شەممه - 1ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

0

مستەفا سلێمان

مستەفا سلێمان عەبدوڵڵا ساڵی 1938 لە شاری سلێمانی لەدایك بووە‌.

كەسایەتییەكی دیاری زانستی‌و رووناكبیری كوردستانە‌و بەهێمنی وەك سەربازی ون، لەرێی بەرهەمە ئەدەبی‌و زانستییەكانییەوە خزمەتێكی زۆری بەكاروانی رۆشنبیری‌و زانستیی كوردستان كردووە.

قۆناغەكانی خوێندنی سەرەتایی‌و ناوەندی‌و ئامادەیی لەشاری سلێمانی تەواو كردووە.

خوێندكارێكی زیرەك‌و بەتوانا بووە‌و لە دوا قۆناغی ئامادەیی نمرەی بەرزی بەدەستهێناوە‌و لە كۆلیجی ئەندازیاریی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە‌و بەسەركەوتوانە تەواوی كردووە.

دواتر وەك ئەندازیار لە وەزارەتی پیشەسازی عیراق‌و كارگەی شەكری سلێمانی خزمەتی كردووە‌و ئەندازیارێكی زیرەك‌و بەتوانا بووە.

مستەفا سلێمان هەر لەسەردەمی لاوی‌و لە ناوەڕاستی ساڵانی پەنجاكانی سەدەی رابردوەوە، خولیای جیهانی ئەدەب بەگشتی‌و شیعر بەتایبەتی بووە‌و بەرهەمەكانی لەرۆژنامە‌و گۆڤارەكانی وەك هەتاو، ژین، هیوا‌و روناكی بڵاو كردۆتەوە.

ئۆپەرێتیشی نووسیوە‌و ئۆپەرێتی كوردستان كە نەورۆزی 1958 نوسیوێتی یەكێكە لە بەرهەمە جوان‌و رەنگینەكانی كە تەعبیری لەهەر چوار پارچەی كوردستان كردووە‌و لەلایەن خۆی‌و خوێندكارانی زانكۆی بەغداوە نمایش كراوە.

بێ‌ لەبواری ئەدەب، مستەفا سلێمان بایەخی زۆری بەفەرهەنگی زانستی داوە‌و خاوەنی شاكارێكی زانستی گەورەیە، ئەویش فەرهەنگی زاراوەی زانستییە كە بەزمانەكانی ئینگلیزی‌و كوردی‌و عەرەبی لەدووتوێی 550 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا نووسراوە‌و ساڵی 2014 بۆ جاری دووەم چاپكراوە. ئەم فەرهەنگە فەرهەنگێكی زانستیی گرنگە‌و رشتە زانستییەكانی وەك بیركاری‌و زیندەوەرزانی‌و فیزیا‌و كیمیا‌و پزیشكی‌و ئابوری‌و جیۆلۆجی‌و ئەندازیاری‌و یاسا‌و جوگرافی‌و گەردوونناسی‌و زمانناسی لەخۆگرتووە‌و سەرچاوەیەكی بەنرخە بۆ خوێندكاران بەگشتی‌و خوێندكارانی بەشە زانستییەكانی زانكۆكان بەتایبەتی.

لەبواری كوردایەتی‌و نیشتمانپەروەریشدا رۆڵی دیار‌و پرشنگداری لەبزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستاندا هەبووە.

پاش زیاتر لەنیو سەدە لەخزمەتكردن لەكایەكانی ئەدەبی‌و زانستی‌و كوردایەتیدا، لە ساڵی‌ 2019 بۆ دواجار ماڵئاوایی كرد‌و لەگردی سەیوانی شاری سلێمانی بەخاك سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌