چوارشەممه - 8ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

7

مەحوی

مەلا موحەمەد کوڕی عوسمان بەڵخی ناسراو بە مەحوی مامۆستای ئایینی و یەکێک لە دیارترین ھۆنراوە نووسەکانی کورد بووە. و بە یەکێک لە چڵەپۆپەکانی شیعری کوردی دادەنرێت، ھۆنراوەکانی لە دەوری چەند تەوەرێکی جیاواز ئەسوڕێنەوە و سەرجەمی ھۆنراوەکانی لە دیوانی مەحویدا کۆکراونەتەوە

مێژونوسی کورد موحەممەد ئەمین زەکی بەگ دەڵێ لە ساڵی 1252 ی.ک (1836-1837 ی.ز) دا لە دایک بووە، مامۆستا عەلائەدین سەججادییش دەڵێ لە 1830 (1246 ی.ک) دا لە دایک بووە، و کاکەی فەلاحیش دەڵێ لە 1247 ی.ک (1831-1832 ی.ز) دا لە دایک بووە.

حەوت ساڵان بووە خراوەتە بەر خوێندن و ماوەیەک لای باوکی خوێندوییەتی، بۆ خوێندن چووەتە سنە و سابڵاغیش و لای مەلا عەبدوڵای پیرەباب خوێندویەتی ، پاشان گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و لای مەلا ناودارەکانی ئەو ناوچەیە خوێندویەتی، پاشان چوە بۆ بەغداد و بوە بە فەقێ زانای بە ناوبانگی کورد مفتی زەھاوی و ئیجازەی مەلایەتی لای ئەو وەرگرتووە.

پاش ئیجازە وەرگرتنی لە 1859 ی.ز دا بووە بە مەلای مزگەوتی ئیمامی ئەعزەم لە بەغدا، بەڵام لە 1862 دا بەغدای بەجێ ھێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و بوە بە ئەندامی دادگا. لە 1868 دا بە ھۆی مردنی باوکییەوە دەستی لە کاری میری کێشاوەتەوە و بوەتەوە بە مەلا و دەستی کردەوە بە دەرس وتنەوە بە فەقێیان.

ھەر بە ڕێچکەی باوکیدا تەریقەی گرتوەتەبەر و بووە بە خەلیفەی شێخ بەھائوددینی کوڕی شێخ عوسمانی تەوێڵە.

مەحوی لە 1883دا چووە بۆ حەج و لەوێوە چوە بۆ ئەستەنبوڵ و ڕێگەی پیاوماقوڵانی کوردەوە لە ئەستەنبوڵ چاوی بە سوڵتان عەبدولحەمید عوسمانی کەوتوە، سوڵتان ڕێزێکی زۆری لێگرتووە و فەرمانی داوە خانەقایەکیان لە سلێمانی بۆ کردۆتەوە کە ئێستا بە خانەقای مەحوی بەناوبانگە، مەعاشێکیشی بەناوی خزمەتکردنی ھەژارانەوە بۆ بڕیوەتەوە، دواتر گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی، تا مردنی.

مەحوی لە تشرینی یەکەمی 1906دا ژیانی دوایی ھات و لە یەکێک لە ژوورەکانی خانەقاکەیدا بە خاک سپێردرا.

مەحوی پیاوێکی باڵابەرز و سوور وسپی و چاوگەورە بووە، رێشێکی درێژی ھەبووە و بە نەرمی و ھێمنی قسەی کردووە، مێزەری سپی و کەواو سەڵتەی لەبەرکردووە، و ھەر لە سەرەتای ژیانییەوە خولیای گۆشەگیری بووە و گەرمی ھەست و سۆزەکانی دەرگای شیعری بۆ ئاوەڵا کرد، ھەروەھا ئەو ژینگە و خێزانەی مەحوی تیا پەروەردە بووە کردوویەتی بە شاعیرێکی تەسەووف، ھەروەھا شاعیرێکی وەردەکاربوو و تەواوکردنی ھەندێک لە قەسیدەکانی لە مانگێکەوە تا ساڵێکی خایاندووە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌