سێشەممه - 4ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

2

نەجمەدین مەلا

نەجمەدین مەلا کوڕی مەلا غەفور ساڵی‌ 1898 لە شاری سلێمانی لە باشووری‌ كوردستان له‌دایك بووه‌.

خوێندنی ئەو سەردەمەی لە حوجرە تەواو کردووە و پاشان قوتابخانەی ئەعدادییەی مەلەکی تەواو کردووە.

ژیانێکی زەحمەت و پڕئەشکەنجەی بردۆتە سەر، ماوەیەک لە ڕانیە بە مووچە خۆری ئەمێنێتەوە و پاشان لەپێناوی پەیداکردنی بژێویدا لە شاری حەڵەب ماوەیەک ماوەتەوە. دواتر گەڕاوەتەوە سلێمانی و خوێندنگای تایبەتی کردۆتەوە بۆ فێرکردنی خوێندەواری. ھەر لەم حوجرەیەشدا کە ناوی نابوو کەشتیی نوح کتێبخانە‌یەکیشی دامەزراندبوو، کتێب و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ئەو سەردەمەی تیا ئەفرۆشت.

لەم حوجرەیەوە نەجمەدین مەلا نزیکەی حەوت ھەزار کەسی لە نەخوێندەواری ڕزگار کرد و ژمارەیەکی تریشی فێری زمانی فارسی کردووە.

مامۆستا نەجمەدین مەلا ھاوکارێکی ھەمیشەیی ڕۆژنامەی ژین بوو، لە رێی ئەو ڕۆژنامەیەوە ژیاننامەی زوربەی شاعیر و پیاوە گەورەکانی لە فەوتان ڕزگار کرد و نزیکەی 90 چیرۆکیشی بڵاوکردەوە کە زوربەیان چیرۆکی فۆلکلۆرین.

جگە لەمانە، بەدەست و خەتی خۆی دیوان و بەرھەمەکانی گەلێ شاعیری پاراستووە لەوانە دیوانەکانی حەمدی و مەولەوی و سالم و نالی و کوردی. نەجمەدین مەلا، گەلێ کەشکۆڵ و دەستنووسی دانسقە‌ی لەپاش بەجێماوە کە ئێستا بوونەتە سەرچاوەی لێکۆڵینەوە زانستییەکان لە بواری ئەدەب و مێژووی کورددا.

ساڵی‌ 1962 لە شاری سلێمانی ھەر لە حوجرەکەی خۆیدا و بە بێکەسی کۆچی دوایی کرد و لەسەر وەسیەتی خۆی و پاش تێپەڕ بوونی چەند ساڵێک تەرمەکەی لە چیای ئەزمەڕ بە خاک سپێردرایەوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌