هەینی - 7ی بانەمەڕی 2724

کۆی دەنگەکان

858

ھەولێر

ھەولێر پایتەختی ھەرێمی باشووری‌ کوردستانە. نازناوه‌كه‌ی‌ ھۆلاکۆ بەزێنه‌.

 شاری ھەولێر بە یەکێک لە کۆنترین شارەکانی جیھان دەژمێردرێت کە مێژووی بنیاتنانی دەگەڕێتەوە بۆ 9000 پێش زایین. لە نووسراوەکانی پاشای سۆمەری، سۆلکی ناونراوە بە ئوربیلم، لە نووسراوەکانی بابلی و ئاشووری بە ئەربائیلۆ ناودەبرا، کە بە واتای چوار خودا دەھات، لە سەردەمی بابلی شوێنی پەرستنی عەشتار بووە.

لە دوای ڕاپەڕینەوە لە ساڵی 1991، ھەولێر بە ھۆی بوون بە پایتەختی ھەرێمی کوردستانی عێڕاق، فراوانبوونێکی خێرای بەخۆوە بینی و بووە یەکێک لە ئارامترین و پاکترین شارەکانی كوردستان، لەم دواییانە بە پایتەختی گەشتیاریی وڵاتانی عەرەبی ھەڵبژێردرا، گەشتیاران لە ھەموو وڵاتانی دەوروبەرەوە ڕووی تێدەکەن.

شاری ھەولێر دەکەوێتە ناوەڕاستی کوردستانی باشوور. شوێنێکی گرنگ بووە لە کۆنەوە تا ئێستا. زۆربەی ناوچەکانی زەوی بە پیتە بۆ کشتوکاڵ و ئاودێری دەست دەدات. کەشوھەوایەکی چواروەرزەی ھەیە. ھاوینی گەرم و زستانی سارد.

زۆربەی دانیشتوانی ھەولێر کوردن، کەمینەیەکی جیاواز ھەن کە بە ھەولێری (یاخود ئەربیلی) دەناسرێن و لە ڕۆژگاری دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا لە ناو قەڵای ھەولێر دا ژیاون و زۆربەیان مەئمووری دەوڵەت بوون، ئەمانە لە بەر زۆر ھۆکار زیاتر بەیەکێ لە شێوەزارێکی تورکی ئازەربایجانی قسە دەکەن. بەپێی ئامارەکانی 2014 بێت 1٫75 میلیۆن کەس لە ھەولێر دەژین.

مێژووی شاری ھەولێر کۆنە و تائێستا دیار نییە بۆ کەی دەگەڕێتەوە بەپێی گێڕانەوەکان بێت مێژووەکەی بۆ سنووری (6000) ساڵ بەر لە زایینەوە نشینگەیەکی ئاوەدان دەگەڕێتەوە و تا ئەمڕۆش ھەر بەردەوامە.

.ھەولێر ڕۆژی (1/11/1919) بووەتە پارێزگا

ھەولێر پایتەختی ھەرێمی کوردستانە و ناوەندی سیاسیی ھەرێمەکەیە کۆمەڵێک ڕێکخراو و دەزگای ناحکومی و نێودەوڵەتیی لێیە و ھەروەھا بارەگای ڕێکخراو و کونسوڵخانەی وڵاتانی لێیە. لەڕووی جووگرافیشەوە دەکەوێتە ناوەڕاستی باشووری کوردستان و شارەکانی دھۆک، کەرکووک و سلێمانی بە یەک دەبەستێتەوە. کۆمەڵێک شوێنەواری گرنگی تێدایە، گرینگترینیان قەڵای ھەولێرە کە شوێنێکی گەشتیاری و مێژوویییە. لە ھەولێر کۆمەڵێک نەتەوە و ئاینی تێدایە وەکو کورد، ئاشووری، تورکمان، موسڵمان و کرستیان.. ھەموو سەندیگاکانی تایبەت بە مامۆستایان، ئەندازیاران، جوتیاران، ھونەرمەندان… تاد، تێدایە؛ و زانکۆی گەورەی تێدایە، زانکۆی سەلاحەددین و زانکۆی ھەولێری پزیشکی، ھەروەھا چەند پەیمانگەیەکی لێیە بە ھەموو بەشەکانییەوە. چەندین باڵاخانەی ڕۆشنبیری و ھونەری لێیە وەکو ھۆڵەکان و سینەما و کۆشکی ھونەر و کتێبخانە و ھەروەھا ژمارەیەکی زۆری ڕۆژنامە و گۆڤار بە ھەر چوار زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و تورکمانی دەردەچێت. کۆمەڵێک یەکەی تەندروستی و نەخۆشخانەی گەورەی لێیە، ھەروەھا چەندین کۆگای دەرمان و پێداویستی تەندروستی لێیە. بوونی فڕۆکەخانەی نێونەتەوەییی ھەولێر بۆ گواستنەوەی ئاسمانی. بوونی پڕۆژەی بازرگانی زیاتر بەراورد بەشارەکانی دیکەی ھەرێم.

لێدوان و په‌یامی‌ هه‌واداران
هیچ لێدوان و په‌یامێك بۆ نیشاندان نیه‌
بۆ زیادکردنی لێدوان پێویست به‌ چوونە ژوورەوەیه‌