پێنجشەممه - 30ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

1

پیرەمێرد

تۆفیق مەحموود ھەمزە ناسراو به پیرەمێرد  لە ساڵى 1867 لە گەڕەکی گۆیژەی شارى سلێمانى لە دایکبووە.

 شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووسێکى کوردە.

 لە تەمەنى 7 ساڵیدا چوەتە حوجرەی مەلا حسێن گۆچە بۆ تەواوکردنى خوێندن.

 لە لاویدا زانستی ئایینی لە شارى سلێمانى خوێندووە.

 لە مزگەوتەکانی شاری بانەى ڕۆژهەڵاتی کوردستان و زانستى ئاینى خوێندووە.

 لە ساڵى 1925بەهۆى بارو دۆخ و تێکچوونی شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران دەگەڕێتەوە شارى سلێمانی.

 لە مانگى 9ى ساڵی 1882 کە ئەوکاتە تەمەنی 15 بووە، بووەتە کاتبی نفوسی سلێمانی، بەڵام زۆری پێناچێت دەکرێت بەکاتبی زەبت لە دادگای سلێمانی.

 لە مانگى 6ى ساڵی 1883 بووەتە فەرمانبەری زەوی و زار و موڵکی میری لە ھەڵەبجە و نزیکەی سێ ساڵ لەوێ‌ ماوەتەوە، دواتر بووەتە بە سەرنووسەر باشکاتب لە دادگای چوارتا.

 لە مانگى 10 ى ساڵی 1895 گوازراوەتەوە بۆ شارى کەربەلا بەوەزیفەی مودەعی یاریدەدەریی گشتی، بەڵام بڕیاریدا کە نەچێت بۆ ئەو وەزیفەیە و بەیەکجاریی دەست لە فەرمانبەریی دەوڵەت ھەڵگرتووە و شێخ موستەفای نەقیب کردوویەتى بە نووسەری تایبەتی خۆی بۆ ڕاپەڕاندنی ئیشوکارەکانی.

 لە ساڵى 1898دەچێتە ئوستەمبۆڵ و کۆلێژی یاسا دەخوێنێت.

 لە رۆژى 14/9/1899 بە فەرمانی شاھانە دەبێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی بەرزی ئەستەمبوڵ.

 لە نێوان ساڵانی 1905 تا 1908لە ئەستەمبوڵ بە کاری پارێزەری و گۆڤار و ڕۆژنامەوانییەوە خەریک بووە.

 لە ساڵی 1907 کۆمەڵەی کوردیان بەسەرۆکایەتی شێخ عەبدوڵقادری کوڕی شێخ عەبدوڵڵای شەمزینی درووستکردووە.

 لە مانگى 9ى 1909 بووەتە قائیمقامی جۆڵەمێرگ.

 لە مانگى 4ى 1912 بووەتە قائیمقامی قەرەمورسل.

 لە مانگى 2ى 1915 بووەتە قائیمقامی بالاوا.

 لە مانگى 9ى 1916 بووەتە قائیمقامی بیت الشباب.

 لە مانگى 3ى 1917 بووەتە قائیمقامی گموش کوی. لە ھەمان ساڵدا بە ھەمان پلە چۆتە ئیتەپازاری، ھەگەلی ئوتە کە دورگەیەکی خۆش و ناوداری تورکیایە.

 لە رۆژى 17/4/1918 کراوەتە موتەسەڕیفی ئەماسییە، کە ئەمە دوا وەزیفەی بووە لە تورکیا، تاکوو ساڵی 1923 لەوێ بووە.

 بۆ ماوەی 25 ساڵ لە تورکیادا ماوەتەوە.

 لە تورکیادا ژیانى هاوسەرى پێکهێناوە و دوو منداڵیشی لێى بووە.

 لە ساڵی 1923ژن و منداڵەکانی لە ئەستەمبوڵ بەجێ دەھێڵێت و لە ڕێگەی سوریاوە بە شاری حەلەبدا دێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.

 لە ساڵى 1924گەڕاوەتەوە شارى سلێمانى.

 لە مانگى 12ى 1926 شارەوانی سلێمانی ڕۆژنامەی ژیان دەردەکات کراوەتەوە سەرپەرشتیاری ڕۆژنامەکە.

 لە ساڵی 1932دەکرێت بە بەڕێوبەری ڕۆژنامەی ژیان.

 بۆ یەکەمجار لە ساڵی 1932نازنازناوى پیرەمێرد بۆخۆى هەڵدەبژێرێت، کاتێک شیعری بەیانی بوو لەخەو ھەستام بڵاودەکاتەوە، لەوەبەدواوە بە پیرەمێرد دەناسرێت.

 لە ساڵی 1934 چاپخانەکەی شارەوانی بە کرێ دەگرێت و مافی ڕۆژنامەی ژیان دەگۆڕێتە سەرخۆی.

 لە ساڵی 1937 لەگەڵ کاربەدەستانی شاری سلێمانیدا نێوانى تێکدەچێت و چاپخانەکەی شارەوانی لێدەسەندرێتەوە، بەڵام کۆڵنادات و دەچێت خانووەکەی ئەخاتە ڕەھنی بەڕێوبەرایەتیی ھەتیوانەوە و مافی ڕۆژنامەیەکی نوێ بۆ خۆی وەردەگرێت و بەناوی ڕۆژنامەی ژینەوە دەری دەھێنێت و چاپخانەی ژین دادەمەزرێنێت.

 لە بواری شیعردا دەستێکی باڵای هەبووە و یەکێکە بووە لە شاعیرە دەگمەنانەی کورد.

 لەچەندین رۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەى ئێران و تورکیا وتارى بڵاوکردۆتەوە.

 گرنگى زۆرى بە جەژنى نەورۆز داوە و ھۆنراوەی نەورۆزى لە مانگى ئاداری 1948دا نووسیووە.

 لە بوارى شانۆدا رۆڵى بەرچاوى هەبووە و چەندین دەقى شانۆیى نووسیووە.

 دەستێکی باڵاى هەبووە لە نوسینى پەندی پێشینان، لە ئێستاشدا پەندەکانى پیرەمێرد لەسەر زمانى هەموان دایە و خاوەنی کۆمەڵێک پەندە کە ژمارەیان دەگاتە 4800 پەند.

 لە تورکیا بەناوی جیاجیا بابەتى بڵاوکردۆتەوە لەوانە: سلیمانیەلی توفیق، س. ت، سلیمانیەلی مەحمود نەژاد، سلیمانیەلی م. نەژاد تۆفیق، م. م، سلیمانیەلی وداد، اسماعیل وداد.

 زمانەکانی تورکی، فارسی و عەرەبی بەباشى زانیووە.

 خاوەنی چەند کتێبێکى چاپکراوە، لەوانەش: دیوانی مەولەوی، ساڵی 1935، چیرۆکی مەم و زین 1936، دوانزە سوارەی مەریوان، 1935، کتێبی پەندی پێشینان، 1936، چیرۆکی محمود ئاغای شێوەکەل،1942، گاڵتەوگەپ ساڵی 1947، دیوانی مەولانا خالیدی نەقشبەندی بەزنجیرە لە ڕۆژنامەکەیدا بڵاوی دەکردەوە.

 لەو کتێبانەی وەریگێڕاونەتە سەر زمانی کوردی: گەشتی ھونەرمەندێک لە جیھاندا، ڕۆمانی کەمانجەژەن، 1942، لە تورکییەوە کردویەتی بە کوردی.

 شیعرەکانی وەلی دێوانە و بێسارانی، ئەوی دەستی کەوتبێ، لە ھەورامییەوە کردوویە بە شێوەی سلێمانی.

 شیعری گەلێ لەشاعیرانی ھەورامان و زەنگەنەی بە شێوەزاری سلێمانی بڵاوکردۆتەوەوەک: شەفیع، مەلا وەلەدخان، مەجزوب، فخرالعلما، مەلای جەباری، عەبدوڵلابەگی زەنگەنە و ھتد.

 زنجیرە وتارێک دەربارەی مێژووی میرنشینی بابان و خیڵ و تیرەکانی جاف، و گەلێک ڕووداوی مێژوویی گرنگ.

 لە ساڵی 1950 لە شاری سلێمانی لە تەمەنی 83 ساڵیدا بەھۆی نەخۆشیەکانی شەکرە و گورچیلە کۆچی دوایی کردووە و لەسەر وەسیەتى خۆى لە گردی مامەیارە نێژراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌