پێنجشەممه - 9ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

1

محەممەد ئەمین زەکی بەگ

محەممەد ئەمین زەکی بەگ کوڕی حاجی عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1880دا لە گەڕەکی گوێژەی شاری سلێمانی لە دایکبووە.

ئەمین زەکی بەگ ئارەزووی لە ھۆنراوە، وێژە، خۆشنووسین و نیگارکێشان بووە و زمانەکانی کوردی، عەرەبی، فارسی، تورکی، ئێنگلیزی، ئەڵمانی و فەڕەنسی زانیووە و لەبەر زیرەکی و لێوەشاوەیی بە «زەکی» ناوبانگی دەرکردووە.

لە ساڵی 1892 چووتە فێرگەی موڵکیی سەرەتایی سلێمانی پاشان ماوەیەکیش لە فێرگەی مەلا عەزیز خوێندویەتی. لە ساڵی 1893 چووەتە فێرگەی ڕوشدیەی سەربازی سلێمانی و دوای دوو ساڵ خوێندن چوونەتە ڕوشدیەی سەربازی بەغدا ساڵی 1898 چووەتە کۆلێژی سەربازی ھەروەھا بەشی ئەرکانی ئەستەمبۆل کە لە ساڵی 1902 بە پلەی «رەئیس چاک» دەرچووە و لە لەشکری عوسمانی شەشەمی بەغدا دامەزراوە.

ساڵی 1903 تا تەممووزی 1924 لە لەشکری عوسمانیدا چەند جۆر پلەی بڕیووە، لەگەڵ گەڕانەوەشی بۆ عێراق لە 1925/2/2 تاکو 1925/7/15 فەرمانی دووەم پشکنەر فەرماندەی فێرگەی سەربازی عێراقی بووە. ساڵانی 1925-1928-1937 نوێنەرەی ھەڵبژێراوی بۆ یەکەمجار لە شالیارێتی عەبدولموحسین ئەلسەعدوندا بووە بە شالیاری کارداری و ھامووشۆ تا 1941/11/10 بۆ 10 جار لە شالیاریتیەکانی زانستی، بەرگری، ئابووری و ھامۆشۆدا بووە.

لە 1942/2/10 لە بەر نەخۆشی بەیەکجاری دەستی لە کاروباری میری ھەڵگرت.

بە تورکی و عەرەبی و کوردی سەبارەت بە مێژووی جەنگ و لەشکر و مێژووی ڕامیاری و کوردستان خاوەنی بەرھەمی بەنرخە.

محەممەد ئەمین زەکی بەگ لە سەردەمی پاشایەتی عێراقدا پەرلەمانتار بووە و وەک نوێنەری سلێمانی ھەڵبژێردراوە. لە دوو راپۆرتیدا بۆ پادشای ئەو کاتەی عێراق و کاربەدەستانی ئینگلیز بە روونی باسی لە کێشەی پارێزگا کوردنشینەکانی عێراقی کردووە و لە رێگای رەخنەکانییەوە کاربەدەستانی بە ئاگا ھێناوەتەوە لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی لە ساڵی 1926 بە کورد درابوو.

خاوەنی زیاتر لە 12 بەرھەمە. بۆ وێنه‌: محاسەبەی نیابات، خولاسەیەکی تاریخی کورد و کوردستان، دوو تەقەللای بێ سوود، تاریخ السلیمانیه‌‌ و ولایتها، مشاهیر ا‌کراد، تاریخ الدوله‌‌ و الامارات الکردیه‌

لە ساڵی 1948 لە دیدەنی شاری سلێمانیدا به‌هۆی‌ نه‌خۆشییه‌وه‌ كۆچی‌ دوایی‌ كردووه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌