەواوی بەسەر زمانەكانی عەرەبی‌و فارسی‌و توركیدا هەبووەو بە هەموویان شیعری نووسیوە. لەگەڵ شێخ رەزای تاڵەبانیدا شەڕە شیعری زۆری هەیە.

جەمیل سدقی ساڵی 1935 لە بەغدا كۆچی دوایی هه‌ر له‌وێ‌ بەخاك سپێردرا.

جەمیل سدقی زەهاوی لەپاش خۆی 15 بەرهەمی چاپكراوی بۆ بەجێ‌ هێشتووین.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌