شەممه - 1ی بەفرانباری 2724

کۆی دەنگەکان

0

محەممەد مەلا کەریم

محەممەدی مه‌لا كه‌ریم ساڵی 1931 لەناحیەی بیارەی سەر بەهەڵەبجە لەدایك بووە.

زانایەكی گەورەی بواری ئەدەبی‌و كەلتووری كوردستانە‌ لە بواره‌كانی‌ نووسین‌و وەرگێڕان‌و لێكۆڵینەوەی ئەدەبی.

لەسەردەستی مەلا عەبدولكەریمی مودەڕیسی باوكی‌و زانا ئایینیەكانی دیكە دەرسە ئایینەیەكانی خوێند‌و مۆڵەتی مەلایەتیی وەرگرت‌و بەڵام كاری مەلایەتی نەكرد‌و خۆی تەرخان كرد بۆ خزمەتی كەلتوری گەلەكەی.

مامۆستا محەممەدی مەلا كەریم كەسێكی چەپ‌و خاوەن بیرێكی پێشكەوتنخواز‌و شارستانی بوو، بەهۆی بیرو بۆچوون‌و هەڵویستە سیاسی‌و نیشتمانییەكانییەوە تووشی راونان‌و زیندان‌و ئازاردان بوو، بەڵام هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەدا‌و لەسەر باوەڕەكەی خۆی سوور بوو، تەنانەت زیندانیشی وەك قوتابخانەیەك‌و وێستگەیەكی تێكۆشان‌و كاركردن سەیر ئەكرد، هەر بۆیەش كونجی زیندانیشی بۆ خزمەتی نوسین وەبەرهێنا‌و كتێبه‌كانی جەنگاوەرێكی ڤێتنامی‌و لاوك‌و حەیرانی لەزیندان وه‌رگێراو نووسی.

مامۆستا محەممەد وەك لێكۆڵیارێك خزمەتێكی فرەی بەئەدەبی كوردی كردووە‌و دیوانی چەند شاعیرێكی گەورەی كوردی ساغ كردۆتەوە‌و بەچاپی گەیاندوون‌و لە فەوتان رزگاری كردوون، لەوانە مەولەوی، نالی، مەحوی، حاجی قادری كۆیی، سالم، بێسارانی، گۆران‌و بێخودی چەندان كاری ناوازەی دیكە.

زمانەكانی عەرەبی‌و فارسی بەباشی زانیوە‌و ئەوەش هاوكارێكی باشی بووە بۆ ئەوەی وەك وەرگێڕیكی بەسەلیقە خزمەت بكات‌و لەو بوارەشدا شوێن پەنجەی دیارە.

محەممەدی مەلا كەریم ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری یەكێتی نوسەرانی كورد‌و سكرتێری نوسینی گۆڤارەكەی بوو، وەك نوسەرو رۆژنامەنوسێكی بەتوانا لەو گۆڤارە‌و رۆژنامە‌و گۆڤارەكانی تر خزمەتی كرد‌و چەندین وتارو لێكۆڵنەوەی زانستی بەپێزی پێشكەش كرد.

ماوەیەكی زۆریش ئەندامێكی چالاكی كۆڕی زانیاری كورد بوو، لەرێی ئەو كۆڕە‌و گۆڤارەیەكەوە خزمەتی زۆری بەئەدەب‌و كەلتوری كوردی كرد. دواتریش ئەندامی ئەکادیمیای کوردی بووەو لەرێی ئەو دەزگایەوە خزمەتی کردووە. ئەم زانا ناودارەی كورد نزیكەی نیوسەدە لەتەمەنی خۆی بەخزمەتی ئەدەب‌و روناكبیریی كوردستان بەخشی‌و خاوەنی زیاتر لە 20 كتێبی ناوازە‌و دەیان وتارو لێكۆڵینەوەی بەنرخە.

پاش ململانێیەكی درێژ لەگەڵ نەخۆشی ساڵی 2017 كۆچی‌ دوایی‌ كرد‌و لە گردی سەیوان بەخاک سپێردرا.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌