چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

محەممەد قازی

محەممەد قازی ساڵی 1292ی کۆچی ھەتاوی (1913ی زایینی) لە شاری مەھابادی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە دایک بوو. لە ناودارترین وەرگێڕەکانی ئێران بوو.

 بۆ خوێندن ڕووی کردە تاران و زۆربەی ژیانی لەوێ بەسەر برد. ساڵی 1315ی‌ هه‌تاوی‌ لە دارەلفۆنوون کە بەناوبانگ‌ترین خوێندنگەی تاران بوو خوێندنی بەر لە زانستگەی تەواو کرد و سێ ساڵ دواتر، لە 1318دا بڕوانامەی مافی لە زانستگەی تاران وەرگرت.

ساڵی 1320 لە وەزارەتی دارایی دامەزرا. 1323 ژنی ھێنا. ساڵی 1337 لە لایەن زانستگەی تارانەوە خەڵاتی باشترین وەرگێڕی درایە. ساڵی 1337 خێزانی کۆچی دوایی کرد. ساڵی 1349 ژنی ھێنایەوە.

ساڵی 1354 دوچاری شێرپەنجەی قوڕگ بوو و بۆ چارەسەری ڕووی لە وڵاتی ئاڵمان کرد. پاش گەڕانەوەی ئیتر بەبێ میکڕۆفۆنێکی سەر قوڕگ کەس دەنگی نەدەبیست.

ساڵێک دواتر، لە 1355دا بەھۆی ئازاری نەخۆشیەکەیەوە داوای خانەنشین بوونی کرد و خانەنشین کرا.

زۆربەی کارەکانی وەرگێڕان لە زمانی فەڕانسەوە بۆ زمانی فارسییە. یەکێک لە بەناوبانگترین بەرھەمەکانی وەرگێڕانی ڕۆمانی دۆن کیشۆتە کە خەڵاتی باشترین کاری وەرگێڕانی ساڵەکانی 1336 و 1337ی کۆچی ھەتاوی بۆی بە دیاری ھێنا.

جگە لە وەرگێڕان، قازی بۆخۆی چەن بەرھەمیشی نووسیوە کە ئەوانیش ھەر بە زمانی فارسین. بە ھاوکاریی ئەحمەد قازی ڕۆمانی ژانی گەلی برایم ئەحمەدیشی لە کوردییەوە کردە فارسی.

قازی بێجگە لە توانستی لە بواری وەرگێڕان‌دا، خاوەن بیروزەینێکی سەیر بوو و ھەزاران شێعری لەبەر بوو. جگە لەوە بۆخۆشی شێعری دادەنان.

ساڵی 1376ی کۆچی ھەتاوی (1998ی زایینی) لە تەمەنی 84 ساڵەیی‌دا، لە تاران کۆچی دوایی کرد و ھێنرایەوە مەھاباد و لە گۆڕستانی بوداغ سوڵتان لە پاڵ مامۆستا ھێمن و ھەژار و خاڵەمین و ماملێ و ناودارانی تری کوردەوە بە خاکی نیشتمان ئەسپێردرا.

ده‌یان كتێبی‌ وه‌رگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی‌ فارسی‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌