چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

مارف ئاغایی

مارف ئاغایی، کوڕی حاجی محەمەدی ئاغایی لە ساڵی‌ 1344 هه‌تاوی‌ (1966) لە گوندی وەزنێ سەر بە شاری نەغەدە له‌ناوچەی سندووس لەدایک بوو.

لە بنەماڵەی "پاشایی"یە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە شاری نەغەدە تەواو کرد. لە گەرمەی خوێندنی ناوەندیدا لەگەڵ بنەماڵەکەی چوونەتە شنۆ. لەوێش لە قۆناغی ئامادەییدا کە تێیدا ساڵێک زیندانی کراوە، لە خوێندن دابڕاوە.

ساڵی 1985 ھاوکات لەگەڵ دامەزرانی بنکەی ئەدەبی و فەرھەنگی گۆڤاری سروە دەستی بە بڵاو کردنەوەی شێعر و بەرھەم کرد و دوو ساڵ دواتریش لە ھەمان گۆڤاردا بۆتە ئەندامی دەستەی نووسەران. ئاکامی تەقەلاکانی بوووە مایەی بەرفراوان بوونی جوگرافیا و خوێنەری گۆڤاری سروە. ساڵی 1988 لەگەڵ "ئازەری سەمسامی" ژیانی ھاوبەشی دەست پێکرد و کچ و کوڕێک بە نێوی "شەونم" و "پەیام" بەرھەمی ژیانی ھاوبەشیان بوو. لە ساڵانی دوواییدا بەتاسەوە ھەوڵی خۆفێر کردنی زاراوەکانی زمانی کوردی دەدا و ھاوکاتیش لە ماوەیەکی کورتدا فێری زمانی ئینگلیزی دەبێ و ئاکامی ئەو تەقەلایەش وەرگێڕانی کتێبی "ناسیۆنالیستی کورد" بوو بۆ سەر زمانی کوردی. مارف جگەلە وەرگێڕانی کتێبی "ناسیۆنالیزمی کورد" کتێبی شێعر و چێرۆکەکانی بە نێوی "زەوی سەخت و ئاسمانی دور" پاش مەرگی بڵاو بۆتەوە کە لەلایەن رەخنەگر و شارەزیانی شێعری ھاوچەرخی کوردی لە کوردستانی ئێران بە کارێکی گرینگ و جۆرێک شێعری جیاواز لە قەڵەم داوە و چەندین لێکۆڵینەوەی لەبارەوە نووسراوە.

پاش خزمەت و ھەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و ئەنجامدانی گەلێک کاری بەنرخ و پڕۆژەی نوێ لە ناوەندی بڵاو کردنەوەی فەرھەنگ و ئەدەبی کوردی و گۆڤاری سروە، وەک رێکخستنی کۆنگرە، کۆنفرانسى ئەدەبی و فەرھەنگی ھەر لە ئیلامەوە بگرە ھەتا دەگاتە شاری ورمێ و دامەزراندنی پێوەندییەکی زۆر لەگەڵ ئەدیب و نووسەرانی ناوچە جیاجیاکانی کوردستان بۆ کاری ھاوبەشی فەرھەنگی، ساڵی‌ 1376، دوای گەڕانەوەیان لە پرسەی "مینا خانم"ی خێزانی "پێشەوا قازی"، لەگەڵ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری سروە، لە مەھابادەو بەرەو ورمێ، لە کاتێکدا لەگەڵ ھاوڕێکانی لە رەوتی پەنجاساڵەی ئەدەبی کوردی دەدوا، بە کارەساتی دڵتەزێنی ئۆتۆمۆبیل، لەگەڵ دوو ھاوڕێی تری، کاک جەعفەری قازی و کاک سەرتیپ مەنسووری، دڵە سەوز و پڕ ئەوینەکەیان لە لێدان کەوت و لە بەشی ناودارانی گۆڕستانی بوداغ سوڵتانی شاری مەھاباد لە نزیک گڵکۆی ھەژار و ھێمن بە خاک ئەسپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌