کۆی دەنگەکان
0
ممتاز حه‌یده‌ری
ممتاز حه‌یده‌ری له‌دایكبووی ساڵی 1938 له هه‌ولێری باشووری كوردستانه.
له‌به‌ر ره‌وشی ناله‌باری خێزانه‌كه‌یان و به‌ندكردنی برا گه‌وره‌كانی ساڵی 1949 له‌خوێندن داده‌برێت. پاش شه‌ش ساڵ دووباره له پۆلی چواری سه‌ره‌تایی ده‌ست ده‌كات به‌خوێندن. تا سێی ناوه‌ندی به‌پله‌ی زۆرباش خوێندن ده‌بڕێت. به‌ڵام دیسانه‌وه له‌به‌ر باری ئاڵۆزی ئه‌وسای باشووری كوردستان له 1961 ده‌ستبه‌سه‌ر و ره‌وانه‌ی خوارووی عێراق ده‌كرێت. له‌تاقیكردنه‌وه‌ی به‌كه‌لۆری بێبه‌ش ده‌كرێت و پاش ساڵێكیش له‌به‌ندیخانه ئازاد ده‌كرێت.
ساڵی 1960 به‌پێی بڕیارێكی حزبی شیوعی رێكخراوی هه‌ولێر - به‌په‌یامنێری رۆژنامه‌ی ئازادی ده‌ستنیشان ده‌كرێت.
پاش ده‌رچوونی له‌زیندان ساڵی 1962، له‌كه‌ركوك له‌ڕاگه‌یاندنی نهێنی حزبی شیوعی، لقی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
دوای كوده‌تای ره‌شی 8 شوباتی 1963، روو له‌شاخ ده‌كات، تا 30/6/1964 كاری رۆژنامه‌گه‌ری ده‌كات.
ساڵی 1964 به‌پێی بڕیاری حزب ده‌گه‌ڕێته‌وه به‌غداو پاش ماوه‌یه‌كی كورت له ده‌زگای چاپه‌مه‌نی حزبی شیوعی عیراق به نهێنی له جه‌رگه‌ی به‌غدا له‌ڕۆژنامه‌ی گریق الشعب تا ساڵی 1966 ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
دیسانه‌وه به‌بڕیارێكی حزبی شیوعی به نهێنی ده‌چێته مۆسكۆ و په‌یمانگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی زانسته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌سه‌ركه‌وتوویی ته‌واوده‌كات و له‌چه‌ند ده‌وره‌یه‌كی كورتخایه‌نی پارتیزانی، چاپه‌مه‌نی و زانستی ده‌روونی به‌شداریده‌كات.
له‌ساڵی 1968 به‌نهێنی ده‌گه‌ڕێته‌وه عیراق و دیسانه‌وه له‌ده‌زگای راگه‌یاندنی حزبی شیوعی له‌شاری به‌غدا، له رۆژنامه‌ی گریق الشعب بۆماوه‌ی ساڵێك به‌رده‌وامده‌بێت.
له‌كۆتایی ساڵی 1968 له‌ده‌زگا سه‌ره‌كییه‌كانی قوتابیان و كرێكاران سه‌ركردایه‌تی حزبی شیوعی عیراق بۆ ماوه‌یه‌كی كورت ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
له‌سه‌ره‌تای 1969 له‌لایه‌ن به‌عسیه فاشیسته‌كان ده‌ستگیرده‌كرێت له قصر النهایه له‌سه‌ر ده‌ستی داروده‌سته‌كه‌ی نازم گزاری جه‌لاد توشی ئه‌شكه‌نجه‌یه‌كی زۆر ده‌بێت، پاشان به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ی حزبی شیوعی له‌به‌عس ئازاد ده‌كرێت.
پاش ده‌رچوونی له‌به‌ندیخانه‌ی قصر النهایه به‌ماوه‌یه‌ك واز له‌كاری حزبایه‌تی حزبی شیوعی عیراق ده‌هێنێت و زیاتر وه‌كو خاوه‌ن قه‌ڵه‌مێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ڕاگه‌یاندن كاری ده‌كرد.
پاش رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئاداری 1970 به‌یه‌كجاره‌كی ده‌گه‌ڕێته‌وه كوردستان و له‌شاری هه‌ولێر نیشته‌جێ ده‌بێت.
پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ هه‌ولێر له‌سه‌ره‌تای رێككه‌وتننامه‌كه‌ی 11ی ئاداردا له‌هه‌فته‌نامه‌ی هاوكاری ده‌ستبه‌كار ده‌بێت، له‌هه‌مانكاتدا ئه‌ندامێكی هه‌ره‌چالاكی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد‌و كۆمه‌ڵه‌ی رۆشنبیری كورد‌و لقی هه‌ولێر ده‌بێت.
ئه‌ندامی ده‌سته‌ی نووسه‌رانی گۆڤاری نووسه‌ری نوێ و گۆڤاری رۆشنبیر‌و سكرتێری نووسینی گۆڤاری نووسه‌ری كورد- خولی دووه‌م- مه‌ڵبه‌ندی گشتی ده‌بێت.
له‌مانگی ئۆكتۆبه‌ری 1976 له‌ڕۆژنامه‌ی هاوكاری به‌بڕیاری عوسمان فائیق له‌ڕۆژنامه‌كه ده‌رده‌كرێت. پاشان له‌ڕۆژنامه‌ی العراق و پاشكۆكه‌ی داده‌مه‌زرێت، دیسانه‌وه له‌مانگی ته‌موزی 1979 به‌بڕیاری مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره - نووسینگه‌ی شیمال له‌ڕۆژنامه‌كه ده‌رده‌كرێت.
له‌مانگی نیسانی 1980 كتێبخانه‌یه‌كی ئه‌هلی بۆ فرۆشتنی كتێب و فۆتۆكۆپی به‌ناوی كتێبخانه‌ی حه‌یده‌ری ده‌كاته‌وه. كه شایانی باسه، رۆشنبیران ده‌زانن ئه‌و كتێبخانه‌یه ده‌ورێكی گه‌وره‌ی كلتووری ـ سیاسی به‌رچاوی گێڕا.. بۆیه كه ساڵی 1985 له‌لایه‌ن ده‌زگای ئه‌منی ئاسایش- ده‌سه‌ڵاتی به‌عس داده‌خرێت و زیانێكی ماددی زۆر گه‌وره به‌خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت.
له‌كۆنگره‌ی 5ی یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد، وه‌كوو ئه‌ندامێكی سه‌ربه‌خۆ له‌ده‌ره‌وه‌ی لیستی ده‌سه‌ڵات بۆ مه‌ڵبه‌ندی گشتی هه‌ڵده‌بژێرێت، شایه‌نی باسه، كۆنگره‌ی 5 یه‌كێتی نووسه‌رانی كورد له‌دژی سیاسه‌تی حزبی به‌عس، سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێنا.
پاش راپه‌ڕینی به‌هاری 1991 له‌تێكڕای ده‌زگاكانی نووسه‌ران، رۆژنامه‌نووسان، چالاكی مه‌ده‌نی چالاكییه‌كی به‌رچاوی نواندووه. ماوه‌یه‌ك له‌ده‌سته‌ی نووسه‌رانی رۆژنامه‌ی كوردستانی نوێ بووه.
له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی براكوژی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاشتی بووه.
دوو ده‌وره، وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی خاوه‌ن ئه‌زموون و سه‌ربه‌خۆ، سكرتێری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بووه، ده‌ورێكی كاریگه‌ری له‌به‌ره‌وپێشبردنی سه‌ندیكا گێڕاوه.
سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری رۆژنامه‌ڤانی بووه، كه بۆ یه‌كه‌مجار له‌مێژووی رۆژنامه‌نووسی كوردیدا، گۆڤارێكی تایبه‌تمه‌ند به‌كلتووری رۆژنامه‌نووسی له‌كوردستان و ته‌نانه‌ت له‌عیراقیش ده‌رچووه، ئه‌م گۆڤاره سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان ده‌ریده‌كرد.
بۆ ماوه‌یه‌كی كورت راوێژكار بووه له‌وه‌زاره‌تی رۆشنبیری حكومه‌تی كوردستان، هاوكات به‌پله‌ی راوێژكار خانه‌نشین كراوه.
له‌یه‌كه‌م پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی ساڵی 1960ـه‌وه وه‌كو په‌یامنێر له‌ڕۆژنامه‌ی ئازادی سه‌ر به‌حزبی شیوعی عیراق تا ساڵی 2015 به‌هه‌ر جۆرێك بووه، به‌نهێنی ، یان به‌ئاشكرا مه‌یدانی نووسین و چالاكی كلتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی بوێرانه به‌رده‌وامبووه‌و تائێستا به‌سه‌دان بابه‌تی نووسین وتار‌و رێپۆرتاژو لێكۆڵینه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی بڵاوكردووه‌ته‌وه، زیاتر له‌په‌نجا دیداری فراوانی هه‌مه‌ڕه‌نگی ته‌له‌فزیۆنی و رۆژنامه‌نووسی له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامداوه.
ساڵی 1999 بڕی 5 كیلۆگرام TNT له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی بۆ تیرۆركردنی ته‌قینرایه‌وه. كاردانه‌وه‌یه‌كی زۆر توندی لێكه‌وته‌وه.
تائێستا 8 كتێبی نووسین و ئاماده‌كردن بڵاوكردووه‌ته‌وه: جه‌نابی مه‌لای گه‌وره ـ لێكۆڵینه‌وه - مسته‌فا شه‌وقی و په‌یژه رۆژنامه‌نووسی، لێكۆڵینه‌وه یادی چل ساڵه‌ی شۆڕشی ئه‌یلول 1961- 2001 دیكۆمێنتی داری ماوه‌ران مشتومڕێكی سیاسی كۆنگره‌ی نه‌وه‌ت ساڵه‌ی بارزانی نه‌مر، كۆنگره‌ی سه‌د ساڵه‌ی بارزانی نه‌مر دوو به‌رگ یادی 25 ساڵه‌ی جینۆسایدی كوردان، قامووسی ناوه نه‌مره‌كان- به‌رگی یه‌كه‌م.
له‌ساڵی 2008ـه‌وه سه‌رنووسه‌ری دوو گوڤاری ناوداری سه‌رتاسه‌ری سه‌ربه‌خۆی كوردستانییه: گۆڤاری K21، له‌یلا قاسم كه هه‌ردووكیان كلتووری و زانستی و مێژوویی وه‌رزی ئازادان.
له‌و ڕۆژه‌وه‌ی له‌ناوه‌ڕاستی 1969 كاری حزبی جێهێشتووه، وه‌كو رۆژنامه‌نووسێكی ناسراوی سه‌ربه‌خۆو چالاكوانێكی مه‌یدانی كلتووری - سیاسی- به‌رده‌وامبووه.