کۆی دەنگەکان
0
کۆبانی
کۆبانی یان کۆبانێ باژێرێکی کوردنشینە لە رۆژئاوای کوردستان لە دیوی چەپی ئاوی فورات. ھاوسێی شارو دەشتی فراوانی سرووجی ئورفایە.
لە رووی ئیداریەوە ناحیەکە سەر بە پارێزگای حەلەبە و سەد وپەنجا کیلۆمەتر لێی دوورە. گوزەرانی زۆرینەی خەلکی کۆبانێ لە سەر چاندن و کشتکاریە. دانیشتووانی کۆبانێ و گوندەکانی سەرجەمیان کوردن. کەمینەیەکی عەرەبیش ھەن. پێشتر چەند ماڵە ئەرمەنی لێ بوو کە دواتر بەرەو حەلەب و ئەرمەنستان کۆچان. پێکھاتەی کوردان پێکھاتەیەکی عەشایەری وەرزێریە بریتیە لە دوو ھۆزی گەورە: "بەرازی" و "کێتکان" کە بۆ چەندان ھۆزو تیرەی بچووکتر دابەش دەبن.
ناوی کۆبانی بە بۆچوونی خەلکەکەی لە ووشەی کۆمپانی یەوە ھاتووە چونکە لە ساڵانی 1910 تا 1920 ئۆفیسی کۆمپانیایەکی ئەڵمانیی لێبوو کە پڕۆژەی ھێڵی ئاسنینی شەمەندەفەر بەرلین ـ بەغدای جێبەجێ دەکرد دەووبەری ئۆفیسەکە بە کرێکاری کۆمپانیاکە و خێزانەکانیان ئاوەدان بوویەوە کە زۆرینەیان کوردی ھەرێمەکە بوون، دواتر ناوەکە بە شێوەی کۆبانی مایەوە.
رووبەری کۆبانێ 3000٬23 کیلۆمەتر دووجایە و دانیشتووانەکەی بە گوێرەی سەرژمێری ساڵی 2000 نزیکەی 204 ھەزار کەس بوون. لە رووی خاکەوە خاکی کۆبانی بەشێکە سەر بە دەشتی سرووجی رەھا ئورفا 30 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای ئاوی فوراتە و 100 کیلۆمەتر لە ئورفاوە و 150 کیلۆمەتر لە ناوەندی پارێزگای حەلەبەوە دوورە.
زۆرینەی خاکەکەی دەشتاییەکی راستە. زوورگی کەمە بەرزاییەکانی بریتین لە: چیای مشتەنوور 600مەتر و چیای قەرەبەکر و خان مەحموود و چیای رەش. خاکەکەی کشتوکاڵیەو بە پیتە بەرووبوومی زۆری ھەیه. کۆبانێ لە چوار ناحیە پێکھاتووە: ناوەند دانیشتووان: 81٬424 کەس، شێخلەر شیوخ تەحتانی 43٬861 کەس، سەڕین 69٬931 کەس و جەلەبێ. گرنگترین گوندەکانی بریتین لە: ھەلینج، تەلعەجیب، تەلخەزال، بۆزیک، خانمەمەد، سخور، قلحەدید، قنێ، قوملیخ، گرک، شەران و شێرانێ.
ئابووری دەڤەرەکە زیاتر کشتوکالیەو گوندەکانی کە نزیکەی 320 گوندن ھەر کای چاندن و جوتیاریی دەکەن. گرنگترین بەرھەمەکانیان بریتین لە: پەمۆقوتن، گەنم، نیسک، نۆک، باینجان، جۆ، گارس ھەرزن، کونجی، کەمون زەردەچەو و شووتی و گندۆر. ھەروەھا ل زۆر شوێن فستق و میوەی قەیسی و ترێ و ھەنجیر و ھەنار بەرھەم دەھێنرێت.