پێنجشەممه - 30ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

143

شێرکۆ بێکەس

 شێرکۆ فایەق شەفیق سەعید حەسەن ناسراو به شێرکۆ بێکەس  لە ساڵى 1940 لە گەڕەکى گوێژەى شاری سلێمانی لە دایکبووە.

 بەیەکێک لە شاعیرە نوێخوازەکانی هاوچەرخی کورد دادەنێرت.

 لە ساڵى 1948 ئەو کاتەى تەمەنی هەشت ساڵ بووە، بێکەسی باوکی کۆچی دوایی کردووە.

 لە تەمەنی 17 ساڵیدا یەکەمین شیعری لە رۆژنامەی ژین بڵاوکردۆتەوە.

 لە ساڵی 1965 دەبێتە پێشمەرگە و لە رادیۆی دەنگی کوردستانی عێراق لە ئەشکەوتی سەردێمان دەستى بە کارکردن کردووە.

 لە ساڵی 1968 یەکەمین کۆمەڵە شیعری بە ناوی تریفەی هەڵبەست بڵاوکردۆتەوە.

 لە ساڵی 1969 لەگەڵ نەسرین میرزا ژیانی هاوسەری پێکهێناوە.

 لە ساڵى 1971 لەگەڵ 3 هاوڕێی تری ئەدیب و نووسەریدا، حوسێن عارف، جەلال میرزا کەریم و کاکەمەم بۆتانی بەیانی روانگە لە پێناوی نوێکردنەوەی ئەدەب و نووسینی کوردی بڵاو دەکەنەوە.

 لە ساڵی 1974 دووبارە دەبێتەوە بە پێشمەرگە.

 لە دواى تێکچوونى شۆڕش بەرەو شارى رومادى خواروی عێراق دوردەخرێتەوە.

 لە ساڵی 1979 گەڕاوەتەوە بۆ شارى سلێمانی.

 لە ساڵی 1984 بۆ پشتگیری شۆڕش و هێزی پێشمەرگە، هەروەها بۆ ئەوەی خۆی لە وەرگرتنی خەڵاتی قادسیەی سەدام بپارێزێت، جارێکی دیکە بۆتەوە پێشمەرگە.

 لە ساڵی 1986 بە هۆی تێکچوونی بارودۆخى کوردستان، پێشنیازی بۆ دەکەن کوردستان جیبێهێڵێت و روو بکاتە تاراوەگە.

 لە ساڵی 1986 چووە بۆ وڵاتى ئیتالیا و هەمان ساڵ چووە بۆ سوید و لەوێ نیشتەجێ بووە.

 لە ساڵی 1987 لە سوێد خەڵاتی تۆخۆڵسکی وەرگرتووە، خەڵاتەکەی لە لایەن سەرۆکوەزیرانی ئەو دەمی سوێت ئیگڤار کالرسۆنەوە پێشکەشى کراوە.

 لە ساڵی 1992 گەڕاوەتەوە کوردستان و لە یەکەمین کابینەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەبێت بە وەزیری رۆشنبیری.

 لە ساڵی 1998 لەگەڵ کۆمەڵێ هاوڕێی نووسەر و رۆشنبیریدا دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم دروست کردووە بووە بە سەرۆکی ئەو دەزگاکە.

 لە ساڵی 2009 سەرجەمی بەرهەمەکانی لە 8 هەزار لاپەڕەدا چاپکردووە.

 خاوەنى دەیان کۆمەڵە شیعر و نزیکەی دە هەزار لاپەڕە شیعری رەنگا و رەنگە.

 خاوەنی چەندین ئەزموونی جۆراوجۆرە لە نووسین شیعردا. ئەو بە شیعر شانۆنامە، پۆستەر، دەقی کراوە، داستان و گەلێ بەرهەمی تری ئەدەبی نووسیوە.

 شیعرەکانى بۆ زۆر زمانی وەکو ئینگلیزی، فەرەنسی، ئەڵمانی، ئیتاڵی، سوێدی، عەرەبی، تورکی، فارسی و هتد وەرگێڕدراون.

 خاوەنى چەندین خەڵاتى نێوخۆیى و جیهانییە.

 لە ساڵى 2013 لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید بە نەخۆشی کۆچی دوایی کردووە، لەسەر وەسێتى خۆى لە شارى سلێمانى و لە ناو پارکى ئازادى نێژراوە.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌