چوارشەممه - 5ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

1

تۆفیق وەھبی

تۆفیق وەھبی بەگ کوڕی مەعرووف ‌لە ساڵی 1891دا لە شارۆچکەی چوارتای سەر بە شاری سلێمانی لەدایکبووە.

نووسەر، زمانەوان، مێژوونووس، سیاسەتمەدارو ئەفسەری سەربازی بەناوبانگی‌ کورد بوو.

ھەر منداڵ بووە کە باوکی مردووە، خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە و لە ساڵی 1904دا چۆتە بەغدا و خوێندنی ناوەندیی و ئامادەیی سەرەبازی بەزیرەکی تەواو کردووە. ئینجا ڕووی کردۆتە شاری ئەستەمبوڵی پایتەختی دەوڵەتی عوسمانی بۆ تەواو کردنی خوێندنی باڵاتری، لە کۆلێژی ئەرکان وەرگیراوە و بۆتە ئەفسەری ڕوکن لە سوپای عوسمانی.

کە جەنگی یەکەمی جیھانی لە ساڵی 1914دا دەستی پێکرد، بەشداری لە شەڕی «چەنە قەلعە» لە دەردەنیل دا کردووە و لە دواییدا ڕەوانەی خوارووی عێراق کراوە بۆ بەشداری کردن لەبەرەی جەنگ لە دژی ھێزەکانی بریتانیا لە "شعێبە" و لە کاتی کشانەوەی سوپای عوسمانی بەرامبەر بە ھێزەکانی بریتانیا لە مانگی ئەیلوولی 1917دا بەشداریی کردووە لەبەرەی جەنگی ڕومادی و کاتێکیش کە ئەو شارە کەوتۆتە چنگ ھێزەکانی بریتانیا ئەم بەخۆی و لەشکرەکەیەوە بەرەو شاری ھیت کشاوەتەوە.

لە ساڵی 1918دا گواستراوەتەوە بۆ بەرەی جەنگی فەلستین و پایەی سەرەبازی بەرزکراوەتەوە بۆ پلەی ڕائید و مەدالیای قارەمانی لەسەکردەی ئەڵمان وەرگرتووەو ئەوەی شایانی باسە زۆربەی سەرکردەکانی تیپی سوپای عوسمانی ژەنەڕاڵی ئەڵمان بووە، چونکە لەو جەنگەدا عوسمانی و ئەڵمانیا ھاوپەیمان بوون لە دژی بەریتانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و ئەمەریکا شەڕەیان دەکرد.

کاتێک کە ئەو جەنگە جیھانییە بەشکانی دەوڵەتی عوسمانی ھاوپەیمانەکانی لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی 1918دا کۆتایی ھات، تۆفیق وەھبی بەگ گەڕایەوە کوردستان و ئینجا چووە بەغداو بووە یەکێک لە ئەفسەرە دیارەکانی کورد لەدامەزراندنی سوپای عێراق لە ڕۆژی 6ی کانوونی دووەمی 1921دا.

کاتێک کە شێخ مەحموودی حەفید لە ساڵی 1922دا لە ھیندستان گەڕێنرایەوە سلێمانی و بووەوە پاشای کوردستان، تۆفیق وەھبی بەگ لەمانگی تشرینی یەکەمی ئەو ساڵەی 1922دا چووە پاڵ بزووتنەوەکەی ئەم سەرکردەیەی کورد و کە ئەم بزووتنەوە و فەرمانڕاوەکەی شێخی حەفیدیش بەدەستی ئینگلیزەکان لەناوبران، تۆفیق وەھبی بەگ بۆ ماوەی 42 ڕۆژ گیرا و کە ئازادکرا لە دوا دوای ساڵی 1923دا کرا بە کارگێڕی بزوتنەوەکان لە شالیارێتی بەرگری عێراق و لەمانگی ئابی 1925یشدا کرا بە بەڕێوبەری قوتابخانەی سەربازی لە بەغدا و پلەی سەربازی بووە موقەددەم و لەساڵی 1929 دا ناردرا بۆ ئینگلتەرە بۆ بەشداریی کردن لە خولێکی بەرزکردنەوەی شارەزایی سەربازی و لەساڵی 1930دا پلەی عەقیدی پێدار و کرا بە موتەسەریفی پارێزگاری سلێمانی، بەڵام بەر لە قەومانی شەڕەکەی 6ی ئەیلوولی 1930ی بە دەرکی سەرای سلێمانی لە کارەکەی دوورخرایەوە کەچی لەساڵی 1931 لەدوا شەڕی شێخ مەحموود لە ئاوباریک لەدژی دەسەڵاتدارانی فەرمانڕەوایی عێراق ماوەیەک گیرا و تاوانی ھاندانی خەڵکیان بۆ داواکردنی فەرمانڕەوایەکی کوردی خستەپاڵ و ماوەیەک بێ کارو فرمان مایەوە تاکو لەساڵی 1946 ئەم کەسایەتییە بەناو کورد کرا بە شالیاری ئابووری عێراق لە شالیارییەکەی حەمدی پاچەچی داو دوای ئەوەش تاکو ساڵی 1958 گەلێک جار بەناوی کورد کراوە بە شالیاری بەرگری و مەعاریف.

لەسەرەتای ساڵی 1958دا کراوە بە ئەندام لە ئەنجوومەنی پیاوماقووڵانی عێراق "مجلس الاعیان" و لەدوای شۆڕشی 14ی تەممووزی ساڵی 1958 دا عێراقی جێھێشتووەو چووەتە شاری لەندەن و دوا ساڵەکانی ژیانی لێ بەسەر بردووەو ھەر خەریکی نووسینی مێژووی کورد و نووسینی بابەتی زمانەوانی کوردی بووەم تاکو ساڵی 1984دا لەو شارە لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دوایی کردووەو تەرمەکەی ھێنراوەتەوە بۆ سلێمانی و لەسەر ڕاسپاردەی خۆی لەچیای پیرەمەگروون لە تەنیشت گۆڕی پیاوچاکی کورد پیرەمەگروون بەخاک سپێردراوە.

‌دوای دامەزراندنی کۆڕی زانیاری کورد لە ساڵی 1971، تۆفیق وەھبی بە ئەندامی شانازی فخری ھەڵبژێردرا و گەلێک لێکۆڵێنەوەی دەگمەنی لە گۆڤاری کۆڕدا نووسی.

چه‌ندین وتار‌و كتێبی‌ به‌ زمانه‌كانی‌ كوردی‌، عه‌ره‌بی‌‌و ئینگلیزی‌ بڵاو بۆته‌وه‌.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌