کۆی دەنگەکان
2
شێخ نوری شێخ ساڵح
شێخ نوری شێخ ساڵح له ساڵی 1896 له سلێمانی لهدایك بووه.
شێخ نوری لە بوارهكانی سیاسیو روناكبیریو ئیداریدا خزمەتی كردووە
ئەو تێكۆشەرێكی دڵسۆزی گەلو نیشتمانو پشتیوانێكی بەهێزی شێخ مەحموودی نەمرو حكومەتەكەی كوردستانی جنوبی بوو.
بەشیعرو وتارە سیاسیەكانی گیانی تێكۆشانی كوردایەتی جۆشداوەو هەتا كۆچی دوایی لەبەرەی گەلو نیشتمانەكەیدا بووەو لەسەر هەڵویستە سیاسیو نەتەوەییەكانی چەند جارێك زیندانی كراوەو لەوەزیفە دوور خراوەتەوەو تەنانەت فەسڵیش كراوە.
هەموو ئەوانە كۆڵیان پێنەداوەو لە كۆڕی خەباتوتێكۆشان بەردەوام بووە. كایەی ئەدەبو روناكبیری كایەی سەرەكی كاركردنی شێخ نوری بوون.
لەبواری شیعردا خزمەتێكی گەورەی كردووەو مەشخەڵی شۆڕشێكی نوێی كەلتووری داگیرساندووەو بەپێشەنگو رچەشكێنی شیعری نوێی كوردی دائەنرێتو گۆرانی شاعیر بەسەرۆكو سەرقافڵەی كاروانی شیعری نوێی كوردی وەسفی كردووە. شیعرەكانی خزمەتێكی گەورەیان بەبژاركردنو پاراو كردنو گەشەپێدانی زمانی كوردی كردووە.
بێ لەشیعر، شێخ نوری وتاری سیاسیو سروودی نیشتمانیو چیرۆكە شیعرو ئۆپەریتو شانۆگەری نوسیوەو كاری وەرگێڕانیشی لەزمانەكانی فارسیو عەرەبیو توركییەوە كردووە.
شێخ نوری لەبواری رۆژنامەگەریشدا خزمەتی كردووەو بەیەكێك لەشاسوارو پێشەنگەكانی ئەو بوارە دائەنرێتو لەگەڵ عەلی كەمال باپیر ئاغای شاعیر پێكەوە موحەڕیری بەشی كوردی رۆژنامەی بانگی كوردستان بوون كەرۆژنامەكە بەزمانەكانی توركیو كوردی لەسلێمانی دەرچووەو مستەفا پاشا یاموڵكی سەرنووسەری بووە.
هەروەها خاوەن ئیمتیازو سەرنووسەری رۆژنامەی رۆژی كوردستانی زمانحاڵی حكومەتەكەی شێخ مەحموودی نەمر بووە.
بێ لەو دوو رۆژنامەیە شێخ نوری بەرهەمەكانی لەرۆژنامەو گۆڤارەكانی سەردەمی خۆی وەك ئومێدی ئیستیقلال، ژیانەوە، ژیان، ژین، پێشكەوتن، پەیژە، گەلاوێژ، زاری كرمانجی، زبان بڵاو كردۆتەوە.
شێخ نوری پیاوێكی هونەرپەروەرو خاوەنی دەنگێكی خۆشو بەسۆزو ئەفسوناوی بووە.
شێخ نوری لەبواری ئیداریشدا وەك فەرمانبەرو سەرۆكی شارەوانی سلێمانیو بەڕێوەبەری ناحیە لە ناوچە جیاجیاكانی كوردستان خزمەتی كردووەو كەسێكی پاكو دڵسۆزو خزمەتگوزار بووە.
شێخ نوری له ساڵی 1958 كۆچی دوایی كرد.