هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

کاوه‌ گەرمیانی

کاوە ئەحمەد محەمەد، ناسراو بە کاوە گەرمیانی لە وڵاتی ئێران لە شاری رەشت لە ئاوارەیی لە ساڵی 1979 لە دایک بووە.

کاوه‌ گەرمیانی سه‌رنووسه‌ری گۆڤارێك‌ و په‌یامنێری ده‌زگایه‌كی‌ راگه‌یاندن بوو.

پاش بەڕیکردنی تەمەنیک لە ئاوارەیی دێنە باشوری کوردستان و لە شاری کەلار نیشتەجێ دەبن.

کاوە گەرمیانی لە ساڵی 1984 دەخرێتە بەر خوێندن لە قوتابخانەی نیزالی پێشتر و مرواری ئێستا. قوناغی سەرەتای تەواو دەکات و لە قۆناغەکانی خوێندندا تا پۆلی دووەمی ناوەندی دەبڕێت و پاشتر لەبەر قورسی گوزرەرانی ژیان دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و روو لە کار و کاسبی دەکات لە پێناو مانەوە لە ژیان بۆ خۆی و بنه‌ماڵه‌كه‌ی‌. بەتایبەت پاش ئەوەی کە باوکی کۆچی دوای دەکات، بەمەیش قورسای خێزانەکەی دەکەوێتە ئەستۆ و له و پێناوەدا روو لە چەندین کار و کاسبی قورس دەکات و ژیانی بە هەژاری دەگوزەرێنێت.

له و دەمەی کە بارودۆخی ئابوری و سیاسی کوردستان لە نەوەدەکانی سەدەی رابردوودا رووی لە خراپی کردبوو، ئەمەیش وای لە زۆرێک لە هاوڵاتیان بە تایبەت گەنجان کرد کە روو لە هەندەران بکەن لە پێناو ژیانێکی باشتر و به‌و شێوە کاوە گەرمیانی بۆ چەندین جار رێگەی هات و نەهاتی هەندەران تاقی کردوەتەوە بەڵام لە هەموو جارەکاندا سنوورداش دەکرێتەوە و نەیتوانیەوە به و ئاواتەی بگات و هەموو جارەکان دیتەوە نیو خانوە قوڕێنەکەی و ژیانە هەژارانەکەی دەست پێ دەکاتەوە.

کاوە گەرمیانی جگە لە زمانی کوردی ئاشنای زمانەکانی تری فارسی و عەرەبی بووە و توانیویەتی له و رووه‌وه‌ سوودی لێ وەر بگرێت.

پێش ئەوەی کاوە گەرمیانی بێتە نیو دنیای رۆژنامەگەریەوە بە شیعر نووسین دەستی پێ کردووە و خۆی بە شیعرەوە خەریک کردووە، به و شێوەیە دەردەکەوێت لە رێگەی شیعرەوە تێکەڵی دنیای مەعریفە بووە هەر بۆیە لە ساڵی 2002 تێکەڵی دنیای‌ رۆژنامەگەری دەبێت.

سەرەتای کاری رۆژنامەگەری بە وینەگرتن دەستی پێ کردووە واتا فۆتۆ جۆرنالیست. پاشتر زیاتر لە بواری رۆژنامەگەریدا رۆچووە و چەندین راپۆرت و هەواڵی رۆژنامەنووسی ئامادە کردووە و لەگەڵ زۆرێک لە رۆژنامە و سایتەکاندا کاری کردووە، لە ساڵی 2007 بە دواوە بە شێوەیەکی فەرمی دەبێت بە پەیامنێر لە هەریەکە لە سایتی ئاوێنە و رادیۆی ئازادی و لێرەیشەوە زیاتر تێکەڵی کاری رۆژنامەنووسی بووە و زۆر تر کارەکانی بۆ بەدواداچوون بووە. هەر له‌و کاروانەدا بوەتە پەیامنێری هەریەکە لە رۆژنامەکانی ئاوێنە، کوردستان راپۆرت، رێگای کوردستان و گەرمیانی ئەمڕۆ.

کاوە گەرمیانی رۆژنامەنووس بۆ زیاتر کار کردن و خۆ تەرخان کردن بۆ هەڵماڵینی کەم و کوڕییه‌كانی‌ حكوومه‌ت و بیری لە دەرکردنی رۆژنامە و بڵاوکراوەی تایبەت و سەربەخۆ لە سنوری گەرمیان کردووە هەر بۆیە لە ساڵی 2011 کتێبێکی چاپ و بڵاوکردەوە لە ژێر ناونیشانی گەرمیان لە نێو بەڵگەنامە رەشەکاندا. پاشتر لە ساڵی 2012 بوو بە سەرنووسەری گۆڤاری گەڕان و درێژەی بە کاری رۆژنامەگەری خۆی داوە. لە ساڵی‌ 2012 بوو بە خاوەن ئیمتیاز و سەرنووسەری گۆڤارێکی دیكه‌ بە ناوی رایەڵ کە تا ساتی تیرۆر کردنی توانی 14 ژمارە له و گۆڤارە بڵاوبکاتەوە کە هەر بۆ خۆی زۆر ترین کارەکانی بە ئەنجام دەگەیاند.

کاوە جگە لە کاری رۆژنامەنووسی کەسێکی چالاکیش بووە لە بواری کۆمەڵگەی مەندەنیدا هەر بۆیە لە زۆرێک لە خۆپیشاندان و نارەزاییەتیەکاندا رۆڵی هەبووە تەنانەت لەسەر کاری رۆژنامەنووسی چەندین جار تووشی دەردەسەری و هەڕەشە و گرتن و لێدان بووەتەوە و تەنانەت له و پێناوەدا لووتی لە لایەن هێزە ئەمنیەکانەوە شکێنراوە.

کاوە گەرمیانی ئەندامی کارای سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامی فیدراسیۆنی رۆژنامەنووسانی جیهان بووە.

کاوە گەرمیانی ساڵی‌ 2012 ژیانی هاوسەر گیری لەگەڵ خاتوونی رۆژنامەنووس و کەس و کاری ئەنفالکراو شیرین ئەمین پێک دێنێ و ژیانێکی سادە و هەژارانە لە نێو خانویەکی قوڕدا دەگوزەرێنێت. هاوژینه‌كه‌ی‌ واته‌ شیرین دواتر بوو به‌ ئەندامی خولی پێنجه‌می‌ پەرلەمانی کوردستانه له‌سه‌ر لیستی‌ گۆڕان.

رۆژنامەنووس کاوە گەرمیانی لەسەر هەڵوێست و نووسینەکانی ساڵی‌ 2013 لە ماڵەکەی خۆیدا بەر دەست رێژی گوللە دەدرێت و گیانی‌ له‌ده‌ست ده‌دا و لە گۆڕستانی کەلاری کۆن بە خاک دەسپێردرێت.

ئه‌گه‌رچی‌ له‌سه‌ر كوژرانی‌ ماوه‌ گه‌رمیانی‌ به‌رپرسێكی‌ حیزبی‌ تۆمه‌تبار كرا، به‌ڵام دواتر لە سەر دۆسیەکە، كارمه‌ندێكی ئاسایش بە بڕیاری دادگا ده‌ستگیركرا و به‌ زیندانی هەتاهەتایی سزادرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌