هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

سافی هیرانی

 مستەفا كوڕی عەبدوڵڵای سانی ناسراو بە سافی هیرانییە. لە ساڵی 1873 لە هیرانی ناوچەی خۆشناوەتی له‌ باشووری‌ كورستان لەدایك بووە.

سەرەتا بۆ فەقێیەتی لەلای مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای باوكی و قازی عه‌لی‌ باوكی پێشەوا قازی خوێندوویەتی. بۆ خوێندنی فەقێیەتی چووە بۆ زۆربەی ناوچەكانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان. سافی خۆی و بنەماڵەكەشی دیندار و خوداپەرست بوون. خاوەنی دیوانێكی گەورەیە و شیعری بە هەر چوار زمانی كوردی و عەڕەبی و توركی و فارسی هەیە.

لە تەمەنی 30 ساڵیدابووە كاتێ‌ باوكی كۆچی دوایی كردووە، هەر لەو كاتەوە بووە بە جێ‌ نشین و بە كاكە مستەفای هیدانی ناوی دەركردووە، بەم شێوەیە خزاوەتە نێو قۆناغێكی نوێ‌ لە ژیانیدا بۆ تەواو كردنی زنجیرەی تەریقەی قادری.

شیعری ڕێك و لەباری هەبووە لەبارەی عیشق و دڵداری ،هەر لە تەمەنی چواردە ساڵیدا دەستی بە شیعر هۆنینەوە كردووە، بەڵام لەگەڵ وەرگرتنی نازناوی كاك و دانیشتنی لە جێگای باوكی، عالەمی ماددی وەلاناوە بۆ عالەمی مەعنەوی و لە پاشان بووە بە مەرجعی مورید و دەروێشان و عاشقانی ڕێگەی خوا پەرستی.

سافی یەكێك بووە لە ڕێزی ئەو شاعیرە ناسراوانەی كە تەسەوف و ئەدەبیان بەیەكەوە كۆكردۆتەوە، لەسەر هەمان ڕێبازی جەزیری وحەریق و مەحوی، عیشق و تەسەوف لای سافی، بە جۆرێك بووە كە هەموو جەستەی پێكاوە.

سافی هیرانی لە ساڵی 1942 كۆچی دوایی كردووەو لە هیران لەو گۆڕەدا نێژرا كە بەدەستی خۆی هەڵی كەندبوو.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌