پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

مامۆستا شەپۆل

محەمەد ‌‌ساڵح ئیبراهیمی ناسراو به مامۆستا شەپۆل ساڵی‌ 1933 لە شاری مەهاباد له‌ رۆژهه‌ڵاتی‌ كوردستان لە بنەماڵەیەکی نیشتمانپەروه‌ر و ئایینیی له‌دایک بووه‌.

ناوی باپیری حاجی خەلیفە مەلا محەممەد ناسراوبە بەها عارف و خواناس و شاعیر و خەلیفەی ماڵباتی نەهری بووە، ناوی باوکیشی مەلا ئیبڕاهیم بووە کە لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بە خیرەد دەناسرا. مامۆستا شەپۆل دوای تەواوکردنی خوێندنی ئایینی لای چەندین مامۆستای بەناوبانگی سەردەمی خۆی لە لایەن مامۆستا مه‌لا حوسێن مه‌جدی وزیری دادی کۆماری کوردستان ئیجازه‌ وەردەگرێ و دەبێتە مەلای دوازدە عیلم و مامۆستا و وانەبێژی حوجرەکانی مەهاباد و دەڤەری موکریان.

 د. ساڵح ئیبڕاهیمی بۆ ماوەی چەند ساڵ وتاربێژی خانەقای مەهاباد و ئەمینداری شێخ عەبدوڵلا گەیلانی‌زادە دەبێ له‌ هه‌مانکاتدا بۆته‌ موده‌ریس و وانەبێژی مزگه‌وتی سوور تاکو لە ساڵی 1961 دا، لە ڕێگەی تاقیکاریی گشتییەوە لە زانکۆی تاران دەردەچێ و لە شەستەکان بڕوانامەی ماستەر لە بواری ئیلاهیات وەردەگرێ و دواتر بڕوانامەی دوکتۆرا لە بواری زمان و وێژەی عەرەبیدا بەدەست دێنێت.

 مامۆستا شەپۆل لە سەردەمی پاشایەتی پەهلەویدا دەس دەکا بە نوسینی کتێب و وتار و دەق بۆ ڕادیۆ کوردی تاران و هەر لە سەردەمەی حەمەڕەزا شادا قوڕئانی پیرۆزی بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە کە لەبەر قەدەغەبونی کتێبی کوردی لە سەردەمی حەمەڕەزاشا کتێبەکانی چاپ نەبوون.

 له‌ ساڵی 1962 هاوکاری له‌گه‌ڵ رادیۆی کوردی تاران ده‌ست پێ کردوه‌وه‌، گوتار و نوسراوه‌ی له‌ بابه‌ت کولتوور و فه‌رهنگی کورده‌واری نووسیوه‌. له‌ ساڵی 1969 به‌ هاوکاری مامۆستا جمیل ڕۆژبەیانی، دکتۆر سه‌دیقی موفتیێزاده‌. ئه‌حمه‌دی موفتی زاده‌. سواره‌ ئیلخانی‌زاده‌، شیخکانلوو، محەمە‌دی غفاری کانوونی زمانی کوردی له‌ تاران دادەمەزرێنن.

 لە دوای شۆڕشی گەلانی ئێران لە ساڵی 1979، هەلی چاپکردنی کتێبەکانی بۆ دەڕەخسێ. دکتۆر ئیبڕاهیمی یەکەم کەس بووە کە بە شێوەی فەرمی لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی 79 لە ئێراندا، دەبێتە پێشەنگی ڕۆژنامەگەریی کوردی و لە ساڵی 1981دا یەکەم ژمارەی گۆڤاری "گرشەی کوردستان" بڵاو دەکاتەوە. مامۆستا شەپۆل کەسایەتییەکی چالاک بووە و هەوڵێکی زۆری داوە تا، گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە مافەکانی شاد ببێت و چەندین جار لە هەشتاکانەوە تا ئێستا دوای مافەکانی گەلی کوردی لە کاربەدەستانی ئێران کردووە و لەسەر رێگەدان بە خوێندنی زمانی کوردی لە خوێندنگەکاندا، سووربوونی خۆی دەربڕیوە.

 دکتۆر ئیبڕاهیمی لە ماوەی تەمەنی فەرهەنگیی خۆیدا چل کتێبی نووسیوە و دەیان وتاریی لە رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاو بوونەتەوە. لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانی دەتوانین ئاماژە بکەینە بە وەرگێڕانی قورئان بۆ سەر زمانی کوردی کە چەندین جار لە ئێران و باشووری کوردستان چاپ بووە و کتێبی زانایانی کورد کە لە چەندین بەرگ دا بڵاو بووەتەوە

مامۆستا شەپۆل هەڵسووڕاوێکی ماندوونەناسی کۆمەڵایەتیی و فەرهەنگی بووە و دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر توانی لەگەڵ ژمارەیەک نووسەر و ڕووناکبیری کورد ئەنجومەنی زمان و فەرهەنگ و هونەری کوردیی لە شاری تاران دابمەزرنێنێ، هەروەها لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی دێرینیی خۆی، کۆڕی کوردانی تارانیان دامەزراند.

دکتۆر ئیبڕاهیمی بە دەیان ساڵ لە خوێندنگە و زانکۆکانی تاران مامۆستا بووە و تا ئێستا بە دەیان میدیای ئێرانی و کوردی و عەرەبی وتووێژیان لەگەڵ ئەنجام داوە و بۆ دەیان کۆنگرە و سمینار لە ئێران و باکوور و باشووری کوردستان بانگهێشت کراوە و ڕێزی لێگیراوە.

مامۆستا محەممەد ساڵح ئیبراهیمی بە کەسایەتییەکی زانا و نیشتمانپەروەر، ماندوونەناس و تێکۆشەر، خاوەن هەڵوێست، قسە خۆش و ڕەزاسووک و خاکەڕا، میوان دڵسۆزی خەڵک دەناسرا.

مامۆستا شەپۆل ساڵی‌ 2018 کۆچی دوایی کرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌