پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

مەسعود محەممەد

مەسعود محەممەد، ساڵی 1919 لە شاری كۆیە لە بنەماڵەیەكی ئایینی‌ لەدایكبووە.

نووسەرو توێژەرو بیرمەندی گەورەی كورده.

 قۆناغی ناوەندی‌و ئامادەیی لە هەولێر ساڵی 1940 تەواوكردووەو ساڵی 1945یش خوێندنی كۆلیژی مافی لە بەغدا وەرگرتووەو بووەتە پارێزەرێكی یاساناس

مامۆستا مەسعود لە ژیانی كۆمەڵایەتی‌و ڕامیاری دا گەلێك فەرمانی گرتەئەستۆ وەك: نوێنەری خەڵكی ناوچەی كۆیە لە پەرلەمانی عێراق لە ھەردوو دەورەی ساڵانی 1953 و 1954 و لەدوای شۆڕشی 14ی تەمموزی 1958یش كرا بە ئەندامی لیژنەی چاكسازیی كشتوكاڵ لە عێراق دا و لەگەڵ چەند یاساناسێكی دیكەدا یاسای چاككردنی كشتوكاڵ‌و ئاودێریی داناو ئەو یاسایە لە 30ی ئەیلولی 1958دا بەناوی یاسای چاككردنی كشتوكاڵ لە كۆماری عێراق دا بڵاوكرایەوە.

مامۆستا مەسعوود محەممەد لە ساڵی 1964دا بەناوی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان كرایە وەزیری دەوڵەت لە كابینەی تاھیر یەحیا دا، تاكو ساڵی 1965 و لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا كرا بە ئەندام لە ئەنجومەنی گشتی خدمە و لەپاش دامەزراندنی كۆڕی زانیاری كورد لە 29\8\1970 دا لە شاری بەغدا كرا بە ئەندامی كارای ئەو كۆڕەو بەجێگری سەرۆكی دەستەی كۆڕو كاتێكیس لەدوای هەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا كۆڕی زانیاری عێراق - دەستەی كورد مامۆستا مەسعوود وەك سەرۆكێكی كارا لە كۆڕ مایەوە.

شێوازێكی تایبەتی هەبوو لە نووسینەكانی دا، كە لەگەڵ بەرنامەی لێكۆڵینەوەی زانستیدا نەدەگونجا وەك ئەوەی ئەوەندە گوێی بە پۆلینكردنی بابەتی نووسینەكانی نەدەدا، ناونیشانی سەرەكی و سەردێڕی لاوەكی بەسەر یەكەوە پێشكەشدەكردو باكی نەبوو گەر پتر لە سەد لاپەڕە لە نووسینەكانی لەژێر یەك ناونیشانی یاخود بێ ناونیشان بخاتە بەردەم خوێنەری بابەتەكانی.

مەسعوود محەممەد لە ژیانی بیرمەندیندا زنجیرەیەك لێكۆڵینەوەی بەپێزی لە دووتوێی پەرتوكی قەبارە گەورەدا بەچاپ گەیاندووە.

لەدوای ڕاپەڕینی خەڵكی باشووری كوردستان لە بەهاری ساڵی 1991و مامۆستا گەڕایەوە كوردستان تاكو لە ساڵی 2002 كۆچی دوایی كردو لە كۆیە لە تەنیشت گۆڕی مەلای گەورەی باوكی بەخاكی سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌