هەینی - 7ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

مارف خەزنەدار

مارف خەزنەدار لە ساڵی 1930 لە شاری هەولێر لە دایک بووە.

قوناغەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەولێر تەواو کردووە. لە زانکۆی بەغدا لە بەشی زمانی عەرەبی خوێندنویەتی.

لە ساڵی 1968 چووەتە یەکێتی سۆڤیەت و لەوێ بڕوانامەی دکتۆرای لە ئەدەبی کوردی بەدەست هێناوە.

پاشان گەڕایەوە و بووە مامۆستای بەشی کوردیی زانکۆی ئەدەبیاتی بەغدا و ھەروەھا بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی عەننابی جەزائیر و بەشی ئەدەبیاتی زانکۆی سەلاحەدین لە ھەولێر. خەزنەدار ئەندامی کۆڕی زانیاریی کورد بوو. سەرپەرشتی ژمارەیەکی زۆر نامەی زانکۆیی ماستەر و دکتۆرای کردووە.

دکتۆر مارف خەزنەدار یەکێکە لە دامەزرێنەرانی یەکێتی نووسەرانی کورد و ماوەیەکیش سەرنووسەری گۆڤارەکەیان، نووسەری کورد بووە، ھەروەھا چەند ژمارەیەکی گۆڤاری دەفتەری کوردەواریی دەرکردووە و لە گۆڤاری رۆژی کوردستان- شمس کوردستان دەستەی نووسەران و لە گۆڤاری کاروان ڕاوێژکاری ئەدەبی و رۆشنبیری بووە. خەزنەدار، بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1968 دا ڕۆژی بڵاوبوونەوەی یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان واتە ڕۆژی 22ی نیسانی 1898ی وەک ڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی دیاریکرد.

مارف خەزنەدار ھەر لە 50کانەوە دەستی بە نووسین کردووە و وتاری بڵاوکردۆتەوە. یادداشتە ڕۆژانەکانی خۆی لە ساڵی 1930 ھەتا ساڵی 1991 لە دووتوێی 7 بەرگدا نووسیوەتەوە بەناوی دیجلەی ھزرم. دوا بەرھەمیشی بریتییە لە کتێبی مێژووی ئەدەبی کوردی، کە لە 7 بەرگدا چاپی کردووە. دکتۆر مارف خەزنەدار، خاوەنی نزیکەی 30 کتێبی چاپکراوە.

دکتۆر مارف خەزنەدار لە تەمەنی 80 ساڵیدا، لە نەخۆشخانەی شیفا لە شاری هەولێر لە ساڵی‌  2010دا کۆچی دوایی کرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌