پێنجشەممه - 6ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

0

وەفایی

میرزا عەبدوڕڕە‌حیم سابڵاغی ناسراو به وەفایی شاعیری به ناوبانگی کورد، ساڵی 1264ی ھەتاوی 1844 زایینی‌ له شاری مەهاباد لەدایکبووە.

وەفایی خوێندنی سەرەتایی و بەرنامەی حوجرەی مزگەوتی لە زانستییەکانی ئایینی ئیسلام و زمانی عەرەبی لە مەھاباد تەواو کردووە و ھەر لەوێش مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لەناو خەڵکی بە مەلا نەناسراوە و تەنیا میرزایان پێ وتوە. ھیچ بەڵگەیێک بەدەستەوە نیە مەلایەتی کردبێ، بەڵام قوتابخانەی تایبەتی خۆی ھەبوە و وانەی بە منداڵان وتوە و پێی ژیاوە.

وەفایی سەردەمی منداڵی و مێردمنداڵی لەمەڵبەندی خۆی مەھاباد بردۆتە سەر. لەم ماوەیەدا خەریکی وەرگرتنی زانستی و زانیاری بووە. لەدوای ئەوە لەجێگەیێک ئۆقرەی نەگرتووە لە ھەکاری وڵاتی شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری و شاری سلێمانی ژیاوە. چوونە حەجیشی لەو سەردەمانەدا کاتی زۆری ژیانی شاعیری بۆ خۆی بردووە.

وەفایی فیزی زل بووە، زەکات و سەرفترەی وەرنەگرتووە، موچەی فەقێیاتی نەویستووە.

شێخ عوبەیدوڵڵای نەھری شیعری وەفایی بەدڵ بووە، لەو ڕێگەیەوە ناسیویەتی، خۆشی ویستووە لەبەر ئەوە لێی نزیک بۆتەوە. ماوەیێکی درێژ لای ژیاوە، شیعری بۆ خوێندۆتەوە، سکرتێرییەتی نووسینی بۆ کردووە و کاروباری خوێندەواری بۆ بەڕێوە بردووە.

وەک لە ژیانی شاعیر دەردەکەوێ چوونە حەج لە لای جۆرە ئارەزووێکی لا درووست بووە لە وانەیە بەھۆی ھەڵوێستی بەرامبەر ئایین و حەزکردن بەگەشت ئەم ئار‌ەزووەی لا درووست بووبێ.

لەدوا گەشتیدا بۆ سلێمانی لەساڵی 1900 ز وا دەردەکەوێ ماوەیێک تێیدا ژیاوە و لەساڵی 1902 ز حەجی سێیەمی کردووە. قسەی واش ھەیە لە ساڵی 1898 ز لە گەڵ شێخ سەعید حەفید چووە بۆ ئیستانبول و لەوێوە لەگەڵی ڕووی کردۆتە وڵاتی حیجاز.

ھەرچۆنێبێ وەفایی لەگەڵ‌ کاروانی شێخ سەعیدی حەفید و سەید ئەحمەدی خانەقا و شێخ مستەفای شێخ عەبدولسەمەدی قازی و حاجی تۆفیقی پیرەمێرد چووه بۆ حەج، ئەگەر ھەمووشیان لەو کاروانە دا نەبووبن لەڕێگەی گەڕانەوە ئەو کەسانە پێکەوە گەڕاونەتەوە.

لە سارای عەرەبستان لە سەردەمی گەڕانەوەی ئەو حاجیانە وەفایی تووشی نەخۆشی زەحیری دەبێ، مەرگ ماوەی نادا و ئەنجام لەو وڵاتە دوورەدا کۆچی دوایی دەکا و لە ناو لمی بادیەی عێراق یا بیابانی شام لە لایەن ھەواڵەکانییەوە لە ساڵی 1902ز دوور لە نیشتمان بەخاک دەسپێردرێ.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌