هەینی - 31ی خاکەلێوەی 2724

کۆی دەنگەکان

0

شێخ محەممەدی خاڵ

شێخ محەممەدی كوڕی شێخ عەلی كوڕی شێخ ئەمینی خاڵە، بەپێنج پشت دەچێتەوە سەر مەلا مستەفای موفتی بابانیەكان.

مامۆستا شێخ محەممەدی خاڵ ساڵی 1904 لە شاری سلێمانی لەبنەماڵەیەكی ناوداری  ئاینی لەدایك بووە، هەمان ساڵ باوكی كۆچی دوای كرد، و باپیری كە ناوی " شێخ ئەمینی خاڵ " بوو، شێخ محەممەد و هەر چوار براكەی بەخێوكردووە.

شێخ محەممەدی خاڵ هەر لەسەرەتای تەمەنیدا زۆر خولیای خوێندن و كتێب و دەستنووس بووە و بەشی زۆری خوێندنی لەلای مامۆستا شێخ عومەری قەرەداغی بووە كە پیاوێكی ئاینی ناودار بووە و بەشێكی تری خوێندنی شێخ محەممەدی خاڵ لەلای مەلاحوسێنی پیسكەندی و شێخ جەلالی قەرەداغ بووە.

ساڵی 1931 شێخ ئەمینی خاڵ ،باپیری شێخ محەممەدی خاڵ كۆچی دوای دەكات، دوای كۆچی دوای شێخ ئەمین، ئەحمەد تۆفیق بەگ كە لەوسەردەمەدا كاربەرێكاری سلێمانی بووە مەراسیمێك لەمزگەوتەكەی شێخ ئەمین ساز دەكات و تێیدا زۆرینەی پیاوماقوڵانی سلێمانی بانگهێشت دەكات و بەفەرمی شێخ محەممەدی خاڵ دەكرێت بەپێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتەكەی باپیری و شوێنی باپیری دەگرێتەوە، لەو كاتەوە تا ساڵی 1938 سەرقاڵی وانەوتنەوە و پرۆژەی دانانی فەرهەنگی خاڵ و رێزمانی كوردی و چەند كتێبێكی ئاینی وەك" فەلسەفەی ئیسلام و ژیانی پێغەمبەر" بووە، لەو ماوەیەدا شێخ محەممەدی خاڵ دوو كتێبی بەچاپ گەیاندووە.

ساڵی 1939 وەزارەتی دادی عێراق  بانگەواز دەكات بۆ دامەزراندنی چەند قازییەك، بەشێوەی تاقیكردنەوە و شێخ محەممەدی خاڵ تاقیكردنەوە دەكات و پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت و لەهەڵه‌بجە وەك قازی بەفەرمانی پادشایەتی دادەمەزرێت، و بۆماوەی 28 ساڵ لە چەمچەماڵ و سلێمانی و كەركوك و موسڵ قازی بووە.

شێخ محەممەدی خاڵ لەسەر ئاستی عێراق یەكێك بوو لەو قازیانەی بەوە ناوبانگی دەركردبوو كە لەژێر هیچ فشارێكدا لە یاسا و شەرع لای نەدەدا، هەر بۆیە  ساڵی 1962 لەسەر ئاستی عێراق بە ئەندامی دادگای جیاكردنەوەی شەرعی لە بەغداد هەڵبژێردرا.

شێخ محەممەدی خاڵ نووسەرێكی خاوەن بیر و لێهاتوو بوو، خاوەنی چەندین بەرهەمی گرنگ و بەكەڵك بوو ساڵی 1953 بووە ئەندامی كۆڕی زانیاری عێراق، و لەساڵی 1972 بۆتە جێگری سەرۆكی كۆڕی زانیاری كورد.

شێخ محەممەدی خاڵ لەگەڵ هەڵكشانی تەمەنی بەڵام لەنووسین و خوێندنەوە دوورنەكەوتەوە و رۆژانە چەندین كاتژمێر سەرقاڵی خوێندنەوە و نووسین بووە و40 كتێبی چاپكراوی لەدوای خۆی بەجێهێشت.

جگە لەوە شێخ محەممەدی خاڵ یەكەم وتاری لە گۆڤاری گەلاوێژدا لە كانوونی دووەمی 1940دا لە ژێر ناونیشانی "خۆشەویستی نیشتمان" بڵاوكردۆتەوە، و لەو باوەڕەدا بوو، كە دەبێت ئایین ئاوێتەی نیشتمانی و نەتەویەتی بێت و خەباتی نیشتمانیش پێویستیەكی ئایینی بێت.

دواجار و لەتەمەنی 85 ساڵیدا له ساڵی 1989 زانا و دادوەر و نووسەر و مامۆستای ئاینی كورد شێخ محەممەدی خاڵ كۆچی دوای كرد.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌