کۆی دەنگەکان
0
مەحموودی مەلا عیززەت
مامۆستا مەحموود ساڵی 1939 لەگەڕەكی گۆیژەی شاری سلێمانی لەدایك بووە.
وەك نووسەرو رۆژنامەنووسو مێژوونووس خزمەتێكی زۆری كردووە.
قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیو ئامادەیی لە شاری سلێمانی تەواو كردووە.
ساڵی 1962 بڕوانامەی بەكالۆریۆسی بەشی مێژووی كۆلیجی پەروەردەی زانكۆی بەغدا بەدەستیهێناوە. لەدوای تەواوكرنی زانكۆ وەك مامۆستای مێژوو خزمەتی كردو لەوبوارەدا شوێن پەنجەی دیارە.
مامۆستا مەحموود هەر لەسەرەتای ژیانی گەنجییەوە تێكەڵاوی ژیانی سیاسی بوو، سەرەتا لەرێی رێكخراوە پیشەییەكانی قوتابیانو مامۆستایانەوە دەستی بەخەباتی رێكخراوەیی كردو گەیشتە ئاستە باڵاكانی ئەو دوو رێكخراوە. دواتر لەناو پارتی دیموكراتی كوردستاندا وەك كادرێكی چالاك كاری حزبی كرد.
ساڵی 1980 بەتۆمەتی هاوكاریكردنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی رژێمی بەعشەوە دەستگیر كراو لەزیندانەكانی كەركووكو بەغدا ئازارو ئەشكەنجەیەكی زۆر دراوە، بەڵام هیچی نەدركاندو ساڵی 1981 ئازاد كراو هەمان ساڵی پەیوەندی بەشۆڕشەوە كرد.
سەرباری كاری سیاسیو رێكخراوەیی، مامۆستا مەحموود خولیای كاری نووسینو رۆژنامەگەری بوو، وەك ئەندامی دەستەی نووسەران لە گۆڤارەكانی دەنگی مامۆستاو رزگاری خزمەتی كردووە.
ساڵانی 2000-2002 سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستانی نوێ بوو. مامۆستا مەحموود بەحوكمی ئەوەی لە بواری ئەرشیف لە وڵاتی سوید خزمەتی كردبوو و شارەزای ئەوبوارە بوو، لەوسونگەیەوە ساڵی 1997 رەزامەندی حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەرگرت بۆ دامەزراندنی دەزگای ئەرشیفی نەتەوەیی كوردستانو كاری جدی بۆ ئەو مەسەلەیە كرد.
مامۆستا مەحموود بێ لەكاری رۆژنامەنووسی، وەك نووسەرێكی دیارو خاوەن قەڵەمێكی بەبڕشت خزمەتی كردو لەوبوارەدا خزمەتێكی زۆری بەكتێبخانەی كوردی كردووەو خاوەنی چەندین كتێبی بەنرخی سیاسیو فیكریو مێژووییە، لەدیارترینیان ئەمانەنكاروانی بێ كۆتایی، جەمهوریەتی كوردستان، كورتەی ململانێی ستراتیجی ئاشایشی نەتەوە، كورتەی مێژووی فەلسەفە، دیپلۆماسێتی بزووتنەوەی كوردایەتیو چەندانی تر.
مەحموودی مەلا عیززەت لە ساڵی 2005 كۆچی دوایی كرد.