کۆی دەنگەکان
9
رێبوار رەمەزان بارزانی
رێبوار رەمەزان عەبدوڵڵا ساڵی 1982 لە ئۆردووگای زۆرەملێی قودس لە قوشتەپە له پارێزگای هەولێر له باشووری كوردستان لە دایکبووە.
باوکی و هەردوو باپیرە و مام و دوو خاڵ و 150 کەسی دیکە لە گوندەکەی لەگەڵ هەشت هەزار پیاوی بارزانی لە ساڵی 1983 ئەنفال کراون.
ئێستا لە گوندی بازێ لە ناحیەی بارزانی قەزای مێرگەسۆر نیشتەجێیە.
بڕوانامەی بەکالۆریۆسی هەیە لە کۆلیژی ئاداب زانکۆی سەلاحەدین بەشی کۆمەڵناسی ساڵی 2006 ـ 2007
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی بارزانە لەساڵی 2007 ـهوه.
سەرپەرشتیاری مۆنۆمێنت و گۆڕستانی بارزانییە ئەنفالکراوەکانە لە ساڵی 2011 ـهوه.
نووسەر و توێژەری کۆمەڵایەتییە.
راوێژکار لە رێکخراوی شیرین بۆ پرسی جینۆساید و لە رێکخراوی داکۆکی لە قوربانیانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.
خێزاندارە و خاوەن 4 منداڵە و لەگەڵ خێزان و دایکی دەژیت و تاقانەیە.
رێبوار رەمەزان چەندین توێژینەوە و سیمیناری بۆ زانکو و پەیمانگایەکانی کوردستان و رێکخراو و سەنتەرەکان و هاوڵاتیان و کەسوکاری قوربانیان ئەنجامداوە بە تایبەت لە یاد و مەراسیمەکانی تایبەت بەپرسە نەتەوەیەکان و جینۆساید و ئەنفال. جگە لە چەندین پێشانگای جۆراو و جۆری تایبەت بەم بوارە.
هەروەها بۆ چەندین رێکخراو کاری کردووە و ئەندام بووە تیایاندا. لە چەندین مۆزخانە و مۆنومێنت سیمیناری پێشکەش کردوون لەمانە مۆزەخانەی هۆلۆکۆست لە ئاوشفیتزی وڵاتی پۆلونیا، گەورەترین مۆزەخانەی جەنگی جیهانی دووەمە کە لە لایەن نازییەکانی ئەلمانیا و هیتلەرەوە ئەم کۆمەڵکوژی و جینۆسایدە ئەنجامدراوە لە هەمان ئه و گیتۆیانەی لە کاتی خۆی بە زۆرەملێ بە ڕاگوێزاو و بەندکراوە جولەکەکانی ئەوروپا دروستکراون لە لایەن نازییەکانەوە. چەندین کتێب و بەڵگە و دیکۆمێنتیشی پێشکەش بەو مۆزەخانەیە کردووه، هەروەها لە لایەن مۆزەخانەی ناوبراویش رێزلێنان و کتێبی پێشکەش کراوه.
خاوەن زیاتر له 70 کتێبی چاپکراوهو دهیان كتێبیشی ئامادهی چاپه كه زۆرتر تایبەتن بە جینۆساید و ئەنفال و ڕاگواستن و کۆمەڵکوژی و تاوانە دژ بەمرۆڤایەتیەکان بەگشتی.
جگەلە لەمانەش دەیان توێژینەوەی مەیدانی و ئەکادیمی و زانستی ئەنجامداون لە شێوەی ڕاپرسی و فورم، دواتر وەک تویژێنەوەی مەیدانی و تیۆری داتا و ئامارەکان سوودیان لێ بینراوە و بڵاوکراونەتەوە، ئەمە جگە لە سەدان بابەت و وتاری ڕۆژنامەوانی.