شەممه - 1ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

2

مستەفا ساڵح كەریم

مستەفا ساڵح کەریم، لەدایکبووی ساڵی 1933ی شاری سلێمانیە له باشوورى كوردستان.

نووسەر ‌و رۆژنامەنووسێكی دێرین ‌و بەتوانای كورد بوو.

له‌ ساڵی 1948 له‌ قۆناغی چواره‌می ئاماده‌یی به‌شی زانست له‌سه‌ر چالاكی سیاسی بۆ ماوه‌ی ساڵێك فه‌سڵكراوه‌، دوای ته‌واوبوونی فه‌سڵه‌كه‌ی به‌پێی بڕیاری ته‌حقیقات ـ ئه‌من له‌ ئاماده‌یی وه‌رنه‌گیراوه‌ته‌وه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ چووه‌ته‌ ـ خانه‌ی مامۆستایان- له‌ به‌غدا.

ساڵی 1951 له‌لایه‌ن ته‌حقیقاتی جینائیه‌وه‌ له‌ به‌غدا گیراوه‌. هه‌ر له‌و ساڵه‌ ئازادبووه‌ به‌ كه‌فاله‌تی كه‌سی زامن، یان به‌ندكردنی بۆ ماوه‌ی ساڵێك.

 دوای ته‌واوكردنی خوێندن به‌پێی به‌رزی نمره‌كانی پاڵێوراو بووه‌ بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی وڵات بۆ خوێندنی باڵا، به‌ڵام ته‌حقیقاتی جینائی رێی پێنه‌داوه‌.

له‌بواری په‌روه‌رده‌دا ماوه‌ی 32 ساڵ مامۆستاو به‌ڕێوه‌به‌رو سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی بووه‌ له‌ قه‌ڵادزێ و سێوسێنان و دارۆخان و چوارتاو سلێمانی و فه‌لوجه‌و رومادی.

ساڵی 1973 له‌ كۆرسی سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌ له‌ زانكۆی موسته‌نسریه‌ به‌ سێیه‌می عیراق ده‌رچووه‌.

ساڵی 1963 دوای كوده‌تای به‌عس گیراوه‌و ساڵ و نیوێك له‌ به‌ندیخانه‌ی سلێمانی و مه‌وقیفی عام له‌ به‌غداو مه‌وقیفی خلف السده‌و مه‌وقیفی سه‌رای به‌غداو مه‌وقیفی كه‌ركوك ته‌وقیف بووه‌. پاشان دوای رووخانی به‌عس دیسان هه‌ر به‌ كه‌فاله‌تی كه‌سی زامن یان به‌ حه‌پسی ساڵێك ئازادبووه‌.

لە 1970-1974 لە چوار کۆنفراسدا چوار جار بەسکرتێری لقی سلێمانی یەکێتی نووسەران هەڵبژێرراوە و ساڵی 1978 دوای گەڕانەوەی لە ڕومادی بەسەڕۆکی لق هەڵبژێراوە.

له‌ژیانی مامۆستایه‌تیدا چه‌ندینجار توشی دوورخستنه‌وه‌ بووه‌ چ له‌ناو پارێزگای سلێمانی و چ له‌ده‌ره‌وه‌ی، دواجاریان ساڵی 1975 بوو بۆ رومادی دوورخرایه‌وه‌و سێ ساڵ له‌وێ مایه‌وه‌.

له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی به‌رامبه‌ر به‌عس و قسه‌كردنی له‌چه‌ند كۆڕێكی ئه‌ده‌بی و په‌روه‌رده‌ییدا، ساڵی 1984 له‌ وه‌زیفه‌ دوورخرایه‌وه‌، له‌سه‌ر داوای ئه‌من دوور له‌ویستی خۆی خانه‌نشین كرا، دوای ئه‌وه‌ش تا راپه‌ڕین هه‌میشه‌ له‌ژێر فشارو گوشاری ئه‌مندا بوو.

له‌بواری ئه‌ده‌بیدا نیو سه‌ده‌ زیاتره‌ ده‌نووسێت و هه‌میشه‌ قه‌ڵه‌می له‌خزمه‌تی گه‌لدا بووه‌، چه‌ندین به‌رهه‌می ئه‌ده‌بی به‌چاپ گه‌یاندووه‌، له‌بواری نووسین و چیرۆك نووسین و وه‌ڕگێڕاندا به‌ كوردی و به‌ عه‌ره‌بی رۆڵی دیاری هه‌بووه‌. هه‌روه‌ها رۆژنامه‌نووسێكی‌ به‌توانا بوو‌و له‌ چه‌ندین رۆژنامه‌دا كاری‌ كردووه‌.

مستەفا ساڵح کەریم لە بواری ئەدەبیدا، خاوەنی زیاتر له‌ 10 کتێبی ئەدەبییە بە زمانی کوردی و عەرەبی، کە بەشێکیان کۆمەڵە چیرۆکن.

له‌ چه‌ندین كۆنگره‌ی‌ ئه‌ده‌بی‌‌و رۆژنامه‌نووسی نێ,خۆیی‌‌و نێوده‌وڵه‌تی‌ به‌شداری‌ كردووه‌ وه‌كوو كۆنگره‌ی ئۆپۆزسیۆنی عیراقی له‌ له‌نده‌ن 2002، كۆنگره‌ی رووناكبیرانی عیراق له‌ له‌نده‌ن 2002، كۆنگره‌ی بیست و پێنجه‌مینی رۆژنامه‌نووسانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ئه‌سینا 2004، كۆنگره‌ی 26 له‌ مۆسكۆ 2007 و كۆنگره‌ی 27 له‌گادیز له‌ ئیسپانیا 2010 به‌شداریكردووه‌.

مستەفا ساڵح ساڵی‌ 2018 لە شاری سلێمانی كۆچی دواییكرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌