شەممه - 1ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

11

مە‌ستورە‌ ئە‌ر‌دە‌ڵان

 ماھ شە‌رە‌ف خانم حەسەن محەممەد ناسراو به مە‌ستورە‌ی ئە‌ر‌دە‌ڵان لە ساڵى 1803 لە شارى سنە لە بنەماڵەی قادرییەکان لە دایکبووە.

 شاعیر و مێژونوسی کوردە‌.

 باوکی مەستورە لە‌ پیاوە‌ رە‌سە‌نە‌کانی شارى سنە‌ بووە‌ و هەوڵیداوە کچەکەى بخوێنێت.

 بە هاوکاری باوکى شارەزاییەکی تەواوی لە زمانی کوردی و فارسیدا په‌یدا کردووه‌.

 لە تەمەنی 17ساڵی دا بە بێ خواستی خۆی ژیانی هاوسەری لەگەڵ خەسرەو خان کوڕی ئەمانوڵا خانی ئەردەڵان حاکمی شاری سنە و پێکهێناوە.

 بەهۆى ئەوەى شووى بە خەسرەو خان کردووە کە ئەردەلانى بووە، بۆیە ئەویش نازناوى ئەردەلانى بۆخۆى هەڵبژاردووە.

 لە‌ سەردەمى خو‌سرە‌و خانی ئە‌ردە‌لان والیی سنە‌، خان و ماڵە‌ قادرییە‌کان لە‌ یە‌کتر رە‌نجاون و دواى ئاشتبونە‌وە‌ مە‌ستوورە‌ بۆتە‌ خێزانی خەسرە‌و خان.

 لەدواى مردنى هاوسەرى بە نەخۆشى جگەر حکوومەتى ئەوکاتەى ئێران بڕیارى دەستگیرکردنى هەندێ لە میرەکانى ئەردەلانیدا، بۆیە مەستورەى ئەردەلانى لەگەڵ میرزا عەبدوڵڵاى مامى هاتۆتە سلێمانى و شارەزوور.

 هەموو کاتەکانی خۆى بە خوێندی شیعر و نووسینی مێژوو بردۆتەسەر .

 شیعرى بە زمانى کوردی و بە‌ فارسی نووسیوە.

 زۆربە‌ی شیعرە‌کانی لە‌ ناو چوونە، تە‌نیا دوو هە‌زار بە‌یتێکی ماوە‌تە‌وە‌.

 شیعرە کوردییە‌کانی زۆر کە‌م ماون.

 لە ساڵى 1847 لە تەمەنى 44 ساڵى لەشارى سلێمانى کۆچى دوایى کردووە و لە گردى سەیوان بەخاکسپێردراوە.

 دوای تێپەڕبوونی 165 ساڵ بەسەر کۆچی دواییدا، گڵکۆکەى لە گۆڕستانی سەیوان لە شاری سلێمانی دەدۆزرێتەوەو لەلایەن مۆزەخانەی نیشتمانی ئەمنە سورەکەوە نوێدەکرێتەوە.

 پووران درەخشەندە، فیلمساز و دەرهێنەر و نووسەری سینەمای ئێرانى چەندین بەڵگە لەسەر ژیانى کۆکردۆتەوە بۆ ئەوەى فیلمێکى سینەمایى لەسەر ژیانى مەستورە ئەنجامبدات.

 لە چەندین شارى کوردستان پەیکەرى بۆ دروستکراوە.

چەند بەرهەمێکى لەدواى خۆى جێهێشتووە، لەوانە:

 دیوانى مەستورەى کوردستانى، کە بە زمانی فارسی نوسیویەتى، نزیکەی 2000 بەیتی لەخۆگرتووە و تا ئێستا چەندین جار لەچاپدراوەتەوە.

 مێژووى ئەردەڵان، یەکەمینجار بە زمانی فارسی لەچاپدراوە.

 بڕوای مەستوورە، نامیلکەیەک لەبارەى بیروباوەڕى ئیسلامەوە.

 کۆمەڵەى ئەدیبان، کە باس لە ژیانى ئەدیبان و نووسەران دەکات.

 لە ساڵى 2016 سەرچاوەکانى هەواڵى ئێران لە زارى مامۆستایەکی زانکۆی کوردستان، هەواڵی دۆزینەوەی پەرتووکێکی دەسنووسی 80 لاپەڕەیی ژنە شاعیری ناوازەی کورد، مەستوورەی ئەردەڵانی لە کتێبخانەی شاری تەورێز ڕاگەیاند، کە بە شێوەی پەخشان نووسراوە و یەک مانگ دوای کۆچی دوایی مەستورە بڵاوبۆتەوە، دواى پێداچوونەوە و ساغکردنەوەی پەرتووکەکە، پێشکەش بە زانکۆی کوردستان لە شاری سنە کراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌