پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

محەممەد سدیق کەبودوەند

محەمەد سەدیق کەبودوەند لە دایکبووی ساڵی‌ 1963ی‌ شارۆچکەی “دیواندەرەی پارێزگای سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە”، ساڵی 1997 لەگەڵ چەند نووسەر و رۆشنبیری ئێرانی لە تاران رێکخراوی ” یەکێتی بۆ دیموکراسی لە ئێران”یان دامەزراند، بەڵام “دوای تیرۆری” سەرۆکی ڕێکخراوەکە زۆربەی ئەندامانی رێکخراوەکە پەرتەوازەبوون.

کەبوودوەند دواتر و لە ساڵی‌ 2003 بووە سەرنووسەر و خاوەن ئیمتیازی ڕۆژنامەی “پیام مردم”، ڕۆژنامەکە بە “دەنگە دلێر و ئازاکەی‌ ڕۆژهەڵاتی کوردستان” ناسرابوو. بەوپێیەی بۆ یەکەمجار بوو ڕۆژنامەیەک لە ناوخۆی ئێرانەوە بە ڕاشکاوی باسی پرسی کورد لە ئێراندا بورووژێنێت، بەڵام ڕۆژنامەکە دوای دەرچوونی تەنها 12 ژمارەی و لە ساڵی‌ 2004دا لەلایەن حکومەتی ئێرانەوە داخرا.

کەبودوەند دواتر لە ساڵی 2005دا ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستانی دامەزراند، ڕێکخراوەکە لەلایەکەوە هەوڵی‌ دەدا لە ڕێگەی سمینار و کۆبوونەوەوە ئاستی ڕۆشنبیری هاوڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ زیاد بکات و لەلایەکی دیکەشەوە هەوڵی دەدا وڵاتان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئاگادار بکاتەوە لە پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا.

کەبودوەند لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەهۆی چالاکییەکانیەوە چەندین خەڵاتی نێودەوڵەتی پێدراوە، لەوانە ساڵی 2008 لەلایەن هیومەن رایتس وۆچەوە خەڵاتی “هێلمەن هامێت”ی پێدرا، ساڵی 2009 لە بەریتانیا خەڵاتی ڕۆژنامەنووسی ساڵی 2009ی پێدرا، کە خەڵاتەکە بە خەڵاتی ئۆسکاری ڕۆژنامەنووسانی بەریتانیا ناسراوە و ساڵی 2010 لەلایەن کۆمەڵێک ڕێکخراو و کەسایەتییەوە بۆ خەڵاتی ئاشتی نۆبڵ کاندید کرا.

کەبودوەند ساڵی 2007 دەستگیرکرا. بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نیشتمانی ئێران لەڕێگەی دامەزراندنی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان سزای 10 ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. هەروەها دواتر بە تۆمەتی چاپکردنی بابەتێک لە هەفتەنامەی پەیامی خەڵک سزای شەش مانگ بەندکرانی دیکەی بەسەردا سەپا.

سەرۆکی رێکخراوی مافی مرۆڤی کوردستان دوای 10 ساڵ زیندانیکردن ساڵی‌ 2017 ئازادکرا.  

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌