پێنجشەممه - 9ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

2

جگەرخوێن

شێخ مووس کوڕی حەسەن ناسراو بە جگەرخوێن لە ساڵی 1903 لە باکووری کوردستان لە گوندی حەسار نزیک بە شاری ماردین لەدایکبووە. شاعیرێکی کورد زمانە.

بەمنداڵی شوانی و گاوانی کردوو، لەبەر ئەوەی نەداربوە و باوکی کۆچی دواییکردوە، خوشکەکەی گرتوویەتییە خۆی و بەخێوی کردووە و دواتر لەبەر ھێندە دەردە نەداری و ھەژاری بەناچاری گوندی حەسار جێدەھێڵن و لەساڵی 1914 بۆ گوندی ئـاموودە دەیگوێزنەوە.

ناردوویانە بەر خوێندن لە حوجرەی مزگەوت و ھەر چوار پارچەی كوردستان گەڕاوە و دواتر لەسەر دەستی مەلا عوبێد وەرگرتووە. لە ڕۆژئاوای كوردستان و ماوەیەكیش لە باشووری كوردستان و ڕۆژھەڵاتی كوردستان مەلایەتی كردووە.

 جگەرخوێن لەساڵی 1946 ڕوو دەكاتە شاری قامیشلی و دەست بەكاری ڕامیاری دەكات و دەبێتە ئەندامی پارتی جڤاتا ئازادی و یەكیەتییا كورد. لەساڵی 1948 ز دا دەبێتە ئەندامی پارتی كۆمۆنیستی سووری و لەساڵی 1954 ز دا بۆ ئەندامێتی پەرلەمانی سوریا دەپاڵێورێت. لەساڵی 1957 ز واز لەپارتی كۆمۆنیست دەھێنێت و ڕێكخراوی ئازادی دادەمەزرێنێت. ئەو ڕێكخراوەش پاشتر دەچێتە ناو پارتی دیموكراتی كوردستانی سوریاوە. لەساڵی 1959 ز دا جگەرخوێن ڕوودەكاتە باشووری كوردستان و تا ساڵی 1963 ز لە زانكۆی بەغدا دەبێتە مامۆستای وانەبێژ لە بەشی زمانی كوردی. دواتر دەگەڕێتەوە بۆ قامیشلی سەرقاڵی نووسین و كاری ڕامیاری دەبێت. ھەر لەو ساڵەدا و لە شاری دیمەشق دەخرێتە گرتووخانەوە.

 بۆ بەشداریكردن لە شۆڕشی مەلا مستەفا با‌رزانی جگەرخوێن لەساڵی 1969 ڕوو دەكاتە كوردستانی باشوور و چالكی كوردایەتی خۆی پێشكەشی شۆڕشی كورد دەكات.

 لە ساڵی 1973دا بەرەوو لوبنان دەچێت و لەوێش ھۆنراوەی كیمە ئەز دەنووسێت.

 جگەرخوێن لە ساڵی 1976دا بۆ سوریا دەگەڕێتەوە و لە ساڵی 1979 ناچار دەبێت ڕووبكاتە وڵاتی سوێد و لەوێ وەك پەناھەندەیەك دەگیرسێتەوە و بەنووسینەوە سەرقاڵ دەبێت و لە ساڵی‌ 1984 كۆچی دوایی دەكات و تەرمەكەی بۆ قامیشلی دەگوێزرێتەوە و لەوێ بەخاكی كوردستان دەسپێدرێت، ئەوەش ھەروەك خۆی پێش مردنی داوایكردبوو.

بەرهەمەکانی بریتین له 10 كتێب‌ كه‌ هه‌شتیان دیوانن.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌